ئەمڕۆ ٣٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدى ئەنفالدا تێدەپەڕێت

رژێمى بەعسى عێراق بۆ پاکتاوکردنى گەلی کورد لە باشوورى کوردستان شاڵاوەکانى ئەنفالی ئەنجامدا. لەو شاڵاوە پاکتاوکارییەدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاووڵاتى کۆمەڵکوژکران و ٥ هەزار گوندى کوردستان خاپورکرا.

رژێمى بەعسى عێراق بۆ پاکتاوکردنى گەلی کورد لە باشوورى کوردستان شاڵاوەکانى ئەنفالی ئەنجامدا. لەو شاڵاوە پاکتاوکارییەدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاووڵاتى کۆمەڵکوژکران و ٥ هەزار گوندى کوردستان خاپورکرا.

رژێمى بەعسى عێراق بە سەرۆکایەتیى سەدام حوسێن و عەلی حوسێن مەجید (ناسراو بە عەلی کیمیایى) و دارودەستەکەى بۆ پاکتاوکردنى گەلی کورد پرۆسەى ئەنفالیان ئەنجامدا.

پرۆسەى ئەنفال لەلایەن رژێمى بەعسەوە بە ٨ قۆناغ لە پارێزگاکانى کەرکوک و هەموو ناوچەکانى گەرمیان و گەرمەسێر، سنوورى پارێزگاى سلێمانى، پارێزگاى هەولێر و پارێزگاى دهۆک بەڕێوەچوو.

لەو پرۆسە پاکتاوکارییەدا بۆ جینۆسایدکردنى گەلی کورد، ژنان، منداڵان، گەنجان و پیاوان لە شوێن و زێدى خۆیان ڕاگوێزران و لە یەکترى جیاکرانەوە. دواى جیاکردنەوەیان بە ئۆتۆمبێلى تایبەتى سەربازى بران بۆ بیابانەکانى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق و دەستە دەستە زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژکران.  

رژێمى بەعس لەو پاکتاوکارییەدا زیاتر ٥ هەزار گوندى باشووری کوردستانى خاپوورکرد. ئەو رژێمە لە پرۆسەى ئەنفالدا و بۆ جینۆسایدکردنى گەلی کورد زیاتر لە ١٦ هێرشى کیمیایى بۆ سەر خەڵکى مەدەنیى کوردستان و گوندەکان ئەنجامدا.

بە گشتی لە هەر ٨ قۆناغەکەى پرۆسەى ئەنفادا زیاتر لە ١٨٢ هەزار ژن، منداڵ و گەنج و پیاوى کورد لەلایەن رژێمى بەعسەوە زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژکران.

سوپاى عێراق کە پرۆسەکەى بە هاوکاریى جاش و موستەشارانى کورد ئەنجام دەدا و زیاتر لە ٤٠٠ سەرۆک جاش و موستەشار هاوکارییان دەکرد، چەندین جۆر بۆمبى ناپاڵم و فسفۆڕى و کۆپتەرى جەنگى لە دژى هاووڵاتیانى مەدەنى بەکار دەهێنا.

لە دادگاى باڵاى عێراقدا ئەنفال بە جینۆساید ناسراوە، بەڵام زۆربەى هەرە زۆری سەرۆک جاشەکان لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستانی عێراق و بەشێکیشیان لەلایەن یەکێتی و چەند کەسێکیشیان لەلایەن چەند حزبێکى بچووکترەوە داڵدە دراون و ڕێگا نەدراوە ببرێنە بەردەم دادگا و دادپەروەرى جێبەجێ بکرێت.

تاوەکو ئێستا چەندین هەڵمەت و کەمپەین بۆ دادگایکردنی سەرۆک جاشەکان لە باشووری کوردستان و ئەوروپا بەڕێوەچووە.

کەسوکارى ئەنفالکراوەکان زۆر کات کۆبوونەوە و خۆپیشاندانى جۆراجۆریان ئەنجامداوە و داوایانکردووە پشتگوێ نەخرێن و وەک پێویست ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و هاکارییان بکرێت لە ساڕێژبوونەوەى زامی جینۆسایدى ئەنفال.