«بە ڕۆحی شۆڕشی ڕۆژاڤا سەرکەوتنی دیموکراتی مسۆگەر بكه‌ن»

به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژاڤا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە حەمرین دێرسم قسه‌ی كرد و گوتی، «هەموو گەلانی ژێردەستی جیهان، ژن، گەنج و کرێکار وەرن پێکەوە بە ڕۆحی شۆڕشی ڕۆژاڤا دیموکراتی مسۆگەر بکەین.»

حەمرین دێرسم ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژاڤا كه‌ ١٩ی ته‌مووزی ٢٠١٢ هه‌ڵگیرسا، لێدوانی دا شۆڕشه‌كه‌ی هه‌ڵسه‌نگاند.

ده‌قی قسه‌كانی حه‌مرین دێرسم:

لە کەسایەتیی شەهیدانی ڕۆژاڤادا، یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی ده‌كه‌مه‌وه‌ و سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنم. لە کەسایەتیی شەهیدانی ئازادیدا، پیرۆزبایی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژاڤا لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو گەلە بەرخۆدێرەکەمان دەکەم. بەڕاستی کاتێک باسی شۆڕشی ڕۆژاڤا دەکەین، ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو. چونکە شۆڕشی ١٩ی ته‌مووز/٢٨ی پووشپەڕ لەخۆوە دروست نەبوو. بە میراتێکی زۆر گەورە و خەباتی ٢٠ ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژاڤا پێشکەوت. چونکە پێش دەرکەوتنی فکری ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کورد بەگشتی و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بەتایبەتی مرۆڤ نەیدەتوانی باسی زانابوونی کورد بکات. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ چووە ڕۆژاڤا، خەباتی پەروەردەیی دەستپێکرد. لە ئەنجامدا هەزاران کچ و کوڕی ڕۆژئاوای کوردستان چوونه‌ ڕیزەکانی شۆڕش. لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە هەتا ٧٠ ساڵیی پەروەردەیان بینی. ئەوەش زانینێک و ڕەنجێکی گەورەی دروست کرد. ئەوەش وایکرد سیاسەتی بەعس ببینرێت کە کوردی بە شێوەیەکی نەرم دەتوانده‌وه‌ و قڕی دەکرد. ئه‌مه‌ وه‌های كرد تێکۆشانێک له‌ دژی بکرێت. ئەو زاناییەی کە پێویستە مرۆڤ چ جۆرە تێکۆشانێک بگرێتە بەر، بە ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ هاته‌ ئاراوه‌.

کاتێک سەیری مێژوو دەکەین؛ ده‌بینین سووریا هەمیشە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی ناوەندی گێڕاوە. وەکو گەلی سووریاش ئێمە دەتوانین شرۆڤەی بکەین. ئەو دەوڵەمەندییەی گەلی سووریا هێشتاش خۆی دەپارێزێت. بەڕاستیش ئێمە خۆمان بۆ شۆڕشی گەورەترین پارچه‌ی كوردستان واتە باکووری کوردستان ئامادە کردبوو. پێشبینیمان نه‌ده‌كرد کە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕێکی هێندە گەورە دەستپێبکات. بەڵام بینیمان کە شەڕ دەستی پێکرد و گه‌لی کوردیش پێشه‌نگایه‌تیی کرد و دواتریش پێکهاتەکانی دیکەی هێنایە نێو خۆی. ئەوەش هەموو بە هەوڵی ڕێبەر ئاپۆ بوو کە هۆشیاریی خۆبوونی له‌ناویاندا دروست كرد و هێزی پێ بەخشین. ئەو ڕاستییەی کە ڕێبەر ئاپۆ ده‌ستنیشانی كرد، کۆمەڵگە چۆن خۆی ڕێكخات، چۆن خۆی بپارێزێت، تا گەیشتنه‌ ئەو حەقیقەتە قوربانی زۆر درا. هەزاران گەنج بەشداری تێکۆشانی ئازادی بوون و شەهید بوون. ئەمه‌ هەتا ئەمڕۆش لە ئاستێکی باڵادا بەردەوامە. 

