بارەگاکانى دەوڵەتى تورک لە باشووری کوردستان و ئامانجەکانیان

دەوڵەتى تورک لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە رێگەى سیخوڕییەوە خۆی لە باشووری کوردستان جێگیرکرد. لە ساڵی ١٩٩٧یشەوە بە دروستکردنى دەیان بنکە و بارەگاى سەربازیى لە هەرێمەکەدا هەیە. بەهۆی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکەوە سەدان هاووڵاتی شەهیدبوون.

دەوڵەتى تورک رۆژی چوارشەممە بە فڕۆکە جەنگییەکانى هەریمى دێرەلوکی لە باشووری کوردستان بۆردومانکرد و لەو بۆردومانەدا ٤ هاووڵاتى شەهیدبوون. دواى بۆردومانەکە هاووڵاتییانى شێلادزێ دوێنێ چوونە سەر بارەگاى سەربازیى تورک لەو هەرێمەدا. گەل دەیانخواست بنکە سەربازییەکانى تورک لە باشووری کوردستاندا نەمێنن و بۆردومانەکان بۆ خاکی باشوور رابگیرێن، ئۆتۆمبێلەکانى بنکەى سەربازیى سیرێ-یان سوتاند. ئاگریشیان لە چادەرەکانى ئەو بنکە سەربازییەى سوپاى تورک بەردا و هەندێک زرێپۆش و تانکیشیان سوتاند. ٢ سەربازی تورکیش لەلایەن گەلەوە دەستگیرکران. گەلی شێلادزێ سەربازە دیلکراوەکانیان رادەستى پێشمەرگە کرد.

فڕۆکە جەنگیییەکانى بۆ چاوترساندنى خەڵکى راپەڕیو بە نزمى سەر خەڵکەکەدا دەسوڕانەوە و دەورووبەری شێلادزێ، دێرەلوک و زاپ-یان بۆردومانکرد. سەربازانى تورک تەقەیان لە هاووڵاتییان کرد و بەو هۆیەوە ٢  هاووڵاتى شەهیدبوون. دوای ئەوە مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیرى دەرەوەى دەوڵەتى تورک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى سەرۆک وەزیرانى باشووری کوردستان قسەى کرد. بارزانى رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو روودانەوانە کردووە.

دەوڵەتى تورک لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە رێگەى سیخوڕییەوە لە باشووری کوردستان خۆی جێگیرکرد. لە ساڵی ١٩٩٧ەوە دەیان بنکەی سەربازیى لە هەرێمەکەد دروستکرد و بە بەردەوامى هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییان. بەهۆی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکەوە لەم ٢٥ ساڵەدا بەلانیکەمەوە سەدان هاووڵاتى شەهید و بریندار بوون. لە دژی کامپەکانى دەوڵەتى تورک، کە بە پشتیوانى پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) دروستیکردوون، توڕەیى گەل رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت.

دەوڵەتى تورک لە ساڵی ١٩٨٣ەوە لە دژى باشووری کوردستان ئۆپەراسیۆنى "دەرەوەى سنوور" ئەنجام دەدات. دەوڵەتى تورکیا، کە بە ئۆپەراسیۆنەکانى لە دژى پەکەکە سەبوریى نایەت و لێیان تێر نابێت، بە پشتیوانی و هاوکاریى پەدەکە بنکەى سەربازی و کامپى سیخوڕیى لە خاکى باشووردا دروستکردووە. بەو شێوەیە دەیەوێت لەم پارچەیى کوردستاندا سەردەست و زاڵ بێت.

دەوڵەتى تورکیا لە دواى ساڵی ١٩٩١ ئۆپەراسیۆنەکانى لە دژ هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا بە ناوى ئۆپەراسیۆنى "دەرەوەى سنوور" ئەنجام دەدات. لە هێڵی هەولێر – دهۆک – زاخۆدا کامپى هەواڵگری و سیخوڕیى دروستکرد و دواتر ئەو کامپانەى کرد بە بنکەى سەربازی. هەزاران سەرباز و تانک و تۆپ و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلى سەربازیى لەو بنکانەدا جێگیرکردووە.

