دەوڵەتی تورک لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد دا شەڤین ئالیجا هاوسەرۆک شارەوانیی قەرس، جێگرانی هاوسەرۆکانی شارەوانیی قەرس و ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی شارەکە و چەندین کەسی تریان دەستگیرکرد.
هاوکات پۆلیسی تورک هەڵیشیانکوتاوەتە سەر ماڵی جەنگیز ئانلی هاوسەرۆکی شاری قەرسی هەدەپە و سەرقاڵی پشکنین و تێکدانی کەلوپەلەکانی ناو ماڵەکەین.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چەند رۆژ لەوە پێش ئایهان بیلگەن هاوسەرۆک شارەوانیی قەرس لە باکووری کوردستان و نزیکەى ١٠٠ کەس لە ئەندامانی دەستەى بەڕێوەبەریی ناوەندەکانی هەدەپە دەستگیرکرد. دوێنێ ئایهان بیلگەن لە دەستپێشخەرییەکدا و بۆ رێگریکردن لەوەی دەوڵەتی تورک قەیوم بەسەر شارەوانیی قەرس دا بسەپێنێت، دەستی لە سەرۆکی شاروانیی قەرس کێشایەوە.
ژ.ت