ئۆجالان چیى لەبارەى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى و وێستگەکانی و ئەنجامدەرانییەوە وت؟ - بەشی یەکەم

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ١٥ ساڵ پێش ئێستا ئامار و زانیارییەکانى سەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتى، وێستگەکانی، ئەنجامدەران و رۆڵگێڕەکانی و ئامانجی پیلانگێڕییەکە خستبووەڕوو.

پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی کە لە کەسایەتیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە دژی بزووتنەوەى ئازادیى کورد و گەلی کوردستان ئەنجامدرا لە ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ / ١٧ی رەزبەر دا دەستیپێکرد. ئۆجالان ناچار کرا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بڕواتە دەرەوە. دواى ئەوەى ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ / ٢٦ی رێبەندان لە باڵیۆزخانەى یونان لە شاری نایرۆبیى پایتەختی کینیا رفێنرا و رادەستى تورکیا کرا، قۆناغی یەکەمی پیلانگێڕییەکە تەواو بوو. ئۆجالان ساڵی ٢٠٠٣ بەرگرینامەیەکى پێشکەشی دادگای سزا قورسەکانى ئەسینا کرد، کە لەسەر دۆزێک تیایدا دادگایى دەکرا. ئۆجالان بەرگرینامەکەى بە ناوی "بۆ دادوەر و ئەندامانى دەستەى دادوەریى دادگای سوێندخۆری تێکەڵی ئەسینا و بەرگریى ئەسینا" پێشکەش بە دادگاکە کرد و تیایدا باسی هۆکارەکانى پیلانگێڕییەکە و رووداوەکانى ناو پیلانگێڕییەکە و ئامانجەکانى کرد:

لەبەر ئەوەى من نەبوومە هاوکاریان

هێزە هەژمونگەرا و باڵادەستەکانى سیستمی کاپیتالیستی بەریتانیا و ئەمریکا، کە هەوڵ دەدەن سەردەست بن بەسەر هەموو دەوڵەمەندی و سەرچاوەکانى سەر زەوی و ژێر زەوی، نەت و کۆمەڵگە و بەڕێوەبردنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە، هەر دەوڵەتێک، کۆمەڵگەیەک، رێکخستن و کەسایەتییەک هاوکار و یارمەتیدەری ئەو سیاسەتە نەبێت لە ناوی دەبەن و پاکتاوی دەکەن. لە مێژە ئەوە وەک رێباز و شێوازی کاری خۆیان بەکار دەهێنن. ئێمە هەر لە سەرەتادا پێداگریمان لەسەر هێڵی ئازادیپارێز و سەربەخۆبوونی گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکرد، بۆیە ئێمە بووینە ئامانجی ئەو سیاسەتە پاکتاوکاری و پیلانگێڕییە. کاتێک ئێمە لە شام (سوریا) بووین، بەریتانیا و ئەمریکا نوێنەر و پەیامهێنی خۆیان نارد بۆ لامان و وتیان، دەبێت ئێمە بەپێى سیاسەتەکانى ئەوان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بجوڵێینەوە، ئەگەر نا ئێمە پاکتاو دەکەن. من پێشنیازەکەیانم بۆ هاوکاری رەتکردەوە. پێم وتن، ئێمە دەست لە هێڵی سەربەخۆبوون و ئازادیپارێزی گەلان هەڵناگرین. دواتر تاڵەبانی هات و پێی وتم "ئۆجالان تۆ چیت کرد، خۆتت تووشی بەڵا کرد!" و خواستی من سەرلەنوێ بە بڕیارەکەمدا بچمەوە. هەوڵیدا قەناعەتم پێ بکات بۆ ئەوەى هاوکاریی ئەو هێزانە بکەم، بەڵام من پێشنیازەکەم قبوڵ نەکرد و وتم "من مرۆڤێکى خاوەن پێوەر و بەهام، هیڵی من بۆ گەلانە. من شەڕڤانێکى ئازادیم کە نوێنەرایەتیى یوتۆپیای یەکسانی وئازادیى هەزاران ساڵەى گەلان دەکەم. نابم بە شەڕڤانی کەس". لەبەر ئەوە بڕیاریاندا من پاکتاو بکەن. حسابی ئەوەیان دەکرد، کە ئاخۆ بە پاکتاوکردنى من پەکەکە بێ سەر و بێ پێشەنگ دەمێنێتەوە، یان نا.