سەرەتا کامپی سیخوڕییان دروستکرد

دەوڵەتى تورک دهۆک – زاخۆ کە بە هەرێمى بادینان دەناسرێن و لە ژێر دەسەڵاتى پەدەکەدان، دەوڵەتى تورکیا لە هەولێریش کامپى هەواڵگری و سیخوڕیى دروستکردووە. ئەو کامپە سیخوڕییانە کە لە ساڵی ١٩٩٧ و لە دواى ئۆپەراسیۆنێکى "دەرەوەى سنوور" بە ناوی ئۆپەراسیۆنى "باڵیۆز – چەکوش" دروستیکردن، کردنى بە بنکەى سەربازی.

کامپەکانى دەوڵەتى تورک لە هەرێمەکەدا

ئێستا تورکیا بنکەى سەربازیى لە بامەڕنێ، شێلادزێ، باتوفا، کانی ماسی، کربی، سەنکێ، سیرێ، قوبکێ، قومری، کۆخێ سپی، سەرێ زێر، گەلیى زاخۆ و ئامێدی هەیە. لە هەولێر، دهۆک، زاخۆ و ئامێدی لق و بارەگاى دەزگاى هەواڵگری (میت)ى تورکیا هەیە.

 دەوڵەتى تورکیا لە دواى ساڵی ٢٠١٤ەوە لە باشیک (بەعشیقە)، سۆران و قەڵاچوالان کامپى دروستکردووە. بارەگاى پێشوو لە ناوچەى هەریز لە نزیک هەولێر وەک کامپ بەکار دەهێنن.

هەروەها دەوڵەتى تورکیا فڕۆکەخانەى پێشووى هەریر و بارەگای پێشووی هەریر لە نزیک هەولێر وەک کامپ بەکار دەهێنێت.

لە زوماریش بۆ راهێنانى هەندێک گروپ کامپێکى دروستکردووە.

سوپاى تورکیا لە ١٤ى کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ / ٢٣ى سەرماوەز لە ناوچەکانى برادۆست و خواکورک دەستی بە هێرشکردووە و لە ١١ى ئاداری ٢٠١٨ / ٢٠ى رەشەمە هێرشەکانى بەرفراوانکردووە.

سوپاى تورکیاى داگیرکەر ژمارەیەکى زۆر سەربازی لە ناوچەى برادۆست کۆکردووەتەوە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە مانەوەى خۆى لە دەرەوەى سنوور هەمیشەیى بکات. لە دەورووبەرى گوندی بەرمیزە، یەشمە، لێلیکان و کۆلتە بارەگا و کامپ و لە شاخی سیرۆ، لە دۆڵی ماسیرۆ، لە دۆلی عەلی درێژ، لە شاخی کەڤۆرت و لە شاخی لێلیکان پەناگە و سەنگەری سەربازیى دروستکردووە.

سوپاى تورکیا دەیەوێت بە بۆردومانەکانى لە هاووڵاتییانى کورد ناوچە، گوند، رەزوباخ و زێدی خۆیان چۆڵ بکات. لە گوندەکانى بەرمیزە، یەشمە، لێلیکان و کۆلت سیاسەتى سیخوڕیکردن بەسەر گەلدا دەسەپێنێت و هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە ئەنجامێکى دەست بکەوێت.

کاری سیخوڕی

یەکێک لەکارە سەرەکییەکانى دەوڵەتى تورکیا لە باشوورى کوردستان، کاری سیخوڕی و هەواڵگرییە. دەزگاى هەواڵگریى نەتەوەیى تورکیا (میت) و دەزگاى هەواڵگریى پارتى دیموکراتى کوردستان (پاراستن) هاکاریى یەکتر دەکەن. هەندێک لە دامەزراوە میدیاییەکانى پارتى کە تورکیایان لە پشتە، زانیارى لە ناوچە جیاجیاکاندا کۆ دەکەنەوە. ئەوە روونە کە لەو دەزگا و دامەزراوە میدیایانەدا هەندێک کەس راستەخۆ بۆ میت کار دەکەن.

دەوڵەتى تورکیا ناوەندە هەواڵگری و سیخوڕییەکانى لە زۆرى لە شارەکانى ژێر دەسەڵاتى پەدەکەدا لە هەولێر، دهۆک و زاخۆ زیاد کردووە، بەڵام چاپۆشیشی لە ناوچەکانى ژێر دەستى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) نەکردووە. لە سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیانیش هەندێک دەزگا و رێکخراوى دەوڵەتى تورکیاش هەیە،کە بەناوی "کۆمپانیاى تایبەت"ەوە کار دەکەن.

