نوسەر ئیشلەر لەبارەی گردی زەرناکی لە وان رایگەیاند، یەکێک لە شارەکانی پێش سەردەمی مۆدێڕبوونی جیهانە، بەڵام بوەتە ئامانجی ئەو کەسانە کە بەدوای گەنجینەدا دەگەڕێن. راشیگەیاند "ئەو شوێنەوارەی سەردەمی ئورارتووەکان خراوەتە ژێر رەحمەتی قاچاخچییەکان".
چەندین شار و شوێنەواری مێژوویی لە کوردستان بوونەتە ئامانجی ئەو کەسانە کە بە دوای گەنج و زێڕدا دەگەڕێن. بە زۆریش ئەو شوێنانە کراونەتە ئامانج کە پاشماوەی شارستانیەتی ئۆرارتون. لەمڕۆدا زۆرێک لە شوێنەوارەکانی ئورارتو لە ناو براون. ئەوەشی ماوەتەوە لە لێواری لەناوچوندایە. یەکێک لەو شوێنەوارانەش گردی زەراناکی-یە کە پایتەختی یەکەمی ئورارتوەکان بووە. شاری ئورارتور کە ٢ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەوە پێش دروستکراوە و نزیکەى ٧٠ هەزار کەسی تیادا ژیاوە، ئەمڕۆش هەر هەمان شکۆی خۆی هەیە. گردی زەرناکی لەلایەن ئورارتوەکانەوە لەسەر رووبەری ٢٧٠ هێکتار (١٠٨٠ دۆنم) دامەزراوە و وەک شارێکی پێش مۆدێڕنبونی جیهان دەناسرێت.
شاری ئورارتو کە لەسەر گردی زەرناکی دروستکراوە بۆ ماوەی دەیان ساڵ پایتەختی ئورارتوەکان بووە و شارەکەش لەسەر گردێک کە دەوکەوێتە بەری ژووری ئەردیش و دەریاچەی وانەوە دامەزراوە.
سەرباری ئەوەى شارێکى دێرین و لە مێژینەیە، بەڵام گردی زەرناکی-یان نەخستووەتە چوارچێوەى ناوچەى پارێزەراوە و بە بەرچاوی بەرپرسانەوە لە ناو دەبرێت. ئەو شارە کە نەخراوەتە لیستی پارێزراوەکانەوە ئێستا بووەتە ئامانجی ئەو کەسانەدا کە بە دوای گەنجینەدا دەگەڕێن. لە زۆربەى شارە دیرینەکاندا شوێنەواری هەڵکۆڵینی قاچاخچییەکان بۆ دۆزینەوەى گەنجینە دەبینرێت. بەهۆی ئەو هەڵکەندنانەوە شارەکە بەرەو لە ناو چوون دەڕوات.
نووسەر و لێکۆڵیە ئیکرام ئیشلەر وتی، شاری ئورارتو یەکێک لە ئاوەدانی و شارە گرنگەکانی جیهانە. سەرباری ئەو گرنگییەش کردوویانە بە زەوییەک و لەو رێگەیەوە هەوڵ دەدەن لەناوی ببەن. ئەگەر شارێکی لەو جۆرە لە هەر وڵاتێکى تردا بوایە و بۆ ئەوەى نیشانی جیهانیانی بدەن دەیانپاراست و ریگرییان لە تاڵانکردنی دەگرت.
ئیشلەر وتی، شوێنەوارە مێژوویەکانی کوردستانیان خستووەتە ژێر رەحمەتی دوپشک و مارەکان و بەو هۆیەوە هەندێک کەس کە بە دواى زێڕدا دەگەڕێن و ئاگاداری ئەوە نین، کە بۆ چەند قوروشێک مێژوو لە ناو دەبەن. لە بریی ئەوەى ئێمە ئەو شارە کە لە جیهاندا نمونەى شارێکى ئەندازەییە بە هاوسەنگی بپارێزێن، نۆژەنی بکەینەوە بۆ ئەوەى جیهان سەیری بکات، هەندێک مرۆڤ بە حەفارەی شارەوانی بەرد بەسەر بەردەوە ناهێڵن و تاڵانی دەکەن".
ئیشلەر وتی، هەڵوێستی دەوڵەت لەوبارەیەوە زۆر سەرەنجڕاکێشە و بەرپرسانی دەوڵەت چادر و خێمە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە دەهێنن نۆژەیان دەکەنەوە و دەیانپارێزن، بەڵام لە پاڵ خۆیاندا چاوپۆشی لە تاڵانکردنی شاری ئورارتو دەکەن. لە هەر شوێنێکی دونیادا تاڵانیی لەو جۆرە بەرامبەر بە شوێنەوارەکان بکرێت دەوڵەت سزای قورسی تاڵانچیەکان دەدات، بەڵام لێرە هیچ کارێک بۆ رێگریکردن لە تێکدان و تاڵانکردنی شوێنەوارە مێژوویەکان ناکرێت.
ئیشلەر ئەوەشی وت "لە وڵاتێکدا کە ئەوەندە گرنگی بە خێمە و چادرەکان دەدرێت، شوێنەوارى شارستانیەتی ئورارتوەکان، کە گەورەترین شوێنەواری مێژوویی ناوچەکەیە خراونەتە ژێر رەحمەت و چەپۆکەى ئەوانەى بە دوای گەنجینە و زێڕدا دەگەڕێن و بە رۆژی رووناک ئەو شوێنەوارانە تاڵان دەکرێن. ئەو هەڵوێستە ئیدانە دەکەین. ئێمە دەمانەوێت ئەوە بەبیر بهێنینەوە، کە دەبێت بە خێرایی کۆتایی بەو تاڵانی و کاولکارییە بهێنرێت، کە بەرامبەر شوێنەوارە مێژووییەکانمان دەکرێن".
ژ.ت