نوێکرایەوە: راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق بەشداریی لە کەمپەینی دەرکردنی سوپای تورک دا کرد

سالار مەحمود راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق کەمپەینی گەنجانی بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر لە باشووری کوردستان و عێراق واژۆ کرد.

کەمپەینی کۆکردنەوەى واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر لە باشووری کوردستان و عێراق لەلایەن رێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەرەوە دەستیپێکردووە و لە سەرتاسەری شار و شارۆچەکانى باشووری کوردستان بەردەوامە لە هەڵمەتەکەی. سەرباری پەتای کۆرۆناش سیاسەتمەداران، پێشمەرگە دێرینەکان، مامۆستایان، پەرلەمانتاران و زۆرێک لەلایەنەکان و کەسایەتییەکان و هەزاران هاووڵاتی کەمپەینەکەیان بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر واژۆ کردووە.

لە بەردەوامیی کارەکانی کەمپەینەکەدا راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق سالار مەحمود کەمپەینەکەى واژۆ کرد و لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

'تورکیا یاسا نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان پێشێل دەکات'

سالار مەحمود راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، ئەوە جاری یەکەم نییە کە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر سنووری هەرێمی کوردستان دەبەزێنێت و وتی "دەوڵەتى تورک سنوورەکانی بەزاندووە و بەوەش تورکیا یاسا نێونەتەوەیی و ناوچەییەکانی پێشێل کردووە. گەلی کوردستان ئەو زوڵمە قبوڵ ناکات".

'دەبێت دەنگەکان زیاتر بەرز بکرێنەوە بۆ راوەستاندنی شەڕ'

سالار مەحمود سوپاسی هەموو کەسێک دەکات، کە دەنگی خۆی لەبەرامبەر زوڵم و زۆرداری بەرز بکاتەوە و وتی "بۆ ئەوەى تورکیا هێرشەکانى رابوەستێنێت، دەبێت ئەو دەنگە بەرزتر بێت. دەبێت پرۆسەى ئاشتی سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە. هەروەها لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتى تورک دا گفتوگۆ دەستپێبکاتەوە".

وتیشی "دەستخۆشی لەو کەمپیەنەی کۆکردنەوەی وژاۆ دەکەم. ئەوە کارێکى مەدەنییە بۆ ئەوەى دەوڵەتى تورک لە خاکەکەماندا بکاتە دەرەوە، دەبێت گەلی کورد هەموو رێگا مەدەنییەکان بۆ بەرخودان و بەرەنگاری بەکار بهێنن تاوەکو رێ لە شەڕی دەوڵەتى تورک بگیرێت".

ژ.ت