داعش لە ڕۆژاڤا تێكشكا

ئەو زانابوونه‌ لە سنوورێکی بەرتەسکدا نەمایه‌وە، به‌ڵكوو بە پێشەنگایەتیی ژنی کورد زیاتر خۆی ده‌رخست. وەک چۆن ئێستا دەڵێین شۆڕشی ڕۆژاڤا شۆڕشی ژنە، ئەوەش ئەنجامی میراتی هەزاران شەهیدە کە بۆیان جێهێشتووین. ئەو تێکۆشانە تێروتەسەلەی ڕۆژئاوای کوردستان كه‌ به‌ ڕه‌نجی ڕێبه‌ر ئاپۆ بوو، خۆشەویستییەکی گەورەی لە دڵی ملیۆنان کەسدا دروست کرد. ئەو خەباتەی ڕێبه‌ر ئاپۆ لە ماوەی ٢٠ ساڵدا لە ڕۆژئاوای کوردستان کردی، لە بنەڕەتەوە کارکردن بوو بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی. لە قۆناغەکانی ساڵانی ١٩٩٠ ڕێبەر ئاپۆ ئەو سیستمەی بونیاد نا. لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سەربازی و هونەریدا لە ڕۆژاڤا بونیادی نا. لەبەرئەوە ئەو هاوسەنگییە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانیش لاواز نەکرد. گەلی عەرەب ئەو کاتەش ڕێبەر ئاپۆیان وەکو سەرۆکی خۆیان دەبینی. ئەو کاتە زۆر یاری له‌سه‌ر عەرەبەکان دەکرا، بەڵام فکری ڕێبەر ئاپۆ ئەوانی کردە یەک. دوای ئەو هەوڵانەی ڕێبەر ئاپۆ، پیلانگێڕی هاته‌ ئاراوه‌. ڕۆژاڤاش لەگەڵ ئەو پیلانگێڕییە ئازاری زۆری کێشا. گەل نەترسا، ئیرادەی نەشکا و نەبووە ئاستەنگ لە بەردەم ئامانجی گەل. کاتێک دەڵێین شۆڕشی ١٩ی ته‌مووز بەو میراتەوە گەیشتە ئەو ئاستە. وەکچۆن لە هەموو زەمینە کۆمەڵایەتییەکاندا تێکۆشانێکی گەورە کراوە، ئەو هەڵوێستە گیانبازییەی بەرانبەر پیلانگێڕییه‌ نێونەتەوەییەکان کە ویستیان لە ڕێگەی داعشەوە بیکەن، ئازاری گەورەی دروست کرد. هێزە نێونەتەوەییەکان بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆیان وەدەست بخەن داعشیان بەکارهێنا و کوردیان کردە ئامانج. بەڵام داعش مەترسی و هەڕەشە بوو بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی. به‌ڵام لە مێژوودا قارەمانه‌تیی کچ و کوڕانی کوردستان - نەک تەنیا کورد بەڵکوو چەندین پێکهاتەی دیکەش بەشدارییان لەو بەرخۆدانە گەورەیەدا کرد. لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی مێژووییدا داعش تێکشکا. هەرچەندە لە قۆناغی ئەو تێکۆشانەدا هەم لە ناوخۆ و هەم لەلایەن هه‌ژموونگه‌ره‌كانه‌وه‌ شەڕی تایبەتیش بەڕێوەچوو، بەڵام نه‌یاران هیچ ئەنجامێکیان به‌ده‌ستنه‌هێنا. هەرچەندە هێزه‌ هه‌ژموونگه‌ره‌كان نایانەوێت کورد ببێته‌ خاوەن ستاتۆ، بەڵام کورد بە بەرخۆدان و سیستمەکەی لەسەر ئاستی جیهان ناسران.

