حزبی شیوعی: لێدوانی باڵیۆزی تورکیا بۆ تێکدانی دۆخی کەرکوکە

حزبی شیوعی کوردستان، لە سەر لێدوانەکانی باڵیۆزی تورکیا سەبارەت بە کەرکوک هاتە دەنگ و بە هەوڵێک بۆ تێکدانی زیاتری دۆخی کەرکوک و ناوچەکە بە ناوی کرد و داوای لە ئێراق کرد، ناڕەزایەتی لە بەرامبەریان نیشان بدات.


شەوی ڕابردوو مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان، سەبارەت بە لێدوانەکانی فاتح یڵدز، باڵیۆزی گشتیی تورکیا،کە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە مزگەوتی گەورەی نوری شاری کەرکوک وتبووی"کەرکوک شوێنی باوباپیرانمانە"، بەڕاگەیندراوێک کاردانەوە و ناڕەزایەتی توندی نیشان دا. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: حزبی شیوعی کوردستان لێدوانەکانی باڵیۆزی تورکیا ڕەتدەکاتەوە و بە هەوڵێکی دەزانێت بۆتێکدانی زیاتری دۆخی ناوچەکە و ناسنامەى کەرکوکیش بە ووتەى بەرپرسی بیانیی و دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیی، دەستنیشان ناکرێت. ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە، کە بارگرژیی و ئاڵۆزیی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لە ئارادایە. لەم هەلومەرجەدا ئەم لێدوانە دەستێوەردانێکی دیکەیە، کە دەچێتە پاڵ دەستێوەردانەکانی دیکەی بیانی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا. ئەوەش لە کاتێکدا، کە سەرجەم پیکهاتەکانی کەرکوک پێویستیان بە گوتارێک هەیە کە پشتگیری لە بەیەکەوەژیانی سەرجەم نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی کەرکوک بکات.

حزبی شوعی کوردستان ڕایگەیاندوە: هەموو ڕاستی و بەڵگەنامە مێژووییەکان ئاماژە بە کوردستانیبوونی کەرکوک دەکەن، بەڵام شاری کورد، تورکمان، عەرەبی ڕەسەن و کلدان ئاشوری سریان، ئەرمەن، سوونە و شیعە و کاکەیی و سابئەی مەندائی و سەرجەم خەڵکە ڕەسەنەکەیەتی.

هەروەها ئاماژە هەوڵە دوژمنکاریەکانی دەسەڵاتدارانی ئێراق بەرامبەر کەرکوکیەکان کراوە و لەو بارەوە وتراوە:  گۆرانکاری دیموگرافی و سیاسەتی حوکمرانە شۆڤینستەکان بە دریژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق و تا ئێستاش دژی کەرکوک بەردەوامە و ئەمڕۆکەش حوکمرانانی عێراق خۆیان لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستور دەدزنەوە، کە نزیکەی چواردە ساڵە بریاری لەسەر دراوە. وێڕای ئەوەش ئەمرۆکە وڵاتانی هەرێمایەتی بە کردەوە و رەفتار و ئاخافتنی جۆراجۆر دەست لە کاروباری ناوخۆیی کەرکوک و دەوڵەتی عێراق وەردەدەن، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسا و عورفی دیبوماسییەکانە و ئاخافتنی باڵیۆزی تورکیاش سەبارەت بە کەرکوک شێوازێکە لەم دەستێوەردانە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، حزبی شیوعی داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی تایبەتی ئەم دۆسێیە لە هەرێمی کوردستان کردوە، تا ناڕەزایی خۆیان بە حکومەتی تورکیا ڕابگەیەنن، چونکە ئەو گوتارە پێشێلکردنێکی ڕوونی رێکەوتننامەی پەیوەندییە دیبلوماسیەکانی ساڵی ١٩٦١ ـــە، کە ئەرکی نێردەرە دیبلۆماتکارەکان رێک دەخات و دیاری دەکات، هاوکات دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتی عێراق و ناکۆکی و ململانیێ ناوخۆییەکان قوڵتر دەکاتەوە.

هـ.هـ