سه‌ره‌ڕای هێرشی هێزه‌ئه‌منییه‌كان خۆپیشاندانه‌كان له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا به‌ڕێوه‌چوون

سەرەڕای ڕێگریکردنی ھێزە ئەمنییه‌کانی ھەولێر و دهۆك ئەمڕۆ بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەر یەک خۆپیشاندانی بەرفرەوانی مامۆستایان، فەرمانبەران و ھاووڵاتیان له‌ دژی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە بەردەوامە.

خۆپیشاندانەکان، ھاوکاتە لەگەڵ بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن لە لایەن مامۆستایانی سنووری سلێمانی و به‌شێكی زۆری مامۆستایانی پارێزگه‌ی دهۆك و هه‌ولێر. هه‌روه‌ها بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکانیش لە لایەن کارمەندانی تەندروستییەوە داخراون.

هه‌ولێر

سەرباری ڕێگری کردن و بڵاوەپێکردنی ھێزێکی زۆری سەربازی لە ناوەندی شاری ھەولێر، ئەمڕۆ بۆ سێیه‌م ڕۆژی لەسەریەک مامۆستایان و فەرمانبەران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران، ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی زۆرەملێی پاشەکەوتی مووچەیە، جەختیش لەوە دەکەنەوە تا یەکلایی کردنەوەی ئەو دۆسیەیە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان.

دەیان مامۆستا و فەرمانبەری خۆپیشاندەر لە شاری ھەولێر، لە لایەن ھێزە ئەمنییه‌کانەوە دەستگیرکراون و بۆ ڕێگریکردن لە تۆماركردنی پێشێلکارییەکانیش، ھێزە ئەمنییه‌کان دەستیان بەسەر چەندین كامێرای مێدیاكاران و مۆبایلی مامۆستایاندا گرتووه‌.

هاوكات کارمەندانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە شاری ھەولێر ئه‌مڕۆ چوونه‌ ڕیزی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ و بایکۆتی کارەکانیان ڕاگەیاند.

دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە لە ھەولێر، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان درێژەی دەبێت تا ئەو کاتەی سیستەمی زۆرەملێی پاشەکەوتی مووچە ھەڵدەوەشێتەوە.

خۆپیشاندەران پاش گردبوونەوەیان لە بەردەم وەزارەتی دادی حکوومەتی ھەرێم، ویستیان بە ڕێپێوان بەرەو به‌رده‌م پەرلەمانی کوردستان بچن، بەڵام ھێزێکی زۆری ئەمنی ڕێگرییان لێ کردن و گەمارۆی خۆپیشاندەرانیاندا.

بادینان

خۆپیشاندانی مامۆستایان، فەرمانبەران و ھاووڵاتیانی دەڤەری بادینان هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا بەردەوامە. ئەمڕۆش له‌ دهۆك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆپیشاندان ساز كران. به‌هۆی هێرشی هێزه‌ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌یان كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر و بریندار كران.

سه‌ره‌ڕای ڕێگری و هێرشی هێزه‌چه‌كداره‌كانی په‌ده‌كه‌ بۆ سه‌ر خۆپیشانده‌ران، ئه‌مڕۆ له‌ ناوەندی شاری دھۆک و قەزاکانی ئاکرێ و شارۆچکەی شیلادزێ خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوون. ھێزەچه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكوومه‌تی په‌ده‌كه‌ بەشێوەیەکی توندوتیژ بەرامبەر خۆپیشاندەران وەستانه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامی هێرشكردنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران چه‌ندین مامۆستا و مێدیاكار بریندار بوون. هه‌روه‌ها ده‌یان مامۆستا و فه‌رمانبه‌ریش ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

لە خۆپیشاندانەکاندا، جگە لە داواکردنی نەھێشتنی سیسته‌می پاشەکەوتی مووچە، خۆپیشانده‌ران داوای ئازادی و گۆڕینی سیستەم ده‌كه‌ن. ده‌ڵێن: ده‌مانه‌وێ حوکمى ٢٧ ساڵەی دەسه‌ڵاتی پارتی و یەکێتی كۆتایی پێبهێنرێت.

