دەوڵەتى تورک بە سەرۆکایەتیی ئاکەپە و ئەردۆغان راگەیاندووە، هەر کەسێک لە شاری وان قەدەغەی هاتوچۆ پێشێل بکات بە بڕی ٣ هەزار و ٥٠٠ لیرەی تورک سزا دەدرێت، بەڵام لە شارەکانى تری تورکیا بڕی سزای پارە بۆ پێشێلکردنی قەدەغەى هاتوچۆ لە ١٣٠ تاوەکو ٣٩٨ لیرەی تورکییە.
دەوڵەتى تورک لە ١١ی نیسانەوە لە ٣٠ گەورە شار و شارۆچکەدا بۆ ماوەى ٢ رۆژ قەدەغەى هاتوچۆی راگەیاند. ئەو قەدەغەکارییە لە شاری وانیش جێبەجێ کرا، کە وان یەکێکە گەورە شارەکانى تورکیا.
لە یەکەم رۆژی قەدەغەى هاتوچۆدا ٢٧٧ هاوڵاتیی وان بە بڕی ٨٢٣ هەزار و ٥٦٣ لیرەی تورکی و لە رۆژی دووەمدا ٤٤٩ هاووڵاتیی تری وان بە بڕی ٤٠٥ هەزار و ٤٣٦ لیرەى تورک سزا دراون. بە گشتی لە ٢ رۆژ قەدەغەکاریدا ٧٢٦ کەس بە بڕی ٢ ملیۆن و ٢٢٩ لیرەی تورکی سزادراون.
ئەوە لە کاتێکدایە لە شارەکانی تری تورکیا هەر کەسێک قەدەغەی هاتوچۆ بۆ پێشگرتن لە کۆرۆنا پێشێل بکات بە ١٣٠ تاوەکو ٣٨٩ لیرەی تورکی سزا دەرێت، بەڵام لە شار وان بەرزترین ئاستی سزادان بە پارە بەسەر هاووڵاتییاندا دەسەپێنرێت و هەر هاووڵاتییەک لە وان تووشی ئەو پێشێلکارییە ببێت ٣ هەزار و ٥٠٠ لیرەى تورکی سزای دەدەن.
ژ.ت