سەنتەری میترۆ بۆداکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، ئەمڕۆ پێنجشەممە٢٩مارس/٩خاکەلێوە، راپۆرتێکی دەربارەی پێشێلکارییەکانی ھێزە ئەمنیەکانی ھەرێمی کوردستان لەماوەی خۆپیشاندانەکاندا، بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی میترۆ، لە رۆژی دەستپێکی ناڕەزایەتیەکانی موچەخۆرانی ھەرێم ٧٨ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٤٨ رۆژنامەنووس و کەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە "لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا، ھێزە ئەمنیەکان بە بەرگی فەرمی و بەرگی مەدەنییەوە، ھێرشێکی فروانیان کردووەتە سەر خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیخوازانەی خەڵک و ڕۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیان کردۆتە ئامانج".
سەنتەری میترۆ ڕایگەیاندووە"بەھۆی ئەوپێشێلکارییانەی لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بەرامبەر بە مافی مرۆڤ کردیان، رێگری لە گواستنەوەی دیمەنی ئەو پێشێلکاریانە دەکەن، ھەر بۆیە ھەڵمەتێکی فراوانیان کردووەتە سەر ھەموو ئەوانەی کامێرا و مۆبایلیان بەدەستەوەیە و روماڵی خۆپیشاندانەکان دەکەن".
سەنتەرەکە ئاشکرای دەکات، ھێزە ئەمنیەکان بەوەشەوە نەوەستاون و پەلاماری میدیاکارانیاندا و ھەندێکیان خەڵتانی خوێن کرد و بەشێکیشی لێدەستگیرکردن. (پەمانێرانی کوردسات نیوز لە ئاکرێ و سایتی دواڕۆژ لە ھەولێر، بۆنمونە).
سەنتەری میترۆ بۆداکۆکی لە رۆژنامەنووسان بەتوندی ئیدانەی ئەوپێشێلکاریانە دەکات و رایدەگەیەنێت: ئەو دەستدرێژی و پێشێلکاریانەی لە رۆژانی رابردودا کراوەتە سەر خۆپیشاندەران و میدیاکاران ھێندەیتر پاشەکشەی بەئازادی رۆژنامەنوسی و ئازادی خۆپیشاندان کرد.
لە کۆتاییدا سەنتەرەکە دەڵێت"میترۆ لەگەڵ شەریکەکانی لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کاردەکات، ھەموو ئەو تاوانانەی لەسەرو بەندی خۆپیشاندانەکاندا بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران ئەنجامدراون بێ سزا تێپەڕ نەبێت و تاوانباران لە سزا دەربازیان نەبێت.
ئەو ھێزانەی لە ژێرناوی " ئاژاوە گێڕ" مامەڵەیان لەگەڵ رۆژنامەنووسان و میدیاکاران دەکرد، میترۆ رایدەگەیەنێت: کە ئازادی رۆژنامەنووسی یەکێکە لە کۆڵەکەکانی سیستەمی دیموکراتی نەک "ئاژاوە گێڕی".
ئاماری پێشێلکاریەکانی ڕاپۆرتەکەی سەنتەری میترۆ بەم شێوەیەیە:-
ئەو پێشێلکارییانەی لە ماوەی چوار رۆژی سەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان لە سەنتەری میترۆ تۆمار کراون: ٧٨ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٤٨ رۆژنامەنوس و کەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە، کە برتین لە
دەستگیر کردن بەبێ بڕیاری دادوەر: ٩
دەستگیر کردن بەبڕیاری دادوەر: ١
رێگری: ٣٨
ھێرش و لێدان: ١٠
زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسی: ١٢
داخستنی کەناڵ: ١
سوکایەتی: ٧
ک.ع
ر.م