بایک: هەدەپە جیاوازە لە بلۆكی دەسەڵاته کلاسیکەکان
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، رێبەر ئاپۆ هه‌ده‌په‌ی وه‌ك ڕێگه‌ی سێیه‌م و جیاواز لە بلۆکی دەسەڵاته کلاسیکەکانی تورکیا داناوه.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، رێبەر ئاپۆ هه‌ده‌په‌ی وه‌ك ڕێگه‌ی سێیه‌م و جیاواز لە بلۆکی دەسەڵاته کلاسیکەکانی تورکیا داناوه.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK)، کێشەکانی سیسته‌می تورکیا، دەستوور، هەڵوێستی رێبەری گەلی کورد ئۆجالان و دۆخی هەدەپەی هەڵسەنگاند.
بایک ئاماژەی بۆ ئه‌وه کرد، کێشە بنەڕەتییەکانی تورکیا لە سیسته‌می سیاسییەوە سەرچاوە دەگرن و گوتی، «بەهۆی ئەوەی سیسته‌مێكی سیاسیی ناوەندگه‌ر، ئۆتۆریتەر و تاكه‌كه‌سییه، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی تورکیایە. ئەو سیسته‌مەی کە هەیە لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا، کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە. کێشەی کورد، کێشەی عەلەوییەکان، کێشەی كۆمه‌ڵگه‌ی ئەتنیکه جیاوازه‌كان لە تورکیا، کێشەی ژنان و ڕەنجدەران لەبەرئەوەیه چارەسەر نابن.»
«لە كڕۆكی سیسته‌می سەرۆکایەتیی ئەمه‌ریکادا ئیرادەیەکی دیموکراتی هەیە»
بایک ڕاشیگه‌یاند، «لە جیهاندا هیچ سیسته‌مێکی سەرۆک کۆماری و سەرۆکایەتیی هاوشێوه‌ی توركیا نییه. گوتی، «لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکاش سیسته‌می سەرۆکایەتی هەیە به‌ڵام سەرەتا لە چوارچێوەی سەربەخۆیی ویلایەتەکاندا خۆی بەڕێوە برد، دواتر لەسەر ئەو بنەمایە بوو به سیسته‌مێكی سەرۆکایەتی. لە ئەمه‌ریکا سەرەتا سیسته‌می سەرۆکایەتی بونیاد نەنراوە. سەرەتا سیسته‌مێک لە ئیرادەی دیموکراتیی ویلایەتەکان دروست بووە، دواتر گۆڕاوە بۆ سیسته‌می سەرۆکایەتی کە ئەو سیسته‌مە ڕێکدەخات. بۆیە له‌ناو سیسته‌می سەرۆکایەتیی ئەمه‌ریکادا بەهای دیموکراتی هەن. خۆی کاتێک لە ئەمه‌ریکا سیسته‌می ویلایەتەکان بونیاد نرا، ئیرادەیەکی دیموکراتی هەبوو.»
«لە فەڕەنسا گەل زۆر تێکۆشاوە بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بكاته ئیراده»
بایک سەرنجی ڕاكێشایه سەر سیسته‌می نیمچەسەرۆکایەتی لە فەڕەنسا و گوتی، «لە فەڕەنسا کە سیسته‌می نیمچەسەرۆکایەتی هەیە، شۆڕشی گەلانی دیموکرات هەڵگیرسا. گەل زۆر تێکۆشا بۆ ئەوەی خۆی بکاتە ئیرادە. سیسته‌م لەوێ نیمچە سەرۆکایەتیش بێت، ئیرادەی دیموکراتیی کۆمەڵگە هەمیشە تا ئاستێک هەیە. سیسته‌مێکی وەها نییە کە هه‌موو ئەرک و به‌رپرسایه‌تییه‌ك له ئه‌ستۆی سەرۆکایەتیی سیسته‌مەکه‌دا بێت.»
