من هەڵگری سۆز و پەیمانی ئەوم، ئازاری ئەو هێندەى چیایەک مەزن بوو، ژانی ئەو، ژیانی ئەو، خەیاڵەکانی ئەو، بۆ من فرە گرانبەهایە، شەڕی ئەو، پێهەڵگرتنی ئەو بەرەو ئازادی، گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە ژیانمدا درووست کرد، چ لە ماڵێ و چ لە خوێندنگەش پەیوەندییمان پتەو بوو.
- بادینان
گەریلا تێکۆشین بۆتان سەبارەت بە شەهید بۆتانی برای وتی: ئەو برا بوو، هاوڕێ بوو، هەندێک جار دەوترێت دڵداری چیا بوو، هەندێک جاریش شەڕڤان و گەریلای ئازادیی کوردستان بوو، ڕاستییەکەى ئەو بۆ من هەموو شتێک بوو، ئێستا لەسەر ڕێ و پەیمان و سۆزی ئەو تێدەکۆشم، لە لوتکەى ئەم چیایانەش بۆ ئەو دەجەنگم.
گەریلای یەژاستار تێکۆشین بۆتان، لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە بەشداربوونی خۆی و شەهیدبوونی برا و هاوڕێی خۆی بەم شێوەیە دوا، لە ساڵی ۱۹۹۷ لە شارۆچکەی کەلاری سەر بە گەرمیان لەدایکبووم، سەرەتاوە هیچ ئاشنایەتییەکم بۆ تەڤگەری پەکەکە نەبوو، بەڵام پاشان لە ڕێی براکەمەوە ساڵی ۲۰۱٥ بەشداری نێو ڕیزەکانی پەکەکە بووم، لە کۆمەڵگای باشووری کوردستاندا گەورە بووم و قۆناغەکانی خوێندنم تا پۆلی نۆی ئامادەیی لە شارۆچکەی کەلار خوێند، دواتر کاتێک شەهید بۆتان گەرمیانیی بەشداریی تێکۆشان بوو، منیش ڕێبازی براکەمم هەڵبژارد، لەبەر ئەوەی خانەوادەکەم بەشداربوونی منیان پەسەند نەدەکرد، بۆتان هەمیشە لە کار و خەباتدا بوو، منیش لە ڕێی ئەوەوە بەشداری نێو ڕیزەکانی پەکەکە بووم، ئەوکات لە ژیانی مندا گۆڕانکارییەکی گەورە بیچمی گرت، بەڵام خێزانەکەم ئەمەیان پەسەند نەدەکرد و گفتوگۆیەکی زۆر لەوبارەیەوە درووستبوو، بۆ من وەک فیلمێک بوو، بەڵام من خۆم بە پارچەیەک لەو تێکۆشانە دەزانی، لە قۆناغەکانی سەرەتادا لە ڕووی زمانەوە نەختێ بۆ من دژوار بوو، لە چیادا هەڤاڵانی دەوروبەرم هەمیشە هاوکاریی منیان دەکرد، مرۆڤ لە ژیانی شۆڕشگێڕییدا چەند ئاستەنگی ژیان بچێژێ زیاتر فێر دەبێت، هەڤاڵێتی لەنێو پەکەکەشدا جیاوازە، هەڤاڵانی دەوروبەرم هاوکاریی و گوڕێکی گەورەیان پێ دەبەخشیم، من بەو ژیانە پڕ لە هەوڵدان و ماندووبوونە بێ بەرژەوەندییە زۆر کاریگەر بووم، هەڤاڵ بۆتان هەندێکجار نامەی بۆ دەناردم، هەمیشە هێز و پەیوەندیداربوونی ئەو وای لە من دەکرد لەسەر پێیەکانم ڕاوەستم، لە چیادا ڕۆژ بە ڕۆژ پتر بە تەڤگەری ئازادی گرێدراو دەبووم، بە کورتییەکەى من بۆ ئەو و ئەویش بۆ من شەڕڤانی ئازادی بووین.
'لەسەر ڕێگای لەیلا قاسم و ڤیان سۆرانم'
گەریلا تێکۆشین گەرمیان ئاماژەی بەوەدا، هەندێک کەسایەتیی ژنی شۆڕشگێڕ بە بەرخۆدان و تێکۆشان مۆری خۆیان لە میژوو داوە. بەم شێوەیە بەردەوامیی بە قسەکانیدا، لەیلا قاسم ژنێکی ڕاپەڕیو بوو، لە تێکۆشانی خۆیدا لە بەرانبەر ڕژێمێک سەری نەوی نەکرد، لە مێژووی کورددا چەندان ژن هەیە، کە بە بەرخۆدان و تێکۆشان مۆری خۆیان لە مێژووی سەدەیەک داوە، لە قۆناغی سەرەتادا لەسەر تێکۆشانی ژنان هۆشیاریم نەبوو، واتایەکی مێژوویی و زانستیی لام نەبوو، لە کۆمەڵگای باشوری کوردستاندا شۆڕشگێڕی مەزن هەڵکەوتوون، ڕاستییەکەى سەرمایەیەکی گەورەی بەرخۆدان لە باشوری کوردستاندا هەیە، ڤیان سۆران بە شوێنکەوتنی ئازادی، بەهایەکی گەورە و گرانی دا بە ژنانی کورد و گەلی باشووری کوردستان، منیش وەک تێکۆشین بۆتان لەنێو ڕیزەکانی گەریلای کوردستاندا، گەرەکمە بەردەوامی بە ڕێبازی لەیلا قاسم و ڤیان سۆران بدەم.
