سوپای تورکی داگیرکەر لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٩ / ٦ی جۆزەردانەوە هێرشی کردە سەر خواکورک. خەڵکی ناوچەکە ناڕەزاییان لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بێدەنگیی حکومەتی هەرێم لە باشووری کوردستان نیشان داو و رایانگەیاند، بە گەریلا پشتئەستوورن.
"دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەموو کوردستان داگیر بکات"
ناڕەزایی گەل بەو شێوەیەیە:
کوردۆ هاووڵاتییەکى ناوچەی خواکورکە و لەبارەیى هێرش و داگیرکەریی سوپاى تورکەوە وتى: بەهۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک لە ساڵانی ٢٠٠٠ەوە هەتا ئێستا، نزیکەی ٤٠ کەسمان شەهید بوون. نامانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگ بێت. دەمانەوێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات و حەز ناکەین لەبەرانبەر مافەکانمان بێدەنگ بێت، چونکە ژیانمان لە مەترسیدایە.
وتیشی، کاتێکیش مەڕەکانمان دەچنە چیا و هەمو رۆژێ مەڕەکانمان تۆپباران دەکەن. چیاکان تۆپباران دەکەن و هەمو ساڵێک هێرش دەکاتە سەر خۆمان و ناوچەکەمان. بۆ نمونە ئەمساڵ دۆخەکە زۆر خراپە. دەوڵەتی تورک هاتووە چەند چیایەکی ئیمەی داگیر کردووە. نامانەوێت دەوڵەتی تورک بێتە ناومان. زیانێکی زۆرمان پێدەگەیەنێت. ئامانجی دەوڵەتی تورک تەنیا مانەوە نییە لە چیاکان، بەڵکو ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی هەموو کوردستانە. داوا لە دەوڵەتانی جیهان و سەرکردەکانمان دەکەین بێدەنگ نەبن.
ئەوەشی وت، نیازی تورکەکان کوردستانە، کەرکوکە و تەنیا چیاکان، یان ناوچەیەک نییە. ماڵەکانمانیان سووتاند و ٤٠ کەسیان لێ شەهید کردین. ئەوە تاوانێکی گەورەیە و کارەساتە. هەموو رۆژێک کۆمەڵکوژمان دەکەن. یان گوندێک بۆردومان دەکات، یان شوانێک دەکاتە ئامانج. هەڤاڵێک بکوژرێت یان گوندنشینێک بکوژرێت بۆ ئێمە جیاواز نییە. ئێمە لە دەوڵەتی تورک ناترسێین. باوەڕمان بە گەریلا هەیە، باوەڕمان بە گەلەکەمان هەیە.
"هەموو ساڵێک خۆمان و ئاژەڵەکانمان بۆردومان دەکەن"
سیراج هاووڵاتییەکى تری ئەو ناوچەیە و رایگەیاند، ئیمە هەموو ساڵێک دێینە دەشت بۆ ئەوەی بژێویی خۆمان پەیدا بکەین. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەموو ساڵێک خەڵک بۆردومان دەکات. ئاژەڵەکانمان بۆردومان دەکات. ناتوانین بەو شێوەیە ژیان بەڕێ بکەین. زۆر ناخۆشە بۆ ئێمە، کە هەموو ساڵێک و هەموو رۆژێک خۆمان و ناوچەکەمان و ئاژەڵەکانمان بۆردومان دەکات.
راشیگەیاند، ئەوەش بۆ ئێمە خۆش نییە. چۆن ئەتوانن بە فڕۆکە لە ئاژەڵەکانمان بدەن. چ مافێکیان بە سەر ئێمەوە هەیە؟ هەموو ساڵێک بەو شێوەیەمان لێدەکەن. خەڵکی بێتاوان تۆپباران دەکات و دەیانکوژێت. لەسەر خاکی خۆمان خەڵک خاوەن خاک دەکوژن. زۆرداریمان لەگەڵ دەکەن، نامانەوێت ناحەقیمان بەرانبەر بکەن.
"نامانەوێت دەوڵەتی تورک لەسەر خاکمان بێت"
شاجوان هاووڵاتییەکى تری ئەو ناوچەیە و لەبارەى هێرش و داگیرکەریى دەوڵەتى تورکەوە دەڵێت: نامانەوێت فڕۆکە لە ماڵەکانمان و لە منداڵەکانمان بدەن. نامانەوێت بێن و هەڕەشەمان لێ بکەن. شوێنەکەمان لە هەموو ناوچەیەک خۆشترە.
دەشڵێت، نامانەوێت تورک بێنە سەر خاکمان، ئێرە خاکی ئێمەیە. دەمانەوێت بە ئیستراحەت و ئارامی لە خاکی خۆمان بین و ئاژەڵەکانمان بلەوەڕێنین. لەبەر هێرشی فڕۆکەکانی تورک چەندین کەسمان کوژران. ٣-٤ کەسمان کوژران. دایک و باوک و دوو منداڵی خزمەکانی ئێمەیان کورشت. جگە لە ئێمەش چەندین کەسی تری بێتاوانیان کوشتووە.
ر.م