له‌ پارێزگه‌ی سلێمانی و ھەڵەبجە خۆپیشاندان بەردەوامە

لە پارێزگه‌ی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری خۆپیشاندانه‌كان درێژەیان ھەیە و ئەمڕۆش بەرھەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارۆئاوی بەنداوی دەربەندیخاندا، وەک ھاوھەڵوێستییه‌ک لەگەڵ خۆپیشاندەران ڕاگیرا.

خۆپیشاندان لە شارەکانی سلێمانی، ڕانیه‌، كه‌لار، سه‌ید سادق، کۆیە و چه‌ندین شارۆچکەی دیكه‌ی سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی و سنووری پارێزگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوون.

خۆپیشانده‌ران جەختیان لەسەر بایکۆتكردنی دەوامی فەرمی و ھۆڵەکانی خوێندن کردەوە تا ئه‌و كاته‌ی حکوومەت سیستەمی پاشەکەوتی زۆرە ملێی مووچە ھەڵدەوەشێنێتەوە.

هاوكات ئەمڕۆ سەرجەم بەڕێوەبەری پەروەردەكانی قەزاکانی سەر بە سلێمانی كۆبوونه‌وه‌ و  بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی په‌روه‌رده‌كانی سنووری سلێمانی پشتگیری خۆیان بۆ داواکانی مامۆستایان ڕاگه‌یاند و داوایان لە حکوومەتی ھەرێم کرد وەڵامێکی ئەرێنی ھەبێت بۆ داواکارییەکانی مامۆستایان، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە لێواری ھەرەس دوور بخەنەوە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌  دەستەی داکۆکی لە مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگه‌کان ئه‌مڕۆ بایکۆتی سەرتاسەری لە زانکۆ و پەیمانگه‌کانی ھەرێمدا ڕاگەیاند.

حکوومەتی ھەرێم: خۆپیشاندانەکان بێ مۆڵەتن

ھەریەکە لە سەفین دزەیی، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دیندار زێباری ڕێکخەری په‌یوه‌ندییه‌نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حکوومەتی ھەرێم رایانگه‌یاند: خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران بێ مۆڵه‌ته‌.

لە لێدوانێكدا، بۆ بەشی کوردی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا، سەفین دزەیی ڕایگەیاند: خۆپیشاندانەکان مۆڵەتی یاساییان نیە، کارمەندانی ئاسایش بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەکەن، بەڵام خۆپیشاندەران ھێرش دەکەنە سەریان و برینداریان دەکەن.

دزەیی وتیشی: حکوومەتی ھەرێم ئەوەندە لاواز نییە بە خۆپیشاندان بڕوخێت. ئه‌گەر چاکسازییه‌ک لە دۆخی مووچەدا بێتە ئاراوه‌، به‌هۆی فشاری خۆپیشاندان نییە.

ھەروەھا دیندار زێباری، ڕێکخەری په‌یوه‌ندییه‌ نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی ھەرێم لە وەڵامی چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا ڕایگەیاند: خۆپیشاندانەکان مۆڵەتیان نییه‌ و خۆپیشاندەران ھێرش دەکەنە سەر ھێزەکانی پۆلیس. زێباری ئاماژەشەی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ھەندێک لایەنی سیاسی خۆپیشاندانی ھاووڵاتیان دەقۆزنەوە بۆ مەرامی سیاسی و ھەوڵی په‌یداكردنی دەنگ دەدەن.

ئەم وتانە لە کاتێکدایە، سەدان خۆپیشاندەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی په‌ده‌كه‌، بریندار و دەستبه‌سه‌ر كراون.

سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگه‌یاند: په‌ده‌كه‌ ٢٠ ھەزار چەکداری بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ھەولێر و بادینان بڵاوە پێکردووە.

بەپێی یاسای «ڕێکخستنی خۆپیشاندان - ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠»، خۆپیشاندان لە ھەرێمدا وەک مافێکی دەستووری ڕێگەی پێدراوە، بەڵام یاساكه‌ خۆپیشاندەران ناچار ده‌كات مۆڵەت لە یەکە کارگێڕییە خۆجێییەکان وەرگرن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان.

له‌ كاتی ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌دا، چەندین خۆپیشاندان لە شار و شارۆچکەكانی ھەرێمی کوردستان دژی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌نجامدران. ئەو کات یاساناسان و چالاكانی مەدەنی ئاماژەیان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئەم یاسایە ڕێگری لە خۆپیشاندان ده‌كات نەک ڕێکخستنی.

s.m