بادینان گه‌مارۆی چه‌ندین ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌شكێنێت

خۆپیشاندانه‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان كه‌ ماوه‌ی ٣ ڕۆژه‌ له‌ به‌رانبه‌ر سیسته‌می دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌رده‌وامه‌، گه‌مارۆی پارتیی دیموكراتیی كوردستان - په‌ده‌كه‌ی شكاند له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ سه‌ركه‌وت كراوه‌.

خۆپیشاندانی مامۆستایان، فەرمانبەران و ھاووڵاتیانی دەڤەری بادینان هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا بەردەوامە. ئەمڕۆش له‌ دهۆك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆپیشاندان ساز كران. به‌هۆی هێرشی هێزه‌ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌یان كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر و بریندار كران.

سه‌ره‌ڕای ڕێگری و هێرشی هێزه‌چه‌كداره‌كانی په‌ده‌كه‌ بۆ سه‌ر خۆپیشانده‌ران، ئه‌مڕۆ له‌ ناوەندی شاری دھۆک و قەزاکانی ئاکرێ و شارۆچکەی شیلادزێ خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوون. ھێزەچه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكوومه‌تی په‌ده‌كه‌ بەشێوەیەکی توندوتیژ بەرامبەر خۆپیشاندەران وەستانه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامی هێرشكردنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران چه‌ندین مامۆستا و مێدیاكار بریندار بوون. هه‌روه‌ها ده‌یان مامۆستا و فه‌رمانبه‌ریش ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

لە خۆپیشاندانەکاندا، جگە لە داواکردنی نەھێشتنی سیسته‌می پاشەکەوتی مووچە، خۆپیشانده‌ران داوای ئازادی و گۆڕینی سیستەم ده‌كه‌ن. ده‌ڵێن: ده‌مانه‌وێ حوکمى ٢٧ ساڵەی دەسه‌ڵاتی پارتی و یەکێتی كۆتایی پێبهێنرێت.

دهۆك

ئه‌مڕۆ ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگه‌ی دهۆك كۆبوونه‌وه‌ و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی له‌ دژی سیستمی پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچە.

مامۆستایان ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن تا چارەسەركردنی دۆخی دروستکراوی مووچە. مامۆستایانی دھۆک پێكهێنانی «گرووپی دەنگی ناڕازیی مامۆستایان»یان ڕاگه‌یاند و جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان له‌ ته‌ك مامۆستایانی ھەولێر و سلێمانی.

هێرش و ڕه‌شبگیری هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌

بەپێی گرتە ڤیدیۆییه‌كان کە بەشێوەیەکی فرەوان لە توڕە کۆمەڵایەتییه‌کاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ھێزە ئەمنییه‌کانی دھۆک ده‌ستیان به‌ ڕه‌شبگیری كردووه‌ و به‌به‌كارهێنانی توندوتیژی، مامۆستایان ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

ھەرچەندە ھێزە ئەمنییەکانی دھۆک لە ڕێگەی دەستگیرکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانەوە، هه‌وڵی زۆریاندا بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان، بەڵام مامۆستایان و فەرمانبەران سوورن لەسەر داواکارییه‌کانیان. ھەڕەشە و ڕەشبگیری تا ئێستا نەیتوانیوە بەر بە شەپۆلی ناڕەزاییەتییه‌کان بگرێت.

ئاكرێ، ئامێدی و شیلادزێ

لە قەزای ئاکرێ و ئامێدی و شارۆچكه‌ی شیلادزێ كه‌ ئه‌مڕۆ خۆپیشاندان تیایاندا به‌رێوه‌چوون، ھێزە ئەمنییەکان جگە لەدەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر، دەیانی دیكه‌شیان بریندار کرد.

به‌پێی زانیارییه‌كان، په‌ده‌كه‌ ھێزێکی زۆری چه‌كداری بەناوی «سوپای بارزان» بۆ تۆقاندنی خۆپیشاندەران بردۆتە شیلادزێ.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئاکرێ لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان له‌  قه‌زاكه‌یان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان لە به‌رانبه‌ر سیاسەتەداراییەکانی حکوومەتی ھەرێم دەربڕی. ھێزە ئه‌منییه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و ژمارەیەکی زۆری مامۆستا و فەرمانبه‌ر و خوێندکاری خۆپیشاندەری ئەو شارە دەستگیرکران.

هه‌رچه‌نده‌ په‌ده‌كه‌ ڕێگری له‌ مێدیاكان ده‌كات ڕووماڵی خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ڕێگری بكه‌ن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی خۆپیشانده‌ران تۆماری ده‌كه‌ن و تیایاندا هێرش و زه‌ختی هێزه‌ئه‌منییه‌كان ده‌رده‌خه‌ن.

لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان: پارتی ٢٠ ھەزار چەکداری بڵاوە پێکردووە

بەپێی لێدوانی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، پارتیی دیموكراتیی كوردستان - په‌ده‌كه‌ ھێزێکی زۆری ئەمنی بە جلی مەدەنییه‌وە له‌ شاری دهۆك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری بڵاوە پێکردووە و ئه‌و هێزانه‌ دەست ناپارێزن لە لێدان، بریندارکردن و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی خۆپیشاندەران.

سۆران عومەر ، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، نامه‌یه‌كی پێشکەش بە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و تەواوی نوێنەرانی وەڵاتان لە ھەرێم کرد و تیایدا هاتووه‌: لە لایەن ھێزێکی دیاریكراوی ئەمنییه‌وه‌ کە سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە، بە جلوبەرگی مەدەنی و دار و دەمانچە، لە ھەولێر و دھۆک پەلاماری خۆپیشاندەران دەدرێت.

سۆران عومەر ئاشكرای كرد، لە ماوەی دوو ڕۆژدا ٢٠ ھەزار چه‌كدار بە جلوبەرگی مەدەنییەوە ھێنراونەتە ئەو ناوچانە بۆ رێگریکردن لە خۆپیشاندان.

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان داوا لە نووسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و کونسوڵی وەڵاتان دەکات، فشار بخەنە سەر حکوومەتی ھەرێم بۆ کۆتاییھێنان بە دەستدرێژیی سەر خۆپیشاندەران.

s.m