زیندانییه‌كی مانگرتوو تا ئێستا چاره‌سه‌ری بۆ نه‌كراوه‌

ڕەمزیە قەرەداغ كه‌ لە زیندانی ژنانی پیتی «ت»ی شاری خارپێت زیندانی كراوه‌، بەهۆی ئەوەی بەشداری له‌ چالاکیی مانگرتن له‌ خواردن دژبه‌ گۆشه‌گیری كردووه‌، چارەسەری پزیشكی بۆ ناکرێت.

ڕەمزیە قەرەداغ ٧٦ ڕۆژ لە چالاکیی مانگرتندا بوو. یەکێک لەو زیندانییانەیە کە دوای چالاکییەکە چارەسەری پزیشكی بۆ نه‌كراوه‌.

قەرەداغ ساڵی ٢٠١٤ زیندانی كرا و دوای دوو ساڵ مانه‌وه‌ی له‌ زیندانی مێردین، ئازاد کرا. پاش مانگێگ له‌ ئازادكردنی، جارێکی دیکە ده‌ستگیر كرایه‌وه‌ و لە ناوچەی حەلوانی ڕها زیندانی کرا. دوای ساڵێك، بۆ زیندانی ژنانی پیتی «ت»ی خارپێت گوازرایه‌وه‌. کاتێک دوورخرایەوە، لە دەرگه‌ی سه‌ره‌كی زیندان پشکنینی بەڕووتی بەسەردا سەپێنرا به‌ڵام قبووڵی نه‌كرد. بۆیه‌ به‌تووندی ئه‌شكه‌نجه‌ درا و بۆ چه‌ندین مانگ سزای ژووری تاكه‌كه‌سی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. دەبوایە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ ئازاد كرابوایه‌، بەڵام لە دۆسیەیەکی دیکەدا سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ بڕایه‌وه‌.

قەرەداغ ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ /١١ی بەفرانبار بەشداری له‌ چالاکیی مانگرتنی زیندانییانی دۆسیەی پەکەکە و پاژک كرد کە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سه‌ر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی له‌ ٢٦ی ئایار/٥ی جۆزەردان پەیامی ئۆجالان لەلایەن پارێزەرانه‌وه‌ بڵاوکرایەوە، چالاکیی مانگرتنیش کۆتایی هات. قەرەداغ و ٣ هەڤاڵی دیكه‌ی لە هەمان ژوور تا ئێستا تەنیا جارێک براونەتە نەخۆشخانە.

سوكایه‌تی بەرانبەر زیندانییان کراوه‌

زەکیە قەرەداغ خوشکی ڕه‌مزیه‌ قه‌ره‌داغ ڕایگەیاند، ڕه‌مزیه‌ و هەڤاڵەکانی کاتێک لەلایەن جەندرمەکانەوە براونه‌ته‌ نەخۆشخانە، سوكایه‌تییان بەرانبەر کراوە. گوتی، «لەڕێگه‌دا سوكایه‌تی و فشاری ده‌روونیان لێ کراوە. هەم ئەوانیان بە ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی بردووەتە نەخۆشخانە، هەمیش لە ڕێگه‌دا پێیان گوتوون: [مان دەگرن و چاوەڕوانیشن چارەسەر بكرێن؟ ئێوە چارەسەر ناکرێن.] دواتر به‌ره‌و زیندانیان گه‌ڕاندنه‌وه‌. بەم دواییانە کە سەردانمان کردن پێیان گوتین. ئێمەش لە دەرەوە سەردانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهاد - ÎHD) و چه‌ند ڕێکخراوێكی دیکەمان كرد، بەڵام هێشتا ئەنجامێکمان وەرنەگرتووە.»

قەدەغەی چاوپێکەوتن و قسەکردن بە تەلەفۆن

زەکیەی خوشکی ڕه‌مزیه‌ قه‌ره‌داغ باسی ئه‌وه‌ی کرد کاتێك چاوی به‌ خوشكه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ زانیویه‌تی کە تەندرووستی باش نییە. گوتی، «خوشکەکەم ١٦ کیلۆ له‌ کێشی دابەزیوە و چارەسەری بۆ ناکرێت. ئەوەش بە بیانووی ئەوەی [بەشدارییان له‌ چالاکییه‌كی وه‌هادا كردووه‌ كه‌ ده‌بێ ئەنجامەکەشی لە بەرچاو بگرن]. خوشکەکەم بەهۆی ئەوەی بەشداری له‌ چالاکیی مانگرتن كردووه‌، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی بۆ ماوەی ٤ مانگ لێ قەدەغە کراوه‌.»

s.m