سێ هێز بڕیاریان دا و گلادیۆ جێبەجێى کرد

بڕیار بۆ پاکتاوکردنى من پێش ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن ئەمریکا – بەریتانیا – ئیسرائیلەوە درابوو. لەبەر ئەوەى بڕیارەکەیان دژ بە یاساکان بوو، بۆیە لە رێگەى گلادیۆی ناتۆوە هەنگاو بە هەنگاو دەستیان بە جێبەجێکردنى بڕیارەکەیان کرد. هاوکات ئۆپراسیۆنى گلادیۆ بۆ ئەوەش بوو، کە تورکیا زیاتر بەخۆیانەوە ببەستنەوە. ٩ی نیسانی ١٩٩٦ لە نێوان کۆستاس سیمیتیس سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی یونان و بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا لە کۆشکی سپی چاوپێکەوتنێکى نهێنى بەڕێوەچوو (دواتر راپۆرتی ئەو چاوپێکەوتنە لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە). لەو چاوپێکەوتنەدا مامەڵە و سەودا لەسەر من کرا. زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و سوریادا مابوومەوە. من زۆر پەیوەندیم دروستکردبوو و کارم کردبوو. پێشکەوتن و هەنگاوی مێژوویى روویاندابوو، بەڵام ئەمریکا – ناتۆ – ئیسرائیل و تورکیا لە رووی سیاسی، سەربازی و دیپلۆماتیکەوە سوریایان گەمارۆدا. ئەو گەمارۆیە لە ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨دا گەیشتە قورسترین ئاستی خۆی.

سوریا سەری دانەواند

سوریا سەری لە بەرامبەر ئەو گوشارانەدا دانەواند و لە بابەتى پەکەکەدا لەگەڵ ئەو هێزانەدا رێککەوت. بەرپرسانی سوریا داوایان لە من کرد بە خێرایى سوریا بەجێبهێڵم و وتیان "رامەوەستە، بڕۆ!".

ئەگەر بڕۆیشتمایە بۆ چیا، کێشەکە دەبووە کێشەیەکى شەخسی

بۆ من زۆر هێژا و گرانبەهایە، کە بۆ ئازادی و ژیانى مرۆڤەکان، ئەگەر بە ئەندازی نوکە درزییەک دەرفەت بۆ ئاشتی هەبێت، ئەو دەرفەتە تاقی بکرێتەوە. لەبەر ئەوەش و سەرباری ئەوەى چوونە سەر چیا خەون و خەیاڵی ٤٠ ساڵەى من بوو، بەڵام من ئەوەم نەکرد. ئێستاش لەو بڕوایەدام کە کارە دروستەکەم ئەنجامدا، کە لە ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨دا رووم لە زاگرۆس نەکرد. ئەگەر بڕۆیشتمایە بۆ چیا ئەو بۆمبانەى لە دژی ئەفغانستان بەکار دەهێنرێن ئەوە سەرەتا لە دژی ئێمە بەکاریان دەهێنا. شەڕەکە دەبووە شەڕی شەخسی.

بەڵێنەکەى کۆستاس بادوڤاس

لەگەڵ ئەو هۆکارە گشتییانەدا، بەڵێنەکانی کۆستاس بادوڤاس وەزیرى پیشووی راگەیاندنی یونان و پەرلەمانتاری پاسۆک – PASOK (حیزبێکى سۆسیال دیموکراتی یونانە بە ناوی بزووتنەوەى پان هلەنیک و لە یونان پێى دەوترێت پوزک) کاریگەریى لەسەر بڕیارەکانى من بۆ چوونە دەرەوە بۆ ئەسینا و ئەوروپا کرد. رۆژی ٦ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ لە شام بادوڤاس لە چاوپێکەوتنی لەگەڵمدا (ئایفەر کایا شایەتحاڵە) رایگەیاند، ١٠٩ پەرلەمانتاری پەرلەمانى یونان تۆیان بانگهیشت کردووە بۆ یونان و وتى، حکومەتى یونانیش پشتیوانى لە چوونەکەى تۆ دەکات بۆ ئەسینا. وتیشی، دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەى خۆی تاوەکو دەستبکات بە ئامادەکاری بۆ چوونەکەى من. بەڵێنى دا کە لە فڕۆکەخانەى ئەسینا بێت بە دەممەوە و پێشوازیم لێ بکات.

گەشت لە شامەوە بۆ ئەسینا

لەسەر ئەو بنەمایە، رۆژی ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ لە فڕۆکەخانەى شامەوە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیى سوریا رووم لە ئەسینا کرد. کاتێک فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هێللینکۆنی ئەسینا نیشتەوە، بادوڤاس کە بەڵێنى دابوو ئامادەکاری بکات و بێت بۆ فڕۆکەخانە و پێشوازیم لێ بکات دیارنەبوو. کەسی لێ نەبوو.

لە بریى بادوڤاس ئەندامانى دەزگاى هەواڵگری هاتن

ئێمە چاوەڕێى بادوڤاس بووین، بەڵام ئەوەى هات بۆ لامان ساڤاس کالینیدیس و بەرپرسێکى باڵاى دەزگاى هەواڵگری بوو بە ناوی ستڤارا کاکیس. کاتێک لە فڕۆکەخانەکە بووین ئایفەر کایا لەگەڵ من بوو، زۆر جار لە رێگەى تەلەفونەوە هەوڵیدا پەیوەندی بکات بە بادوڤاسەوە. لە ئەنجامدا بادوڤاس وتى "من ناتوانم هیچ بکەم و کارێکیش نییە کە ئەنجامی بدەم، لەگەڵ سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەدام" و نەهات.