لە هەرێمى کەرکوکیش بەرەى تورکمانی لە عێراق (ITC) کە لەلایەن میتەوە دروستکراوە کەسی وەک ئەرشەد ساڵحی بەکاردەهێنن.

چەکێکى ترى دەوڵەتى تورکیا، کۆمپانیاکانى تورکیایە لە باشوری کوردستاندا کە لەم ساڵانەى دوایدا ژمارەیان زۆر زیادیان کرد و تەنها لە کەرتى بیناسازی و رێگاوباندا زیاتر لە هەزار و ٣٥٠ کۆمپانیاى تروکیا لە باشووری کوردستاندا کار دەکەن. ئەوە روونە کە بەشێک لەو کۆمپانیایانە راستەوخۆ بۆ میت کار دەکەن.

شوێنى ستراتیژیى کامپەکان

کامپەکان کە لە دەروازەى سنووریى خابورەوە دەستپێدەکەن، شانبەشانی هێڵى سنوور تاوەکو سۆران درێژ دەبنەوە. بۆ ئەوەى هەرێمى خنێرە، کەرکوک و کێلەشین لە نێوان سنووری تورکیا – ئیران – عێراق دا گەمارۆ بدەن لە سیدەکان کامپێکى تریان دروستکردووە. لە شارۆچکەکانى دیانا و چۆمان هێزى سەربازیى جێگیرکردووە. دەیەوێت لە رێگەى ئەو هێزەوە گوشار لەسەر قەندیل دروست بکات.

کامپ و هێزەکانى تورکیا رانیە، سەنگەسەر و قەڵادزێ لە سنوورى هەرێمى راپەڕین، کە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى یەکێتین و دەکەونە باشوورى قەندیلەوە چۆڵکران. هۆکاری چۆڵکردنی ئەو کامپانەش بۆ ئەو رووداوە دەگەڕێتەوە، کە هێزەکانى ئەمریکا تورەکەیان کردە سەر سەربازانى و سیخوڕەکانى تورکیا و لە دواى ئەو رووداوەش هەواڵگری و سەربازانى تورکیا لەو هەرێمە چوونە دەرەوە.

کار و ئامانجی بنکەسەربازییەکان  و کامپەکان

کامپەکانى تورکیا لە دەروازەى سنووریى خابوور بەرەو رۆژهەڵات، لە باتوفا، بامەڕنی، ئامێدی، دێرەلوک و شێلادزێ دان. ئامانج لە دروستکردنى ئەو کامپانە بریتین لە:

*   ئامانج لە دروستکردنى کامپى باتوفا، بامەڕنی و ئامێدی بۆ کۆنترۆڵکردنى هەرێمى حەفتانین و مەتینایە و لە ئەگەری ئەنجامدانى هەر هێرشێکدا بۆ سەر ئەو هەرێمانە ئەو کامپانە بەکار دەهێنرێن. بە کامپی سەر سنوور لە کانی ماسی کە بەرامبەر بامەڕنی-یە هەرێمى حەفتانین گەمارۆ دراوە.

*   دەیانەوێت لە رێگەى کامپەکانى ئامێدی، دێرەلوک و شێلادزێ کە لە رۆژهەڵاتى حەفتانین و مەتینا دان، هەرێمەکانى زاپ و زاگرۆس کۆنترۆل بکەن.

*  لە ئۆپەراسیۆنى ساڵی ٢٠٠٨ بۆ سەر زاپ، کە سوپاى تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا تێکشکا، دەیانخواست هەرێمى چەمچۆ لە نێوان زاپ و زاگرۆسدا کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام کۆپتەرێکى سوپاى تورکیا لەوێ خرایە خوارەوە و دەیان سەرباز کوژران، بۆیە سوپاى تورکیا ناچار بوو لەو سنوورەدا بکشێتەوە.

*   دەیانەوێت بە بنکە سەربازییەکانى سەر سنوور، ناوچانەکانی چیاى حەفتانین – مەتینا – زاپ و زاگرۆس لە باکوور و باشوورەوە گەمارۆ بدەن. لە رێگەى کامپى دێرەلوکەوە دەیانەوێت پەیوەندیى نێوان زاپ و شاخەکانى بپچڕێنن.

