بەپێچەوانەی یاسا زوبێر برادۆستی پەیامنێری ڕۆژنیوز ٤ مانگە دەستگیرکراوە

ڕۆژی ٢١/٧/٢٠١٩ زوبێر برادۆستی، پەیامنێری ڕۆژنیوز لە دەڤەری برادۆست، لەلایەن هێزێکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-ەوە دەستگیر کرا و ئەمڕۆ چوار مانگە لە زیندانی هەوڵگرییدایە لە شارۆچکەی پیرمام-ی سەر بە پارێزگای هەولێر.

هەتاکو ئێستا نازاندرێت زوبێر برادۆستی بەپێی چ بڕگە و ماددەیەک دەستگیرکراوە، لەکاتێکدا زوبێر ڕۆژنامەنووسە و دەبوو بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان، مامەڵەی لەگەڵ بکرایە.

برادۆستی پێشتر و لە مانگی ئازاری ئەمساڵ-دا لە گوندی دەشتی هیرتێ-ی ناوچەی برادۆست لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا و ماوەی ٢٤ کاتژمێر ڕاگیرا، پاش ئازادكردنیشی ڕایگەیاند "ئاگاداریان كردوومەتەوە، كە لەو شوێنانەی بارەگاكانی دەوڵەتی توركی تێدایە نابێت بە هیچ شێوەیەک لێدوانی خەڵك وەربگریت و باسی داگیركاریی بكەن، ئەگەر دەتانەوێت لەسەر ئەو بابەتە كار بكەن".

ئەمە لەکاتێکدایە، کە بەگوێرەی بڕگەی یەکی ماددەی دووی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان، "ڕۆژنامەگەریی ئازادە و هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە و ئازادیی ڕادەربڕین و بڵاوکردنەوە بۆ هەموو هاوڵاتییەک دەستەبەرە"، هەروەها لە بڕگەی یەکی ماددەی حەوتی هەمان یاسادا هاتووە"ڕۆژنامەنووس سەربەخۆیە و لە بەجێهێنانی ئەرکە پیشەییەکانی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نییە، جگە لە دەسەڵاتی یاسا".

بەپێی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣-ش(یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاریی لە هەرێمی کوردستان)، مافی "گەیاندنی زانیاریی بە تاکەکانی کۆمەڵگا بەشێوازێکی گشتیی شیاو لەڕێگای هەر کەناڵێکی ناسراوی پەخش و بڵاوکردنەوە" دەستەبەر کراوە.

هەر لە یاسای ڕۆژنامەگەرییدا بەهیچ شێوەیەک باس لە ڕاگرتن و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووس نەکراوە و تەنانەت لە حاڵەتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست-یشدا، ئەوا غەرامەی مادیی دەکرێت، نەک دەستگیرکردن.

هەروەها، بەپێی ماددەی ١٣ی هەمان یاسا، "لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن"، بەپێی ١٢-ش، "کار بە هیچ دەقێک ناکرێت، کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت".

سەرەڕای هەبوونی ئەم یاسایانەش، کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەپێچەوانەی یاساوە ڕۆژنامەنووس دەستگیر دەکرێت و بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رپێچی یاساییه‌، هاوكات ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی راده‌ربڕین و مه‌ترسی گه‌وره‌ی بۆسه‌ر كاری رۆژنامه‌وانی دروست كردووه‌.

ف.ق