بایک: ئامانجی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی فاشیزمە - بەشی یەکەم

جەمیل بایک رایگەیاند، ئامانجی بنەڕەتیی سەردەمی داهاتوو؛ هەڵوەشاندنەوەی فاشیزم و بەدیموکراتیکردنی تورکیایە. ئەو دروشمە، کە هەموو هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا بگەیەنێتە یەک 'فاشیزم هەڵدەوەشێنین، تورکیا بەدیموکراتی دەکەین'ە.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دران، هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبۆڵ و هەڵمەتی "کۆتایی بە گۆشەگیری دێنین، فاشیزم تێکدەشکێنین، کوردستان ئازاد دەکەین"، وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە.

بەرخودانی چالاکیی مانگرتن و رۆژووی مردن و هەروەها بەرخودانە کۆمەڵایەتییەکە بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانى مانگرتن،  حکومەتی تورکیای ناچار کرد کە هەنگاوێک بنێت. رێگا درا پارێزەران و کەسوکاری ئۆجالان چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکەن. رێکخراوى جیهانیی دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی – CPT)یش رایگەیاند، سەردانی ئیمراڵیی کردووە، ئێوە چۆن شیکاری بۆ ئەوە دەکەن؟

لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'کۆتایی بە گۆشەگیری دێنین، فاشیزم تێکدەشکێنین' چالاکیی مانگرتنی بێسنوور بە پێشەنگایەتیی هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگ لەیلا گیوڤەن دەستیپێکرد و بە هەموو زیندانەکاندا بڵاوبوویەوە. سەرەتا ناسر یاگز لە باشووری کوردستان و بە داوى ئەودا لە مەخمور چالاکیی مانگرتن دەستیپێکرد. لە ئەوروپاش چەندین هاوڕێمان دەستیان بە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور کرد. گەلی کورد لە دژی گۆشەگیریی ئیمراڵیی سەریهەڵدا  و هەستایە سەر پێ. هێزە دیموکراتییەکان لە تورکیا و دونیاش بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری بانگەوازیان بڵاوکردەوە. بەو شێوەیە پاڵپشتیی بەرخۆدێرانی زیندانەکانیان کرد. هەروەها رۆشنبیران، نووسەران و هونەرمەندان، کە ویژدانی مرۆیی جیهانن بانگەوازیان بۆ کۆتایهاتنی گۆشەگیری بڵاوکردەوە. هێزە دیموکراتییەکانی تورکیا، جەهەپەش یەکێک لەوانە بوو، هەندێک دەوروبەری سیاسیش بۆ کۆتایهاتنی گۆشەگیری راگەیاندنیان بڵاوکردەوە. بەتایبەتی دایکانی لەچک سپی لەدژی هەموو شێوەکانی زۆرداری و گوشار لەبەردەم دەرگای زیندانەکان دەستیان بە چالاکیى ئێشکگری کرد. لە هەموو شوێنێک بەرخودانیان کرد. ئەوەش دەسەڵاتی ئاکەپە زۆر تەنگەتاو کرد.

لەبەرامبەر ئەو دۆخێکەدا، کە هەزاران کەس جەستەی خۆیان رووبەڕووی مردن کردەوە، ئەگەر دەسەڵات بێدەنگیى هەڵبژاردایە بێگومان لاواز دەبوو. دەسەڵاتێک کە دەست لە مردنی هەزاران کەس وەرنەدات و چاوی خۆی لێ دابخات، نە لە دونیا و نە لە تورکیاش هیچ برەو و متمانەیەکى نامێنێت. ئەو دەسەڵاتەی، کە بەها بۆ مرۆڤەکان دانەنێت هیچ پەیوەندییەکی بە مافی مرۆڤەوە نامێنێت. بەتایبەتی کاتێک لەبەردەم مردنی زیندانییەکان دا بێدەنگ بێت ئەوە ئاشکرایە، کە ریسوا دەبێت. هەر خۆی دەسەڵاتی ئاکەپە لە ماوەی ئەم ٤ - ٥ ساڵدا لە تورکیا، کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا زۆر ریسوا بوو بوو. هەموو کەسێک بینیی کە ئەو دەسەڵاتە دیموکراتیک نییە و دیکتاتۆرییەتی تاکە کەسیى تەیب ئەردۆغانی سەردەستە. هەر وتەیەک لە دەمی دەربچێت وەکو یاسا جێبەجێی دەکەن. دادوەرەکان و دادگاکان ب تەیب ئەردۆغانەوە بەستراونەتەوە، بۆیە دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە زۆر لە پاشە. لە بابەتی مافی مرۆڤ و دیموکراسیدا یەکێکە لە دواکەوتوترین وڵاتەکان. هەروەها چالاکیی مانگرتن رێگەی لە بەردەم توڕەییەکی زۆر گەورەی گەلی کورد لە دژی دەسەڵاتی ئاکەپە کردەوە. ئەنجامی راستەوخۆی ئەو ناڕازیبوونە ئەوەبوو، ئاکەپە لەو شارانەدا کە کوردی زۆر لێیە لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١١ی نەورۆز (خاکەلێوە) دەسەڵاتی لەدەست دا.