*   لە سەر سنوورى مەتینا لە دەشتان، کاراتاش، تەپەى سۆر، شاخی محەمەدجیک و ٣ شاخی ترى ئەو سنوورەوە و لە ئاشوتێ، زاویتە، کۆپرولو، ئارۆشە و ئەلەمینە بنکەى سەربازییان دروستکردووە.

 * یەکەى تۆپخانە بۆ هێرشەکانیان لە کامپەکانى زاپ، لیواى ٤٩ى چەلێى سەر سنوور، لە گرێ، شکێر، سیڤری تەپە، سەرێ سێڤێ، بنکەى سەربازیى بلجان، خان تەپە، ئەرتوش، گرێن کالە، کۆردینە و عەلی شێر دا دامەزراندووە.

*  لە باشوورى رۆژهەڵاتى دێرەلوک لە باشووری کوردستان لە ناوچەى بارزان، مێرگەسوور و سۆران کامپ دروستکراون.

*   لە ناوچەى سۆران بەرەو باکوور و لەسەر دەشتى هێلی سیدەکان کامپیان هەیە. بە کامپەکانى ئەو شوێنانە دەیانەوێت خنێرە، خواکورک و کێلەشین گەمارۆ بدەن.

*   لە دیاناى سەر سنوورى ئیران، چۆمان، رانیە، سەنگەسەر و قەڵادزێ کامپیان هەیە. ئامانجى سەرەکیى ئەو کامپانە قەندیلە.

*  لە باکووری هەرێمى خنێرە و خواکورک، لە هەرێمی جیلۆ (جۆلەمێرگ) بنکە سەربازییەکانى ئۆرەمار و شتازنێ و لەسەر سنوورى ئاڤاشین بەرەو بێسۆسن و هەرکی، بنکە سەربازییەکانى شاخی نەرەزە، بێزەلێ و رووبارۆک، لە خواکورکیش لە شاخەکانى خاپشکێ و هارون کۆنسەرڤە دا بنکەى سەربازییان هەیە.

ئابڕووچوونەکانى دەرەوەى سنوور

دەوڵەتى تورکیا لە ساڵی ١٩٨٣ەوە لە دژى پەکەکە ئۆپراسیۆن "لە دەرەوەى سنوور" ئەنجام دەدات، بەڵام هیچیان پێنگەیشتن و هیچ ئەنجامێکى لێیان بەدەست نەهێنا. لێرەدا بۆ بیرخستنەوە باسى یەک بە یەکی ئۆپراسیۆنەکانى "دەرەوەى سنوور" دەکەین.

*  یەکەم ئۆپراسیۆنى "دەرەوەى سنوور"ی دەوڵەتى تورکیا لە دواى واژۆکردنى "رێککەوتننامەى هاوکاری و ئەمنیى سنوور" لە سەردەمى کەنعان ئەڤرەن دا لەگەڵ حکومەتى بەغدا لە ساڵی ١٩٨٣ ئەنجامدرا. ئۆپراسیۆنەکە ٢٥ى ئایاری ١٩٨٣ / ٤ى جۆزەردان ئەنجامدرا و ٧ هەزار سەرباز تیایدا بەشداربوون.

*  دواى ئەوەى پەکەکە لە باکووری کوردستان دەستیکرد بە چالاکیى چەکداری، لە تشرینى یەکەمی ١٩٨٤ / گەڵاڕێزان (خەزەڵوەر) دەوڵەتى تورکیا دووەم ئۆپراسیۆنی "دەرەوەى سنووری" ئەنجامدا.

 * ئۆپراسیۆنى سێیەم رۆژی ١٢ى ئابی ١٩٨٦ / ٢١ى گەلاوێژ ئەنجامدرا و هاوکات لەگەڵ پەکەکە، کامپەکانى پەدەکەش کرانە ئامانج و ژمارەیەکى زۆر پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهید بوون.

*  ئۆپراسیۆنى "دەرەوەى سنوور" لە ساڵی ١٩٩١ بە ناوى "گسکدان – سوپورگە (Supurge)" ئەنجامدرا و تەنها ناوەکەیان بۆ مایەوە.