«سیسته‌می سەرۆکایەتیی تورکیا لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە»
بایک نموونەی به وه‌ڵاتانی دیکەش هێنایەوە و گوتی، «لە به‌ریتانیا، سوێد، نەرویج، فینلاند، بەلجیکا و هۆڵەندا پاشایەتیش هەبێت، ئەرک و دەسەڵاتەکەیان سنووردار و سمبوولین. ئەوەش بە ئیرادەی دیموکراتیی گەلان هاتووەتە دی. تێکۆشان بۆ کەمکردنەوەی ئەرک و به‌رپرسایه‌تیی پاشا لەو وه‌ڵاتانه بەچڕی بەڕێوەچووە. بۆیە پاشایەتیش هەبێت، بەها دیموکراتییه‌كانیش به‌پته‌وی هه‌ن. لە جیهاندا سیسته‌می سەرۆکایەتیی جیاواز هەن، بەڵام هیچیان وەکو ئەوەی تورکیا نین. بە زۆری لەو وه‌ڵاتانه‌ی کە سیسته‌می سەرۆکایەتییان هه‌یه، سیسته‌می پارێزگەكان و سەربەخۆیی هەرێمی هەیه. سیسته‌می سەرۆکایەتی دەبێتە سیسته‌مێکی ڕێکخەر بۆیان و دەبێتە نوێنەری بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەموویان. بەڵام لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە هەرێمەکانەوە هەیە ئیرادەی دیموکراتی هەرێمەکان دێتە پێشەوە. بۆیە سیسته‌می سەرۆکایەتی لە تورکیا یانیش ئەوەی پێی دەڵێن سەرۆک کۆماری، داننان به ئیرادەی دیموکراتیی هەرێمەکان لە لایەک، ئەو بابەتانەی کە گشتگیر نین و تەنیا گرێدراوی هه‌رێمێكه به هەرێمەکه‌ی ناسپێرێت. هەروەها ئەو شوێنانه‌ی کە پێشتر بە تێکۆشانی دیموکراتیی گەلان ئافرێنراون له‌ناو ده‌بات و بەو شێوەیە سیسته‌مێکی تەواو ئۆتۆریتەری ناوەندگه‌ری دروست کردووە. لە ماوەی چەند ساڵێکدا بینرا کە ئەمه هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکردووە، به‌ڵكوو قووڵتری کردووەتەوە. سیسته‌می سەرۆکایەتیی تورکیا سیسته‌مێكی دیموكراتی نییه، به‌ڵكوو وەکو هێزێکی بەڕێوەبردن دروست بووە کە لە کاتی شەڕدا شەڕ بەڕێوەدەبات. بە شەڕکردن لە دژی کۆمەڵگە، بە شەڕکردن لە دژی دەرەوە سیسته‌مه‌كه بونیاد نراوە. بێگومان ئەمه کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.»
«لەبەرئەوە سیسته‌می سیاسی لە تورکیا کێشەیه‌كی سه‌ره‌كییه. ئەویش لە بنەڕەتەوە کێشەیەکی دەستوورییه. دەستوورێکی دیموکراتی نییە، ئیرادەی کۆمەڵگە لەناو سیسته‌مه‌كه‌دا نییە. بۆیە پرسی دەستوور وەکو کێشەیەک لە بەردەم تورکیایە. خۆی بەهۆی ئەوەیە کە لە تورکیا بەردەوام مشت‌ومڕ لەسەر دەستوور دەکرێت.»
«هه‌موو کێشەکانی تورکیا به‌هۆی ده‌ستووره‌وه‌یه»
جه‌میل بایک له درێژه‌ی قسه‌كانیدا هێمای بۆ ئه‌وه كرد، لەبەر ئەو هۆیه بووه كه هه‌ر دوای هەڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی ئیسته‌نبووڵ هه‌ده‌په ده‌موده‌ست بونیادنانی دەستوورێکی دیموکراتی خستووه‌ته ڕۆژەڤ. گوتی، «ڕێبەر ئاپۆ ئاماژە بۆ ئه‌وه دەکات دەستوور کێشەی بنەڕەتییە، بۆیە پێشنیازی داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراتی دەکات. بێگومان دەستووری دیموکراتی په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه کە دەبێت بەشەکانی کۆمەڵگە هەموویان پێکەوە دایڕێژن. یان شۆڕشێکی دیموکراتی دێته ئاراوه و بە ئیرادەی ئەو دەستووری دیموکراتی ئامادە دەکرێت، یانیش کودەتای سەربازیی فاشیستی دەکرێت و بە ئیرادەی ئەو دەستوور دەنووسرێتەوە. ئەو دەستوورانەی تا ئێستا لە ئەنجامی کودەتا سەربازییەکان نووسراونەتەوە، بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ گەل بکرێت نووسراونەتەوە. هێزە دیموکراتییه‌کان، تێكۆشانی شۆڕشی دیموکراتی لە نووسینەوەی دەستووردا نەیانتوانیوە ئیرادەی خۆیان نیشان بدەن. لە دۆخی ئێستادا کۆمەڵگەی تورکیا بە حەسرەتی دیموکراتی و دیموکراتیبوونه.»
«پڕۆژەی دەستووری دیموکراتی پڕۆژەی هەمووانە»
بایک ڕایگه‌یاند، لەبەر ئەوەیە كه هەدەپە پڕۆژەیەکی وه‌های ئاشکرا کردووە كه پڕۆژه‌ی هەمووانە. گوتیشی، «دەستووری نوێی دیموکراتی دەقێک نییە كه تەنیا لایەنە سیاسییەکان ئامادەی بکەن. دەستووری دیموکراتی بەو شێوەیە ئامادە ناکرێت. دەستووری دیموکراتی ئەو دەستوورەیە کە لەناو کۆمەڵگە وتوێژی له‌سه‌ر بكرێت، ڕێكخراوه‌كانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەموو کۆمەڵگە دیموكراته ڕێكخراوه‌كان تێڕوانین و ئیرادەی خۆیان پێشکەش بکەن و بەو شێوەیە ئامادە بکرێت.»