بادوڤاس شاگردی بەریتانییەکان بوو

دواتر ئاشکرا بوو، بۆ ئەوەى من لە سوریا بێمە دەرەوە و بکەومە تەڵەی یونان، بەریتانیا لە رێگەى بادوڤاسەوە دەستبەکار بوو بوو. بانگهێشتەکەى بادوڤاس، کە شاگردی بەریتانییەکانە، وەک یەکەمین هەنگاوی پیلانگێڕییەکەى ئەمریکا – بەریتانیا – سیمیتس خۆی دەرخست. لەو کاتە بە دواوە من بۆ هەر کوێ چووم، لەلایەن ناتۆ و ئەمریکاوە بەشێوەیەکى بێ ئەمان و زۆر چڕپڕ چاودێری و کۆنترۆڵ دەکرام.

هەر ئەو رۆژە لە ئەسیناوە رووی کردە مۆسکۆ

بە هەڕەشە، ترس و نیگەرانییەکەى گەورەوە نزیکایەتییەکى وایان لەگەڵ کردم، کە دەبوایە تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارەى ئەو رۆژە بڕۆیشتمایە، یان ئەوەتا هەڕەشەی ترم لێدەکەن. نە چاوەڕێى ئەو دۆخەم دەکرد و نە بۆیشی ئامادە بووم. دواى ئەوەی بانگهێشتنامە لەلایەن ماهیر وڵات (نومار ئۆچار) نوێنەری ئێمە لە رووسیا ئامادە کرا و لە رێگەى فاکسەوە نێردرا، ستڤارا کاکیس وتی، لە باڵیۆزخانەى رووسیا دۆست و ناسراوی هەیە و کاروباری ڤیزە ئەنجام دەدات. وەزارەتى دەرەوەى یونان زۆر بەخێرایى فڕۆکەیەکى تایبەتى ئامادە کرد و هەر ئەو رۆژە (٩ی ئۆکتۆبەر) منی برد بۆ مۆسکۆ. بۆ ئەوەى ساڤاس کالینیدیس لەگەڵ من بێت "توڕەییەکەى من – شێتەکەى منیان" خستە ناو فڕۆکەکە.

داواى پەنابەریى سیاسی لە مۆسکۆ

کاتێک ئێمە لە مۆسکۆ دابەزین، ماهیر وڵات نوێنەری ئێمە لە رووسیا و ئەندامانى ئاسایشی رووسیا هاتن بۆ پێشوازیمان. ژیرینۆڤسکی-شیان لەگەڵدا بوو. دواى ئەوەى ئێمە شەوێک لە ماڵی ژیرینۆڤسکى میوان بووین، ئێمەیان برد بۆ ماڵێک لە ناوچەیەکى شاخاوی. لەو کاتەدا من داوای پەنابەریى سیاسیم رادەستى بەرپرسانى رووس کرد، کە بۆ دابینکردنی ئاسایش لەگەڵ ئێمە بوون. لە رۆژی دووەمدا لە رووسیا (١١ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨) وێستگەکانى گەشتەکەى من و دەرچوونم لە سوریا لە رێگەى دەزگایەکی هەواڵگرییەوە گەیشتە ئەنقەرە. مەسعود یڵماز جێگری سەرۆک وەزیرانى ئەو کاتى تورکیا رۆژی ١١ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨  کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیی لەوبارەیەوە ئەنجامدا و وتی "لە سایەى ئەو زانیاریانەى کە دەزگای هەواڵگری وڵاتێکی هاوپەیمان پێى داوین، ئێمە دەزانین ئۆجالان لە رووسیایە". سەرباری ئەوەى پرسیار لە یڵماز کرا کە لە رێگەى دەزگاى هەواڵگریى کام وڵاتەوە ئەو زانیارییەتان پێگەیشتووە، بەڵام وەڵامى نەدایەوە. من لە دۆما پەرلەمانى رووسیاش داواى پەنابەریى سیاسیم کردبوو.

دۆما داواکەى منی قبوڵ کرد

لەسەر ئەوەى روویدابوو، دۆما سیاسەتى قێزەون و کردەوەى نایاسایى لە دژی من، کە ئەنجام دەدران ئیدانە کرد. دواتر رۆژی ٤ی تشرینى دووەم (نۆڤەمبەری) ١٩٩٨ لە بەرامبەر دەنگی دژدا بە ٢٩٨ دەنگی بەڵێ داواى منی بۆ پەنابەریى سیاسی قبوڵ کرد. داواکەى من بەوشێوەیە قبوڵ کرا تاوەکو فیدراسیۆنى رووسیا مافی پەنابەریى سیاسی بە من بدات.

ئەمریکا ناڕەزایەتیى نیشاندا و هۆشداریى دا

یەکەم ناڕەزایەتی ل دژی بڕیارەکەى دۆما لەلایەن ئەمریکاوە بوو. جەیمز روبین وتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوە، پەکەکەی بە رێکخستنێکى تیرۆر ناساندووە. ئێمە داوامان لە رووسیا کرد، بۆ خێرا دەرکردنی ئۆجالان، یان رادەستکردنی هەنگاوی پێویست بنێت. دەبێت هیچ دەوڵەت پەنابەری نەدات بەو 'تیرۆریستە' دووبارەی دەکەمەوە نابێت هیچ وڵاتێک ئەو مافەی پێ بدات!".

درێژەی هەیە

ر.م