ئۆجالان: مرۆڤ دەتوانێت ئەزموونی کۆماری مهاباد پێشبخات

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، کۆماری کوردستان وەک یەکەمین ئەزموونی گەلی کورد پێناسە دەکات و دەڵێت: خاوەن کارەئەکتەرێکی دیموکراتی و وڵاتپارێزیی بوو.

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، کۆماری کوردستان وەک یەکەمین ئەزموونی گەلی کورد پێناسە دەکات و دەڵێت: خاوەن کارەئەکتەرێکی دیموکراتی و وڵاتپارێزیی بوو، ڕێگای بە هیچ لایەنێک نەدەدا خۆی لەسەر گەل فەرز بکات، ئەمە یەکەمین جار بوو لە ناو کوردان هەڵوێستێکی وەها دروستبێت، پێویستە ئەم کۆمارە بە هیچ شێوەیەک بچووک نەبینرێت، چونکە مێژوو و شەرەفی ئێمەیە.

لە جەنگی جیهانی دووەمدا، سۆڤیەت و بەریتانیا ئێرانیان داگیرکرد و دەسەڵاتداریی حکومەتی ناوەندی ئێران لە سەر هەرێمەکانی ڕۆژئاوای ئێران کەم بوویەوە، هەر لەو کاتەدا حکومەتی سۆڤیەتی پشتگیریی خۆیی بۆ گەلانی بندەستی ئێران نیشاندا، ئەمەش بوو بە دەرفەتێک بۆ نەتەوە جیاوازەکانی وەک کورد و ئازەر بۆ ئەوەی مافی خۆیان بە دەستبێنن، لەو چوارچێوەشدا لە ٢٢ی چلەی ١٩٤٦، لە شاری مهاباد کۆماری کوردستان و لە شاری تەبرێز-یش کۆماری ئازەربایجان دامەزرا.

لە ٢٦ ئازاری ١٩٤٦دا هێزەکانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکا، فشاریان خستە سەر حکومەتی ئێران کە دەبێت سۆڤیەت لە باکوری ئێران دەربچێت، لە ئەنجامی ئەو فشارانەش سۆڤیەت و ئێران لە یەکدی جیابوونەوە و لە باکور هاتنە دەرەوە، سۆڤیەت کە لە سەر بیری سۆسیالیزم دامەزرابوو و هاوکاریی گەلانی بندەستی دەکرد تا بگەنە ئازادیی خۆیان و خۆیان بەڕیوە ببەن، دەستی هاوکارییان بۆ گەلانی باشوری سۆڤیەت درێژکرد، بەڵام ئەمە بۆ گەلانی کورد و ئازەریی ژێر پێ خرا.

دواتر هێزەکانی سۆڤیەت لە حوزێرانی ١٩٤٦ پاشەکشێیان کرد و هێزەکانی ئێران دەستیان بە هێرشکردن بۆ سەر کۆماری ئازەربایجان کرد، ئەمەش بوو بە هۆیەک بۆ دابڕانی، کۆماری مهاباد لە یەکێتی سۆڤیەت، کۆمار ئیدی نەیتوانی لە ڕووی ئابووری و سەربازیی هاوکاریی وەربگرێت، هەوڵیدا یەکێتی کوردان دروستبکات و عەشیرەتەکانی دیکە بۆلای خۆیی ڕابکێشێت، بەڵام نەیتوانی پشتگیریی ئەو عەشیرەتە کوردییانە بۆ خۆیی مسۆگر بکات و سنووری دەسەڵاتی لە موکریان و دەوروبەری فراوانتر بکات.

کاتێک کە یەکێتی سۆڤیەت کۆماری کوردستانی بە تەنیا جێهێشت، سوپای ئێران هێرشی کردە سەر کۆمار و لە ١٧ کانوونی ١٩٤٦دا خۆی گەیاندە ناوەندی مهاباد کە پایتەختی کۆماری مهاباد بوو، هەندێک سەرۆک عەشیرەت هەڵهاتن بەڵام قازی محەمەد و هەڤاڵانی تا دوایین سات تێکۆشانیان کرد، بە پێی هەندێک لە سەرچاوەکان قازی محەمەد بۆ ئەوەی ڕێگر بێت لە بەردەم کۆمەڵکوژیی خەڵکەکەی، خۆی ڕادەستی حکومەتی ئیران کرد و دوای ئەوە لە ٣١ ئازاری ١٩٤٧دا قازی محەمەد و هەڤاڵانی لە مەیدانی چوارچرا لە مهاباد لە سێدارە دران.

عەبدوڵا ئۆجالان لە زۆرێک لە نووسینەکان و هەڵسەنگاندنەکانیدا، شیکردنەوەی جیاوازی بۆ کۆماری کوردستان کردووە، وەها پێناسەی دەکات کە دەبێت لە ئێستادا کار بۆ سەرخستنی ئەزموونی کۆماری مهاباد بکەین.