ناوەڕۆکی دیداره‌كانی ئه‌م دواییه لەگەڵ ئۆجالان و پەیامەکانی
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک ده‌رباره‌ی دیداره‌كانی ئه‌م دواییه لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پەیام و تێڕوانینەکانی ئۆجالان بۆ چارەسەریی کێشەکان گوتی، «لە چاوپێکەوتنی سەرەتادا پەیامێکی حەوت خاڵی پێشکەشی ڕای گشتی کرد و خاڵە بنەڕەتییەکانی دیموکراتیبوونی تورکیا و چارەسەری کێشەی کوردی لەناودا دەستنیشان کرد. لە چاوپێکەوتنی سێیەمیشدا جاڕنامە حەوت خاڵییەکەی کە باسی سیاسەتی دیموکراتی و رێککەوتنی كۆمه‌ڵایه‌تی دەکات بەرفره‌وانتر کرد. چاوپێکەوتنەکانی دیکە هەمووی لە چوارچێوەی بەرفره‌وانکردن و ڕاڤه‌كردنی پەیامە حەوت خاڵییەکە بوو. بە هیچ شێوەیەک باسی هەڵبژاردنی نەکردووە.»
بایک ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە دوای چاوپێکەوتنی پارێزەران لە ٢ی ئایار/١٢ی بانەمەڕ لێکدانەوەی جیاواز کراوه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ و ڕاگه‌یه‌نراوی پارێزەرانی ئۆجالان به ڕێكه‌وت له یه‌ك ڕۆژدا بوون. وه‌ها نیشان دراوه کە هه‌ڵوێست و لێدوانی ئۆجالان پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە، دواتر ده‌ركه‌وت كه وه‌ها نییە.
گوتی، «پەیامە حەوت خاڵییەکە دەبوایە پێش ٣-٤ ڕۆژ ڕادەستی پارێزەران کرابوایە. بەڵام داواکاری گشتی دوای خست، بۆیە پارێزەرەکانیش ناچار بوون ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه لە ٦ی ئایار/١٦ی بانەمەڕ ئاشکرا بکەن. پارێزەران لە لێدوانەکەی خۆیاندا ڕایانگه‌یاند، چاوپێکەوتنەکە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە نییە، به‌ڵكوو پەیوەندی بە چالاکیی مانگرتنەوە هەیە. ڕێبەر ئاپۆ لە چاوپێکەوتنەکاندا باسی سیاسەتی دیموکراتی، دانووستانی دیموکراتی و ڕێككه‌وتنی کۆمەڵایه‌تی کرد. هەروەها باسی چارەسەریی دیموکراتی كرد بۆ باكووری سووریا له چوارچێوه‌ی سنوورەکانی سووریا. بەڵام ده‌رباره‌ی هەڵبژاردن هیچ شتێکی نه‌گوتووه.»
«هەدەپە ڕێگه‌ی سێیەمە»
جه‌میل بایك گوتی، «ڕێبه‌ر ئاپۆ کاتێک هەدەپەی هەڵدەسەنگاند باسی لەوە کرد كه هەدەپە حیزبی دانووستانی دیموکراتییه. ئاماژەی بۆ ئه‌وه کرد، لە تورکیا هاوپەیمانه‌تی ئاکەپە-مەهەپە کە لە سەنتێزی تورکی ئیسلامی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ بلۆكی دەسەڵاتی کلاسیک كه جەهەپەیه، هەن. بەڵام هەدەپە لە دەرەوەی هەموویانه و ڕێگه‌ی سێیەمە کە دەیەوێت تورکیا بەدیموکراتی بکات. ئەوەشی لە چوارچێوەی ئەرکی هەدەپە نیشان دا. لەو بڵاوكراوانه تێگه‌یشتین كه پارێزەران بۆ ڕای گشتی خستیانه‌ڕوو. بەڵام ٣-٤ ڕۆژ پێش هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ پارێزەریان بردنه ئیمڕاڵی و رێبەر ئاپۆ ئەو پەیامەی کە پێشکەشی ڕای گشتی ده‌كرد ڕاده‌ستی پارێزەرانی کرد. لەوێشدا لە چوارچێوەی پەیامە حەوت خاڵییەکە تێڕوانینی خۆی باس کرد. بۆ دۆخی هەدەپە ڕایگه‌یاند کە لە دەرەوەی بلۆکی ده‌سه‌ڵاته کلاسیکەکانه و ڕێگه‌ی سێیەمە. باسی لەوەش کرد، پێگه‌ی هەدەپە و دۆخی ڕێگه‌ی سێیەمی، نابێت بۆ هه‌ڵبژاردن جیاواز بێت. بۆ مامه‌ڵه‌كردن لەگه‌ڵ هەڵبژاردن ده‌ستنیشانی كرد، هەدەپە خۆی ئەو بڕیارە دەدات و ئەو لەوبارەیەوە شتێک ناڵێت.»