*  هەر لەو ساڵەدا لە تشرینى یەکەمی ١٩٩١ / گەڵارێزان (خەزەڵوەر) بە پشتیوانى و هاوکاریى پەدەکە و یەنەکە ٢ ئۆپراسیۆنى تر ئەنجامدران. لە دواى ئەو ئۆپراسیۆنانە دەوڵەتى تورکیا لە خاکى باشوورى کوردستاندا دەستیکرد بە دروستکردنى کامپی هەواڵگری و سیخوڕی.

*  دواى ئەوەى سوپاى تورکیا گورزی قورسى لەسەر دەستى گەریلا خوارد، تورگوت ئۆزال سەرۆک کۆمارى ئەو کاتى تورکیا پەیامى "شەڕ کەم بکەنەوە"ی بۆ ئۆجالان نارد. سوپاى تورکیاش بیرى لە شتى دیکە دەکردەوە. لە ٦ ئایاری ١٩٩٢ / ١٦ى بانەمەڕ  ئۆپراسیۆنى هەشتەمى "دەرەوى سنوور" بە ناوى "سزمە (Sizma) – دزەکردن" ئەنجامدرا و بێ ئەنجام کۆتایى پێهات.

*  سوپاى تورکیا لە ١٢ى تشرینى یەکەمی ١٩٩٢ / ٢٠ى رەزبەر بە بەشداریی ١٥ هەزار سەرباز، بە تانک، تۆپ، ئۆبیس، کۆپتەر و فڕۆکەى جەنگیى دەستی بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنێکى تر کرد. تەنها ٢٠ رۆژ توانیى خۆى لە بەرامبەر گەریلادا رابگرێت.

*  ئۆپراسیۆنێکى تری هاوشێوەى ئۆپراسیۆنەکەى پیشوو ئەنجامدرا. ئەو ئۆپراسیۆنە لە ١٠ى حوزەیرانی ١٩٩٣ / ٢٠ى جۆزەردان تاوەکو ٢٨ى کانوونی دووەمی ١٩٩٤ / ٨ى رێبەندان بەردەوام بوو.

*  سوپاى تورکیا رۆژی ٦ی شوباتی ١٩٩٤ / ١٧ى رێبەندان هێرشى کردە سەر هەرێمى مەزرێ و کاریێدەری. ئەو ئۆپراسیۆنە بێ ئەنجام بوو.

*  مانگى نیسان /  بانەمەڕی هەمان ساڵ لە هەمان هەرێم ئۆپراسیۆنێکى تر ئەنجامدرا و ئەو ئۆپراسیۆنەش بە هەمان چارەنووسی ئۆپراسیۆنەکەى تر رۆیشت.

*  سوپاى تورکیا ساڵی ١٩٩٥ و لە دواى ئامادەکارییەکى زۆر گەورە دەستی بە هێرشێکى بەرفراوانکرد. ناوی ئەو ئۆپراسیۆن و هێرشە "چەلیک – ئاسن" بوو. دەوڵەتى تورکیا لەو کاتەدا رایگەیاند، ئەو ئۆپراسیۆنە لە دواى ئۆپراسیۆنى داگیرکردنى قوبرس گەورەترین ئۆپراسیۆنى "دەرەوەى سنوور" بووە. ئۆپراسیۆنەکە بە بەشداریى ١٣ جەنەڕاڵ، ٣٥ هەزار سەرباز لە رۆژی ٢٠ى ئاداری ١٩٩٥ / ٢٩ى رەشەمە لە حەفتانین دەستیپێکرد. پەدەکە پشتیوانیى لەو ئۆپراسیۆنە کرد و ئۆپراسیۆنەکە ماوەی ٤٥ رۆژ بەردەوام بوو.

*  سوپاى تورکیا دواى ساڵێک ٢ جاری تر هێرش و ئۆپراسیۆنى ئەنجامدا. ئامانجى ئۆپراسیۆنى یەکەمی لە ٦ى ئاداری ١٩٩٦ / ١٦ى رەشەمە، هێڵی سەرحەد، حەفتانین و کێلەڕەش بوو. ئۆپراسیۆنەکەى تر ناوی "زلـلەى هەڵۆ – ئاتماجا تۆکات (Atmaca Tokat)" بوو. ئۆپراسیۆنى زلـلەى هەڵۆ هاووڵاتییانى مەدەنیى کردە ئامانج. لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا و رۆژانى کۆتایى ئەو ساڵدا سوپاى تورکیا و پەدەکە لە باشوورى کوردستان دەستیان بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن کردەوە.