ئۆجالان، لە یەکێک لە پارێزنامەکانی بە ناوی"کورد لەناو هاڕینی کلتوریدا"، بەشێوەیەکی ورد باسی لە تێکۆشانی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و بەتێکۆشانێکی گرنگ ناوی دەبات، هەروەها باسی لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی تێکۆشانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و ڕێگاچارەی سەرکەوتنیشی دیاریکردووە و دەڵێت: ئەزموونی کۆماری مهاباد بە پێشەنگایەتی قازی محەمەد و گەلی وڵاتپارێز، نەیتوانیبوو خۆیی لە پێشهاتی ڕووداوی دیکە ڕزگار بکات، فاشیزمی تورکی سپی و فاشیزمی ڕەزا پەهلەوی  لە ساڵی ١٩٣٧، پەیمانێکیان بە ناوی پەیمانی سەعدئاباد واژۆ کرد کە هاوشێوەی پەیمانی قەسری شیرین بوو، کە ئامانجی سەرەکی لە ناوبردنی گەلی کورد و دابەش کردنی کوردان بوو.

ئۆجالان بەر لە پیلانگێری نێودەوڵەتی لە شام، لە یەکێک لە هەڵسەنگاندنەکانی بەمجۆرە باسی لە کۆماری کوردستان کردووە: پێش هەموو شتێک کۆماری کوردستان خەون و خەیاڵی گەلی کورد بوو، ڕاستە مەرجی ناوخۆ و دەرەوە، دەرفەتی ئەوەی نەدا کە زیاتر لە ١١ مانگ بەردەوامی هەبێت، بەڵام هەموو ئەو شتانەی کە کۆماری لە سەر بنیات نرابوو بۆ ئێمە بنەمایە و ئێستا ئەو ئەزموونە بە ئەساس دەگرین، مۆدێلێکە کە دەتوانین زۆر ئەنجامی لە پێکبێنین.

"ئەزموونی مەهاباد ڕۆحێکی وڵاتپارێزی پێکهێنا"

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەڵێت: کۆماری مهاباد خاوەن تایبەتمەندییەکی نەتەوەیی بوو و ئێمە ناتوانین کۆماری مهاباد لە بیر بکەین و ئەوە هیچ ڕاست نییە کە بڵێن ئەو کۆمارە لە کاتیک کەمدا هات و تەواو بوو، ئەزموونی مهاباد ڕۆحێکی وڵاتپارێزی پێکهێنا و لە هەموو پارچەکانی کوردستان کوردان تێیدا بەشداربوون، پێکەوە بوون و دڵیان گەرم بوو، نەیاندەوت باشور و باکور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ڕۆحێک بوو کە هەموو مرۆڤەکانی بە یەک گەیاندبوو.

"خاوەن کارەئەکتەرێکی دیموکراتی بوو"

عەبدوڵا ئۆجالان کۆماری کوردستان وەک مۆدێلێکی دیموکراتی ناو دەبات و لە بەردەوامی شیکردنەوەکانی دا بەم شیوەیە باسی دەکات: هەتا دوایی سیستمێکی دیموکراتی بوو و ڕێگای بە هیچ لایەنێک نەدەدا خۆی لە سەر گەل فەرز بکات و ئەمە یەکەمین جار بوو لە ناو کوردان هەڵوێستێکی وەها دروست بێت، هەر بۆیە دەتوانرێت ئەو ئەزموونەی مهاباد سەر بخرێت، پێویستە ئەم کۆمارە بە هیچ شێوەیەک بچووک نەبینرێت، چونکە مێژوو و شەرەفی ئێمەیە و دەتوانین لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێتی و دیموکراتی و وڵاتپارێزی خۆمان بەهێز بکەین.

"ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ هیوایی خۆیان بە پژاک ژیاندەوە"

ئۆجالان هەر لەو پارێزنامەیەیدا ئاماژەی بە ڕۆلێ پژاک، دەکات و وەک وەڵامێک لە دژی ئەو هێرشانە و پیلانگێڕیانەی سەر گەلی کورد ناو دەبات و دەڵێت: کوردانی ئێران بە گەورەییەوە پێشوازییان لە پێڤاژۆی ئیمرالی کرد و زۆر شەهیدیان لەوپێناوەدا، لە سەرەتادا پشتگیرییان نیشاندا و بە دروستکردنی پژاک هەڵوێستی خۆیان بە ڕێکخستن کرد، بێهیوایی خۆیان لە هێزی پژاکدا ژیاندەوە و ئەمەش لە ڕووی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی پشتیوانی خۆیی بەدەستهێنا، هەروەها لە سەر هێلی شەهیدان و شۆڕشگێران خۆیی وەک سەرچاوەیەکی هیوای گەش و هەبوونێکی گەورە بەردەوامی هەیە.

" دەبێت پژاک بۆ دیموکراتیزەکردنی ئێران ڕۆڵێکی پێشەنگ ببینێت"

پژاک لە نێوان سیستمی ئێران و مۆدێرنیتەدا، نموونەیەک پێشەکەش دەکات، یەکپارچەیەیی ئێران لە چوارچێوەی مۆدێرنێتەی دیموکراتی دەپارێزێت ودەبێتە جێگرەوە و ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت، وەک چۆن مێژووی ئێران وە ئاگرێک لەسەر چیای زاگرۆز داگیرساوە و دەگەشێتەوە، پژاک-یش بۆ ئێران و ناوچەکە هەمیشە وەک ئەو ئاگرە دەگەشێتەوە، هەروەها پژاک وەک ئەندامێکی بەهێزی کۆنگرەی نەتەوەیی دەمێنێتەوە.

سەرچاوە: ڕۆژنیوز

ف.ق