جه‌میل بایك ڕایگه‌یاند، «ئەوەى لەو پەیامەدا وەکو بابەتی سەرەکی ئاماژەی پێ کرا ئەوەیە، پێویستە چۆن لە تورکیا سیاسەت بکرێت. ده‌رباره‌ی هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ بۆ ڕۆژەڤی ڕۆژانە هیچ هەڵوێستی نیشان نەدا کە بە چ شێوەیەک دەنگ بدرێت. ویستی ڕوونی بكاته‌وه کە هەدەپە لە ڕووی مێژووییەوە لە بەرانبەر ئەو بلۆکه ده‌سه‌ڵاتخوازانه ڕێگه‌ی سێیەمە، ڕێگه‌ی بێلایەنی و رێگەی خۆیەتی. بەڵام لەبەرئەوەی هاوکات بوو لەگەڵ پڕۆسه‌ی هەڵبژاردن، هەندێک کەس ویستیان بە شێوەیەکی دیکە لێکی بده‌نه‌وه. دەسەڵات ئەوەی بەکارهێنا. میت و هێزه‌كانی شەڕی تایبەت هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی ئه‌مه لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن. لە دۆخێک‌دا کە کەس ناتوانێت بچێتە ئیمڕاڵی، دەسەڵاتی ئاکەپە و دەوڵەت کەسێکیان بەناوی عەلی کەمال ئۆزجان بردە ئیمڕاڵی. بۆچی دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردن کەسێکی وه‌ها دەبه‌نه ئەوێ؟ بۆچی پارێزەر و کەسانی دیکە ئاگایان لێ نییە؟ بەڕاستیش ئەوە بۆ هەمووان جێی گومانە. هەموو کەسێک تێگەیشت کە دەسەڵاتی ئاکەپە ویستویه‌تی ئەو چاوپێکەوتنانە بکاتە ئامرازێك بۆ هەڵبژاردن.»
«ئەرکی سه‌ره‌كیی هەدەپە بەدیموکراتیکردنی تورکیایە»
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک ئاماژەی بۆ ئه‌وه كرد، ئەرکی سه‌ره‌كیی هەدەپە تێکۆشانی به‌دیموكراتیكردنی تورکیایه. گوتی، «بۆ ئاینده‌ی نزیک هەدەپە دەتوانێت قورسایی خۆی بخاتە سەر گۆڕینی عه‌قڵیه‌تی سیاسی کە یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی تورکیا. هه‌روه‌ها ده‌ست به كه‌مپینێك بكه‌ن بۆ ئازادكردنی هەدەپەییە دەستگیرکراوەکان، سیاسەتمەدارە دیموکراته‌كان و هەمووان بەشداری له‌و كه‌مپینه‌دا بكه‌ن.»
«پێویستی به دەستووری دیموکراتی هه‌یه»
ده‌رباره‌ی ئامانجەکانی کاتی ناوەڕاستیش بایک گوتی، «کار بۆ هێنانەدی دەستووری دیموکراتی لە ئێستاوە دەستپێدەکات. ئەوەش بە ڕۆژێک نابێت، پێویستە بە تێپەڕبوونی کات درێژه‌ی پێ بدرێت. ئەو کارە دەبێت کارێک بێت بۆ ئامانجی کاتی ناوەڕاست کە تورکیا بگەینێتە دەستووری دیموکراتی. کارێکی لەو شێوەیە زۆر گرنگە.»
بایک هەروەها ڕایگه‌یاند، «بۆ کاتی ناوەڕاست پێویستە دەست بە کەمپینێک بکرێت لە دژی سیاسەتی شەڕ. دەبێت تێکۆشانێکی وەها بكرێت کە هێزە دیموكراتییه‌كان و دژە شەڕەکان هەموویان بەشداری له‌و کەمپینه‌دا بكه‌ن.»
جه‌میل بایک گوتی، «بەکورتی پێویسته سیاسەتی هه‌ده‌په بۆ كاتی ئێستا و ناوه‌ڕاست لە چوارچێوەی دیموکراتبووندا بن. دەبێت سیاسەتێکی وەها بەڕێوەببرێت کە ئەو سیاسەتانەی کە هەیە و خاوەن کارەکتەرێکی فاشیستین و فشار، ئۆتۆریتەر، شەڕ و شۆفێنیزم له‌خۆ ده‌گرێت، له‌ناو ببات.»
s.m