شۆڕشی ڕۆژاڤا شۆڕشی گەلانە

خۆپاراستن كه‌ لە کۆمەڵکوژیی قامیشلۆ لە ٢٠٠٤ به‌دواوه‌ بە پێشەنگایەتیی گرووپێکی بچووک دەستی ێکرد، هەتا ئەمڕۆش لەژێر ناوەکانی یەپەگە – یەپەژە- قەسەدە بەردەوامە. تەنیا وەکوو هێزێکی کوردیش دەرنەکەوتن، هەموو پێکهاتەکانیان لەخۆ گرت، بۆیەش شۆڕش سەرکەوت. خۆی هێزە ئیمپریالیستەکان هەمیشە دەیانەوێت لەناو گەلاندا ئاڵۆزی و ناكۆكی دروست بکەن، بەڵام بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هەموو پێکهاتەکان هاتنه‌ لای یه‌كتر و سەرکەوتن. دەتوانین بڵێین مادام ئەمڕۆ سەدان گەنجی عەرەب، سریانی و ئەنتەرناسیۆنال لەناو تێکۆشانه‌كه‌دان، مانای ئەوەیە شۆڕشێکی جیهانییه‌. کاتێک سەیری ڕاستییه‌كان دەکەین، ده‌بینین ئه‌و گەلانە بە ڕەنجی خۆیان ئه‌مه‌یان بونیاد نا. هێزە نێونەتەوەییەکان جارێکی دیکە دەیانەوێت ئاڵۆزی لەناو گەلاندا دروست بکەن و لەسەر ئەو بنەمایانە خۆیان باڵاده‌ست بكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه‌ بووە جیهانی، ئەمه‌ریکا و ڕووسیا دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاریبهێنن. ویستیان هێزی كوردی سه‌ربه‌ خۆیان دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ستیان به‌ جموجۆڵ كرد. ئامانجیان ئه‌وه‌بوو ده‌ستكه‌وته‌كانی تێكۆشانی ئازادی به‌ شێوازی جیاجیا له‌ناوببه‌ن. به‌ڵام په‌یوه‌ستبوونی گه‌ل به‌ ئازادی و هاوکات ئەو زانابوونه‌وه‌ی کە لای خۆیان بونیادیان ناوه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی خۆیان خۆیان بپارێزن و سیستمی خۆیان بونیاد بنێن، ناهێڵێت ئەم سیاسەتە سەربگرێت. خۆی ڕێبەر ئاپۆش دەڵێت، ئه‌وان هێرشە ده‌ره‌كییه‌كان بە بونیادنانی سیستمی خۆیان و یەکبوونی هەموو پێکهاتەکان، پووچەڵ ده‌كه‌نه‌وه‌، لەبەرئەوەی هێشتاش مەترسی هەیە کە بە دەستی هێزە داگیرکەرەکان لەناو ئەو گەلانە ئاڵۆزی دروست بکەن. بۆیه‌ گرنگترین شت ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان بەیەکگرتوویی هەڵسوکەوت بکەن و سیستمی دیموکراتی بونیاد بنێن. گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بڕوای بە هێزی خۆی هەبێت. ئەوەش بە شۆڕشی ڕۆژاڤا و تێکۆشانی دژبه‌ داعش سەلمێنرا. ئەگەر به‌ ده‌ستی خۆت هێزی خۆت دروست نەكه‌ی، هێزەکانی دیکە لە هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌كارتدێنن. ئەوەش پێش هەموو شتێک پاراستنی خۆیی، سیستمی خۆبونیادنان، دروستکردنی هاوسەنگی لەگەڵ گەلانی دیکە، پاراستنیان وەکو بەهای سه‌ره‌كی، بۆ ئەوەی خاوەنداره‌تیكردن هەبێت.

