تاشدەمیر: لەدژی گۆشەگیری پێویستی بە تێکۆشانێکی بەهێز و ماوەدرێژ هەیە

دیلان دیرایەت تاشدەمیر وتەبێژی ئەنجمومەنی ژنانی هەدەپە نرخاندنی بۆ ئەنجامی کۆنفڕانسی ژنان و سیاسەتی سەردەمی نوێ ژنان کرد و وتی، " لەدژی گۆشەگیری پێویستی بە تێکۆشانێکی بەهێز و ماوەدرێژ هەیە."

بەرلە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی هەدەپە کە بڕیارە ٢٣ی شوبات ئەنجامبدرێت، لە ١٨ و ١٩ی کانونی دووەمدا کۆنفڕانسی ژنانی هەدەپە ئەنجامدرا.

دیلان دیرایەت تاشدەمیر وتەبێژی ئەنجمومەنی ژنانی هەدەپە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەبارەی کۆنفڕانسی ژنانی هەدەپە قسەی کرد و وتی، "لە کۆنفڕانسەکەدا هەلسەنگاندنیان بۆ قۆناغەکە کردووە."

تاشدەمیر ئاماژەی بەوەدا، لە سیاسەتی سەردەمی نوێدا ژنان هەوڵدەدەن لەگەڵ بەرخۆدانی جیهان تێکۆشانێکی هابەش بەڕێوەببەن.

تاشدەمیر وتی، "لە قۆناغی کۆنگرەدا ئێمە هەم وەک ئەنجومەنی ژنان و هەم وەک ڕێکخستنە تێکەڵەکان، پڕۆسەیەکی فراوانی شیکردنەوە بەڕێوەدەبەین. ئێمە لە ئەنقەرە بە بەشداری ٣٠٠ کەس کۆنفڕانسمان ئەنجامدا. بەرلە کۆنفڕانسەکەش لە کوردستان و تورکیا لە حەوت هەرێم کۆنفڕانسی ژنان بە شێوەیەکی فراوان ئەنجامدرا. پرۆسەی سیاسیمان شیکردەوە. قسەمان لەبارەی دۆخی ڕێکخستنی خۆمان، کەموکورتیەکانمان، هێڵی تێکۆشانی سەردەمی نوێمان کرد.

'سیستمی ڕۆژئاوا سەرچاوەی سوودوەرگرتنە'

دیلان دیرایەت تاشدەمیر وتەبێژی ئەنجمومەنی ژنانی هەدەپە ئەوەی خستەڕوو، لە کۆنفڕانسەکەدا ئاماژە بە کاریگەریەکانی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر تێکۆشانی ژنان کرا و وتی، "لە ئێستادا لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگی جیهانی سێیەمین ڕوودەدات. ناوەندی ئەو شەڕە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد هەیە. باسمان لە کاریگەری شەڕەکە لەسەر تێکۆشانی ژنان کرد. لەدژی پەیوەندیەکانی هێزە کاپیتالیست و ئەمپەریالیست، لەدژی ستاتۆی ئێستا یەکەمجار گەلان هەڵوێستیان پیشانداوە و لەبەرانبەریان ڕاوەستانەوە. ئەوەش بە هۆی شۆڕشی ڕۆژئاواوە بوو. گەلانی هەرێمەکە بە جیاوازیەکەیان بەڵام بە عەقلیەتێکی هاوبەش لەدەوری یەکتری کۆبوونەوە. کاتێک سەرنج بدەینە ڕاپەرینەکانی سەدەی ٢١ دەبینین، ڕاپەرینەکان لە سەردەمی پێشوو جیاوازتر بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەدەچن.ئەو سیستمەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە لە جیهاندا بووەتە سەرچاوەی سوودوەرگرتن. پێویستی بە ئینتەرناسیۆنالیستی هەیە و بە ناوی ئەنجومەنی ژنانی هەدپە ئێمە لەوبڕوایەداین پێویستی بە هاوکاری و تیکۆشانێکی هاوبەش لەگەرڵ بەرخۆدانی جیهان هەیە."

تێکۆشانی ماوەدرێژ و بەهێز لەدژی گۆشەگیری

تاشدەمیر ڕایگەیاند، گۆشەگیری ڕەها لەدژی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بابەتێکی سەرەکی کۆنفڕانسی ژنان بوو و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "لەدژی سیاسەتی شەڕ، تواندنەوە، قەیوم و سیاسەتی لەناوبردن، لە ئێستادا عەقلیەت، مۆدێلێکی بەهێزی تێکۆشانی سیاسی و ئایدۆلۆژی هەیە. بێگۆمان ڕێباز و بەرنامە و فەلسەفەی ئەم تێکۆشانە، بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجالانە.. لەدژی ئۆجالانیش سیاسەتێکی قوڕسی گۆشەگیری هەیە. دەیانەوێت ئەم سیاسەتەی گۆشەگیری قوڕستر بکەن و لەسەر کۆمەڵگاشدا بسەپێنن. ئێمە گەیشتینە ئەو بڕوایەی، گۆشەگیری یەکێک لە بابەتە سەرەکیەکانە و لەدژی گۆشەگیری پێویستی بە تێکۆشانێکی بە بڕیار، بەهێز و ماوەدرێژ هەیە."

تاشدەمیر ئاماژەی بە کۆنگرەی ٢٣ی شوباتی هەدەپەدا و وتی، "هیوادارم لە کۆنگرەی هەدەپەدا ژنان زیاتر بتوانن بەشداری لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بکەن و ئێمە هەدەپەیەک کە بەرەو دەسەڵاتی دەڕوات، بەیەکەوە دروست دەکەین."

ف.ق