'فۆلکلۆر فەرهەنگی کوردانە'
لە چیادا فەرهەنگی فۆلکلۆریی و هەڵپەڕکێی کوردەواریی پێش دەخرێت، هەر هاوڕێیەکمان بەگوێرەی فەرهەنگ و میراتی هەرێمەکەی خۆی دەیکات، هەروەها لەنێو گەریلادا فەرهەنگی کوردان دەوڵەمەند دەبێت، هەندێک هاوڕێمان بە فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی سۆران گەورە بوون، هەندێک هاوڕێی ترمان بە گوێرەی فەرهەنگی باکووری کوردستان، وەک شارەکانی مێردین و وان و شرناخ، گەورەبوون، منیش وەک گەریلایەکی ئازادیخواز ماوەیەکی درێژە بە کار و خەباتی فۆلکلۆرییەوە سەرقاڵم، لەسەر فۆلکلۆر و کلتوری کوردان خۆم پێش دەخەم، فۆلکلۆر و گۆرانی، فەرهەنگی هەزاران ساڵەی کوردە، ئێمە لە چیادا هەم فەرهەنگی خۆمان دەپارێزین و هەم لە بواری سەربازیشدا خۆمان پێش دەخەین، ژن لەنێو تێکۆشانی ئازادییدا کەڵەبازی ناوە، لە هەر بەشێکی ژیاندا دەنگ و ڕەنگی خۆی هەیە، ژن لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا خۆی بەرپرسیار دەبینێت، لەناو تەڤگەری ئازادیشدا مانای بەرخۆدانی خۆیەتی، ژن دەتوانێت فەرهەنگ و فۆلکلۆری کوردان بپارێزێت.
'هەڵگری سۆز و پەیمانی ئەوم'
گەریلا تێکۆشین گەرمیان، لە درێژەی قسەکانیدا سۆز و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە براکەی هێنایە زمان و وتی: من هەڵگری سۆز و پەیمانی ئەوم، ژانی ئەو هێندەى چیایەک مەزن بوو، ژانی ئەو، ژیانی ئەو، خەیاڵەکانی ئەو، بۆ من زۆر گرانبەهایە، شەڕی ئەو، پێهەڵگرتنی ئەو بۆ ئازادی، گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە مندا دروستکرد، چ لە ماڵێ و چ لە خوێندنگەش، پەیوەندییمان پتەو بوو، من وەک گەریلا و ژنێکی چیایی، لەسەر ڕێبازی برا و هاوڕێی خۆم، لە پێناو پەیمان و خەیاڵی ئەو، بۆ ئەوەی بتوانم ئەرکەکانم لە ڕیزی تێکۆشاندا پێک بهێنم، ئێستا لەنێو ڕیزەکانی گەریلادا بۆ ئازادی دەجەنگم، براکەم لە چیاکانی کوردستان شەڕڤان و شۆڕشگێڕی گەلی خۆی بوو، براکەم لەسەر ڕێی تێکۆشانی ئازادی جەنگا و لە ۱۹ی تەمموزی ساڵی ۲۰۱٦دا چووە کاروانی نەمران، بۆ ئازادیی ڕێبەر و گەلی خۆم هەڵگری پەیمان و ڕێبواری ڕێگای ئەوم.
'هاوڕێی دۆزی من بوو'
لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا: لە ساڵی ۲۰۱٦ ئەوکاتەى هاوڕێ و براکەم لە خواکورک شەهید بوو، من نەگریام، تێگەشتم کە ئەو بەهەزاران هاوڕێی خۆی لە ڕێگای ئازادییدا گیانیان بەخشیوە، بۆتانیش یەکێک بوو لەو هەزارانە، دەنگی سازی ئەو لە ڕۆح و ژیانی مندا دەچریکێنێ، لە سەر چیایەک و لە ژێر دارێکدا وەک هاژەی شەپۆل و ئاوازی بولبول دێتە زمان، ڕێگای ئەو و ناونیشانی ئەو بۆ من، ڕێگای ڕووناکییە، ئەو برای گەمەی منداڵیم بوو، ئەو هاوڕێی ڕێگای خۆی بوو، سێبەری ئەو و بەژنی ئەوم جارێک بینی، کاتێک ڕاپەڕیم لەسەر ڕێگای ئەو بەڕێ کەوتم، هەردەم تاسەی بینین و هاتنی نامەیەکی ئەوم دەکرد، لە ناوچەیەکی دوور و لەنێو گاشەبەردەکانی قەندیل یەکترمان بینی، ئەو چوو، بەڵام یادگارییەکانی ئەو، ساز و ڕێگاکەی و ئەو چیایانەی لێی جەنگاوە، ماوەتەوە، من لەگەڵ هەڤاڵەکانی ئەو، لەسەر شوێنپێکانی ئەو هەنگاوم هەڵێنا و هاتم، ئێستا هەموو شتێکی ئەو بۆ من سەرمایەیەکە، بۆتان ڕێگای من و هیواکانی من فراوان دەکات، ئەو لە پێناو ژیانی ئێمەدا چوو، منیش لە پێناو خەیاڵەکانی ئەودا دەجەنگێم، تفەنگەکەى ئەو بەپێوە نەما، لێ من بە هەموو گوژمێکەوە لەسەر پەیمان و دۆزی ئەو لەسەر چیاکانی کوردستان ئاڵاکەی هەڵ دەکەم، تێکۆشانی هاوڕێکانی و هێزەکانی گەریلایش دۆزی ئەو بەڕێوە دەبەن، بە تفەنگەکەم و چریکەی سازی ئەو، لەسەر چیایەکدا گۆڤەندی ئازادیی بۆ دەگێڕم، ئەو برا و هەڤاڵ بوو، لە گەمەى منداڵییەوە بگرە تا کۆتایی هاوڕێی دۆزی من بوو.
ژ.ت