*  سوپاى تورکیا لەگەڵ تێپەڕینى کات ژمارەى سەربازەکانى زیاد دەکرد و تەکنەلۆژیاى سەربازیى پێشکەوتوتری بەکاردەهێنا. یەکەم ئۆپراسیۆنى لە ساڵی ١٩٩٧ بە ناوی "چەکوش – باڵیۆز" ئەنجامدا. ئۆپراسیۆنەکە لە ١٤ى ئایاری ١٩٩٧ / ١٤ى بانەمەڕ دەستیپێکرد و ئەمجارە ٥٠ هەزار سەرباز بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەکەدا پێکرابوو. دواى ئەوە ٢ کۆپتەری سوپاى تورکیا خرانە خونارەوە و فەرماندەکانى ئۆپراسیۆنەکە کوژران، ئۆپراسیۆنەکە کۆتایى پیهات.

*  دەوڵەتى تورکیا ئەو ئەنجامەى کە لە ئۆپراسیۆنى چەکوش چاوەڕیى دەکرد بە دەستینەهێنا. بۆیە دیسانەوە مانگى ئەیلولی هەمان ساڵ بە ١٠٠ تانک و ١٠ هەزار سەرباز دەستی بە ئۆپراسیۆنێکى ترى "دەرەوەى سنوور" کردەوە. ئەو ئۆپراسیۆنە کە پەدەکەش تیایدا بەشدار بوو ناوى لێدانى چەکوش بوو. ئەو ئۆپراسیۆنەش بەهەمان چارەنووسى ئۆپراسیۆنى چەکوش رۆیشت. دواى ئەو ئۆپراسیۆنە دەوڵەتى تورکیا ناوەندى هەواڵگری و سیخوڕیى خۆى لە زاخۆ کردەوە و لە زۆر ناوچەى تر تانک و تۆپ و چەکى قورسى جێگیرکرد. بە تایبەتى لە باتوفا، کانی ماسی، بامەڕنی و شێلادزێ و ژمارەیەک زۆریش سەرباز برانە ئەو شوێنانە.

*  سوپاى تورکیا بەهاری ساڵی ١٩٩٨ بە ٤٠ هەزار سەربازەوە ئۆپراسیۆنێکى ترى بە ناوی "موراد" لە ناو خاکى باشووری کوردستاندا ئەنجامدا، بەڵام سەرکەوتنى بەدەستنەهێنا.

*  سوپاى تورکیا لە ساڵی ١٩٩٩ و بۆ ٢٤هەمین جار دەستیکردەوە بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى "دەرەوەى سنوور". ئەو ئۆپراسیۆنە ناوی "ساندویچ – بابۆڵە" بوو، بەڵام ئەنجامى ئەو ئۆپراسیۆنەش هاوشێوەى ئۆپراسیۆنەکانى پێشتر بوو.

*  سوپاى تورکیا لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) لە ٤ى ئایاری ٢٠٠٠ / ١٥ی بانەمەڕ لە حەفتانین دەستیکرد بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن، بەڵام لە دواى ٤ رۆژ ناچار بە کشانەوە کرا.

*  سوپاى تورکیا ٢٥هەمین ئۆپراسیۆنى "دەرەوەى سنوور"ی لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ / بەفرانبار بە پشتیوانیى هێزى ئاسمانى ئەنجامدا، بەڵام بێ ئەنجام بوو.

*  رۆژی ٢١ى شوباتی ٢٠٠٨ / ٢ى رەشەمە ئۆپراسیۆنێکى بە ناوى "خۆر" دەستپێکرد. یاشار بویوک ئانت سەرۆک ئەرکان زۆر تامى ئۆپراسیۆنەکەى نەکرد. لەو ئۆپراسیۆنەدا هێرشکرایە سەر زاپ، بەڵام بە بەرخۆدانێکى گەورە بەرەنگاریى سوپاى تورکیا کرا. دەیان سەربازى تورکیا کوژران و کۆپتەرێکیان خرایە خوارەوە. سوپاى تورکیا ناچار بوو رۆژی ٢٩ى شوبات / ١٠ى رەشەمە خۆى بە زۆر دەرباز بکات و بکشێتەوە.

ر.م