نوێنەری کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)ی ئەوروپا مەریەم فەتحی لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاندی بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئێران کرد و ئاماژەی بەوەدا شەڕەکە بۆ زیاتر قوڵکردنەوەی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە وشەڕێکە لە دژی ئازادی ژنان و گەلە بە ئامانجی فراوانکردنی هەژموونی زلهێزە بەرژوەند خوازەکان.
مەریەم فەتحی ئاماژەی بەوەدا ساڵانێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا شەڕ هەیە و گوتی: "ئەم شەڕە لە وڵاتانی وەک عێراق، لوبنان، فەلەستین و سووریا لە لایەن هێزە وەکلیلەکانەوە درێژەی پێدرا. ئێرانیش بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی هەرێمی، ماوەیەکی زۆرە ئەم شەڕە بەم ڕێبازە درێژە پێ دەدات. لایەکی دیکەوە ئیسرائیل بۆ سەرلەونوێ دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە پێشەنگایەتی هەندێک هێزی نێونەتەوەیی و هەرێمی، دەیەوێت هێزی هەژموونخوازی خۆی زیاد بکات. ئێستا ئەم شەڕە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا بووە بە شەڕێکی ڕاستەوخۆ. ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکان و وزەکانی ئێرانی بە ئامانج گرت؛ ئێرانیش وەڵامی دایەوە. لەم شەڕەشدا دیسان مەدەنییەکان بوون بە ئامانج."
ئامانجی شەڕەکە بۆ هەژموون و دەسەڵاتدارییە نەک بەرژەوەندی گەل
لە بەردەوامی قسەکانییدا مەریەم فەتحی ئاماژەی بەوەدا ئامانجی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕی دەسەڵاتدارییە و گوتی: "بۆ بەرژەوندی گەلان نییە، بۆ ئەوەیە سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرلەنوێ دروست بکات. هەروەها ڕادەستبوونی ئێران دەسەپێندرێت. ئەو گەلانەی لە ئێران دەژین، لە دژی ئەم ڕژێمە بەرخۆدان دەکەن، بەڵام ئەم شەڕە هیچ سودێکی بە گەلان نەبخشی. شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە ئێران، کاریگەری لەسەر تەواوی ئێران دانا. لە دژی تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی، گەلی ئێران ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام ڕژێم هەوڵی دا ئەم ناڕەزایەتییە بە ئەشکەنجەندان، زیندانیکردن و سێدارە سەرکەوت بکات."
خواستی گەلی کورد ئازادی و ئاشتییە
مەریەم فەتحی پەیوەست بە هەڵوێستە و ڕوانگەی گەلی کورد دەربارەی شەڕەکە ئاماژەی بەوەدا کوردان بەش و لایەنگری شەڕن نین، خواستی گەلی کورد ئازادی و ئاشتییە و گوتی: "ئێمە نە لایەنگری ئیسرائیل نین، نە لایەنگری ڕژێمیشین، لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەش نین کە گوزارشت لە سیستەمی سەرمایەداریی نێونەتەوەی دەکەن. ئێمە گەلین، لایەنگری ژن و گەنجانین کە لە ژێر فشار و نکۆڵیدا تێکۆشان دەکەن، بۆ ئازادی شەڕ دەکەن."
پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک ڕزگاری گەلی کوردە
لە کۆتایی قسەکانییدا مەریەم فەتحی ئاماژەی بەوەدا دەبێت گەلی کورد بە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک و ئازادیخوازی خۆی بپارێزێت و گوتی: "بۆ ئەمەش دەبێت خۆمان بە ڕێکخستن بکەین، بەڵام ئەم ڕێکخستنە دەبێت ئازادی ژن و تێکۆشانی ژنان بە بنەما بگرێت. چونکە سیستەمی ئێستا لەسەر بنەمای دووژمنایەتی لە بەرانبەر ژنان و ئازادی بونیاتنراوە. لە دژی ئەم سیستەمە دژە ژن و ئازادییە، بێگومان تێکۆشانی ژنان و گەنجان پێویستییەکی ژیانییە. ڕێکخستنەکانی وەک پەژاک و کژار لە ڕاگەیاندراوەکانیاندا گوزارشتیان لە هەمان بۆچوون کرد؛ ئاماژەیان بەوەدا کە گەل دەپارێزن، بەڵام لایەنگری شەڕ نین."