بووڵدان: ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنین

هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌ ڕایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ٢٤ی حوزه‌یرانی ٢٠١٨ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ زوڵم بێنن. وتیشی، هه‌ده‌په‌ ئامانجیه‌تی‌ له‌ خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنێت.

پاش ئه‌وه‌ی دوێنێ سه‌رۆك كۆماری توركیا بڕیاریدا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ ٢٤ی حوزه‌یرانی ٢٠١٨ ئه‌نجام بدرێت، په‌روین بووڵدان، هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان - هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی هاوڕێی له‌ شاری ئیزمیر ده‌ستیان به‌ كار و خه‌باتی هه‌ڵبژاردن كرد. 

بووڵدان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل كۆبوویه‌وه‌ و ده‌ستنیشانی كرد كه‌ ئاكه‌په‌ وه‌ڵاتی خستۆته‌ نێو قه‌یرانی ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. وتیشی: قه‌یران و گێژاوی ئاكه‌په‌ هیچی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا نه‌به‌خشیوه‌.

په‌روین بووڵدان وتی: ئاكه‌په‌ ناچاره‌ باجی ئه‌و زوڵمه‌ بدات كه‌ ده‌یكات. هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یران ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ گه‌لان، ژن و لاوانی توركیا. هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان هیوای به‌ گه‌لان به‌خشیوه‌ و ده‌توانێت به‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نووسی توركیا بگۆڕێت.

هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش‌ كرد، گه‌لانی توركیا پێویستیان به‌ ئاشتی، دیموكراسی و ئازادی هه‌یه‌. پێویسته‌ جێگه‌ی ڕژێمی تاكه‌كه‌سی له‌م وه‌ڵاته‌ نه‌بێته‌وه‌.

بووڵدان ڕایگه‌یاند: هه‌ده‌په‌ به‌ كاندیدكردنی كه‌سێك كه‌ به‌ڵێنی ئاشتی و ئارامی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا ده‌دات و كێشه‌كانی ژن و لاوان وه‌ك كێشه‌ی خۆی ده‌بینێت، خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئاماده‌ ده‌كات.

«ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنین. جگه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن هیچ شانسێكی دیكه‌ و ئالته‌رناتیڤێكی دیكه‌مان نییه‌. ئێمه‌ به‌م بیروباوه‌ڕه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین. هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ له‌ ئیزمیر داوا له‌ هه‌موو ناڕازییه‌كان، ژن و لاوان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ لای هه‌ده‌په‌ خۆیان بۆ كاندیدی هه‌ڵبژاردن كاندید بكه‌ن. ده‌رگه‌ی ئێمه‌ بۆ هه‌موو كه‌س، خه‌ڵكی مه‌غدوور، ژن و لاوان كراوه‌یه‌. ده‌رگه‌مان بۆ ئه‌رمه‌نی، سوریانی، عه‌له‌وی، عه‌ره‌ب، لاز. چه‌ركه‌ز و توركه‌كان كراوه‌یه‌. پارته‌‌كه‌مان ته‌نیا پارتێكی كوردان نییه‌، به‌ڵكو پارته‌كه‌مان كراوه‌یه‌ بۆ تێكۆشانی هاوبه‌ش. ئه‌ركی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌م وه‌ڵاته‌دا مێژوو بگۆڕین و ئاینده‌ بكه‌ینه‌ هی هه‌موومان.» 

s.m