شۆڕشی ڕۆژاڤا شۆڕشی ژنە

ئەوەی دیکە؛ لەناو شۆڕشی ڕۆژاڤادا به‌رچاوترین هێز کە لەناو تێکۆشاندا بەشێوەیەکی پتەو و بەهێز جێی خۆی گرت، ژن بوو. ئەو شۆڕشە دیسان لە کەسایەتیی یەپەژە، سلاڤا، ئارین و ئاڤێستا کە بوونە دەنگی سارا و شەرڤینه‌كان و میراتی ئه‌وانیان گه‌یانده‌ ئه‌م ئاسته‌، پێشکەوت. پێشەنگایەتیی ژن هەم لە کۆبانێ و هەمیش لە عەفرین لە دایکانی ٧٠ ساڵییەوە بگرە کە هەستان و چەکیان هەڵگرت، هەتا ئەو ژنانەی کە بۆ پاراستنی خۆیان شەو و ڕۆژ کاریان دەکرد، هەموو بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی ژنی ئازاد تێکۆشانێکی گەورەیان كرد. لەناو شەڕێکی هێندە سه‌ختدا سیستمی خۆیان بونیاد نا. ژنی کورد لە بەرانبەر سیستمی پیاوسالاری دەستکەوتی گەورەی بەدەست هێنا. نەک تەنیا ژنی کورد، ئەمڕۆ هاوڕێیەتیی ژنی کورد لەگەڵ ژنی عەرەب، سریان و ئەوانی دیکە، یەکبوونی بونیاد نا. فەلسەفەی «ئازاری هەر ژنێک ئازاری هەموو ژنانە» بە تێکۆشانی خۆمان بونیادمان ناوە. لەو بڕوایه‌داین ئەو دەستکەوتانەی بەدەستهاتوون، هەر بە دەستی ژنانیش دەپارێزرێن. هاوکات لەو بڕوایه‌شداین کە شۆڕشەکەمان دەبێتە كولتوورێكی سه‌ره‌كی و دەژیت. دیسان ڕێکخستنەکەی گەورە دەکات، بە گوێرەی ڕاستیی شەڕی شۆڕشگێڕیی گه‌ل خۆی بونیاد دەنێت. ناڵێت شۆڕش دروست بوو و ئیدی هیچ ناکەین. بەپێچەوانەوە زیاتر کار دەکات، خۆی بەرفره‌وان دەکات و دەناسێنێت.

وەک دەزانرێت ڕێبەر ئاپۆ لە چاوپێکەوتنی ٢ی ئایاردا لەگەڵ پارێزەران ٧ خاڵی خستەڕوو. لەناو ئەو ٧ خاڵانەدا هەڵسەنگاندنی یەکبوونی سووریای کردبووە بنەما. ئەوە زۆر گرنگە. بە بنەماگرتنی یەکبوونی سووریا لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا ژیانی دیموکراتییە، تەنانەت وەک ئەرک ئازادکردنی ئه‌وانه‌. ئەوە لە ئاستێکدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام ڕێکخستنەکەی پێویستە هێشتا بەرفره‌وانتر بكرێت. ئه‌وه‌ش لە ڕێگەی پاراستن، بەدامەزراوەییکردن و سووربوون لەسەر ئەوە دروست دەبێت. ئێمه‌ لەو بڕوایه‌داین کە ئەو هەڵسەنگاندنەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە گەورەترین سەرچاوەیە. بۆ ئەوەش پێویستە شەو و ڕۆژ کار بکەن. لە بەرانبەر هەموو هێرشێکی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا بەگوێرەی هێرشەکە پێویستی به‌ خۆئاماده‌كردن و خۆڕێکخستنه‌. هه‌ڵسوكه‌وتكردن به‌و باوه‌ڕه‌ی کە کەس ناتوانێت لە بەرانبەر یەکبوونی گەلان بوەستێت، هه‌موو هێرشه‌كان پووچەڵ ده‌كرێنه‌وه‌. وەکچۆن ڕێبەر ئاپۆ میراتێکی گەورەی بۆ گەلی ڕۆژاڤا، گەنج و ژنان بەجێهێشت، پێوسستە لە لایەن ژن و گەنجانیشەوە خاوەنداره‌تی لەو میراتە گەورەتر بکرێت. بۆیە باوەڕمان وایە ئەو ئیرادەیەی داعشی تێکشکاند، لێرە بەدواوەش هەموو ئەو هێرشانە تێکدەشکێنێت کە دەکرێتە سەر گەلەکەمان.

s.m