ئەو شارانە، کە دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوری تورکیا دیاری دەکەن، ئەو شارانەن، کە کوردیان زۆر لێیە و لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەدا ئاکەپە دەسەڵاتی تیاندا دۆڕاند. ئەستەنبول، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئانتالیا، ئەدەنە، مێرسین و هاتای ئەو شارانەن کە سیاسەتی تورکیای تێدا دیاری دەکرێت. ئەوانەی لەو ناوچانە نەبنە هێزی یەکەم، ناتوانن ببنە دەسەڵاتدار. یان ئەگەر لە دەسەڵاتدا بن و لەو شارانەدا سەر نەکەون ئەوا دەسەڵاتەکەیان دەڕووخێت. ئەو حزبانەی لەو ناوچانە هەڵنەبژێردرێن ناتوانن تورکیا بەڕێوە ببەن. ناتوانن ببنە خاوەن ئەو هێزەی کە تورکیا بەڕێوە ببەن، لە هێز و توانای بەڕیوەبردن دەکەون، بۆیە لەو شارانەدا کورد هێزی خۆی بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشان دا.

 کورد وایکرد، کە دەسەڵاتی ئاکەپە گەورەترین تێکشکاندنی خۆی لە ماوەی ١٧ ساڵی رابردووی دەسەڵاتەکەیدا ببینێت. هەموو ئەو راستییانە دەسەڵاتی ئاکەپەی هەژاند. ئاکەپە بۆ یەکەم جار مەترسیی لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی خۆی بینی و لە نزیکەوە هەستی بەوە کرد. بە تایبەتی ئەوەی بینی، کە لەدەستدانی ئەو شارانە کۆتایی بەدەسەڵاتەکی دەهێنێت، چونکە دیالیکتیکی بەڕێوەبردن لە تورکیا یاساکەی ئەوەیە، کە پشتگیریی کۆمەڵایەتی لەو شارانە وەربگرێت. ئەو حکومەتەی لەلایەن ئەو شارانەوە پالپشتی لێ نەکرێت شانسی مانەوەی لە دەسەڵاتدا نییە. دەسەڵاتی ئاکەپە لەو دۆخێکی وەهادا هەژا، بەو بیرکردنەوەی 'ئاخۆ چۆن دەتوانم ئەو هەڵوێستەی کوردان نەرم بکەم' ئەوەی کرد، کە چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجام بدرێت و بۆ کۆتاییهێنانی ئەو چالاکییانە هەنگاوێکی نا، چونکە ئامانجی ئەو چالاکییانە کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ بوو، بۆیە چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ رێبەر ئاپۆ بە واتای کردنەوەی دەرگای ئیمراڵیی بوو. ئەگەریش گۆشەگیری بە تەواویی کۆتایی پێنەهاتبێت، ئەوا ئەو کەشەی کە ئەو بەو بەرخودانە رەخساندبووی نیشانی دا، کە گۆشەگیری رەوایى حقوقی و یاسایى نییە و نایاسایی و ناحقوقییە. ئەوان خۆشیان وتیان، قەدەغە کۆتایی هاتووە. ئەوانە هەموو نیشانی دەدەن، کە زەمینەی بەرداومکردنی گۆشەگیری لاواز بووە و وەکو جاران ناتوانێت بەردەوام بێت. بشیانەوێت ئیتر ناتوانن وەکو پێشتر بەردەوامیی پێبدەن.

کردنەوەی دەرگای ئیمراڵیی بووە هەنگاوێکی گرنگ. بە گشتیش نەبێت، وەڵامی داواکارییەکانی بەرخودان دراوەتەوە. دوای چاوپێکەوتنی ٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١٢ی بانەمەڕ (گوڵان) لەگەڵ رێبەرایەتی چالاکوانان وازیان لە چالاکییەکەیان نەهێنا، بەڵام مانگرتوان لە دوای دیداری رۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١ی جۆزەردان و گەیشتنی پەیامی دەستنووسی رێبەرایەتی، کە دوای ئەوەی کە رێبەرایەتی داوای کرد کۆتایی بەچالاکییەکە بهێنن، کۆتاییان بەو بەرخودانە هێنا.

 بێگومان حکومەتی ئاکەپە بە هەنگاوێکی لەو شێوەیە ویستی هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەش گوشار لەسەر حکومەت کەم بکاتەوە. لەو کاتەدا سی پی تی / CPT-یش چووە ئیمراڵی. لە دەرەوەی ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکە، رەنگە حکومەت بیەوێت بۆ هەڵبژاردنی ئەستەنبول پەیامێک لەو چاوپێکەوتنە دەربخات، یان بە نەرمکردنی گۆشەگیری لەوانەیە بیر لەوە بکاتەوە، کە ناڕازیبوونی کوردان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەو چاوپێکەوتنانە هیچ پەیوەندییان بە هەڵبژاردنی ئەستەنبولەوە نییە، لەلایەنی رێبەر ئاپۆشەوە هیچ پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە نییە. ئەوە ئەنجامێکە، کە بە تێکۆشان بەدەستهاتووە و لە ئەنجامی ئەو تێکۆشاندا دەسەڵاتی ئاکەپە ناچار بووە، کە بەپێی یاساکانی خۆی هەڵسوکەوت بکات. ئەگەر سوور بوایە لەسەر هەڵوێستی خۆی و ئەگەر بە رۆژووی مردن شەهادەت روویبدایە، ئەوا بێگومانە ئەوە دەسەڵاتی ئاکەپەی زۆر تەنگەتاو دەکرد. هەروەها دەبووە هۆی ئەوەش، کە ناڕەزایی لەناوی کۆمەڵگە زیادی بکردایە. لەبەر ئەوانەش دەسەڵاتی ئاکەپە بە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی 'زەرە لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە'، ناچار بوو رێگا بە پارێزەران بدات، کە رێبەر ئاپۆ ببینن. دواتر بەبۆنەی جەژنەوە کەسوکارەکەشی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرد.

ر.م

درێژەى هەیە