"باڵ بۆ باڵندە چەندە گرینگە پەکەکەش بۆ کورد ئەوەندە گرینگە"

پێشمەرگەیەکی دێرینیی باشووری کوردستان لە دژی داگیرکەریی سەر باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆی نیشاندا و ئاماژەی بەوەشکرد لە دژی داگیرکەری ئامادەیە جارێکیتر چەک هەڵگرێت.

هیدایەت محەمەد ئەمین پێشمەرگەیەکی دێرینی باشووری کوردستانە و ساڵی ١٩٧٧ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە کردووە و پێیوایە داگیرکەریی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بابەتێکی نوێ نییە و لەو سەردەمەشدا ڕێگری لە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان کردووە هیدایەت محەمەد لەوباریەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)ی ڕاگەیاند: "داگیرکەریی تورکیا بابەتێکی نوێ نییە، چونکە لەسەردەمی بەعسدا کاتێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەوڵی ڕێککەوتن بوو لەگەڵ حکومەتی عێڕاقدا، هۆکاری ڕێکنەکەوتنیان لەو سەردەمەش هەر تورکیا بوو، ئەو کات پەکەکەش دروستنەبوو بوو تاکو بڵێین، پەکەکە هۆکار بووە، لەو سەردەمەش تورکیا ڕێگری دەکرد حزبی بەعس مافی کورد بدا و لە دژی وەستایەوە. لە پاش ساڵێک ئەو ڕێکەوتنانە لەسەر دەستی تورکیا تێکچو و ئێمەش گەڕاینەوە بۆ شاخ.

سەبارەت بە دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر کورد وتی:"من پێموایە تورکیا لەهەرکوێ کوردێکی شۆڕشێیڕ ببینێت لە دژی دەوەستێتەوە و هەوڵی لەناوبردنی دەدا، ئامادەم لە دژی داگیرکەری چەک هەڵگرم. هاتنی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ باشووری کوردستان بە هۆی پەکەکەوە نییە، ئەگەر پەکەکەش لە چیاکان نەمێنن تورکیا داگیرکەری خۆی بە بەهانەی جیاواز دووبارە ئەنجام دەدات.

هیدایەت محەمەد پەکەکە بۆ کوردستان بە گشتی بە گرینگ دەزانێت و ڕایگەیاند:"من پێموایە باڵ بۆ باڵندە چەندە گرینگە، پەکەکە و قەندیل بۆ کورد ئەوەندە گرینگن. ڕژێمی تورکیا نایشارێتەوە و خۆی دەڵێت، لەهەرکوێ کوردێک هەبێت من لە دژی دەوەستمەوە. گومانی تیا نییە گەریلا زەحمەترین شۆڕش ئەنجام دەدات. هەر کوردێک هەستی نەتەوایەتیی نەبوو و دڵی بۆ میلەتەکەی گەرم نەبوو ئەوە کوردێکی تەواو نییە و لە کوردبونی خۆی بترسێت. من هەمیشە ئامادەم بۆ میلەتەکەم لە دژی داگیرکەری تا دوا دڵۆپ چەک هەڵگرم.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە یەکێتیی نەتەوەیی کرد و لە ئێستادا وەک پێشمەرگەیەکی دێرین کۆنگرەی نەتەوەیی وەک چارەسەر دەبینێت و وتیشی:" ئێمە پێویستە مێژووییەکی نوێ بنوسینەوە، مێژوویەکی پاک و دور لە خیانەت دەست پێ بکەین، ئەوەی لە بەرژەوەندیی میلەت و خاکەکەمانە ئەنجامی بدەین. هەمیشە یەکێتیی نەتەوەیی گرینگ بووە، چی لە ڕابردو و چی لە ئێستاش، ئەوە ئێمەین کە یەکناگرین. ئەگەر ئێمە یەک دەست بوینایە و یەک ریز بوینایە ئەوکات دوژمن زاتی ئەوەی نەدەکرد هێرشی سەر خاکەکەمان بکات و داگیرمان بکات. ئەوە ئێمەین بۆشایی دەدەین بە داگیرکەران بێن پارچەمان بکەن و بەم شێوەیە یاریمان پێ بکەن".

هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا دوبارە جەختی لەسەر ئەو وتەیە کردەوە و وتی:"دووبارەی دەکەمەوە، باڵ بۆ باڵندە چەندە گرینگە پەکەکە بۆ کورد ئەوەندە گرینگە".

ژ.ت