عێراق لەسەر قەدەغەکردنی تەڤگەری ئازادی داوای ڕوونکردنەوە لە هەرێم دەکات

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای ڕوونکردنەوە لە هۆکاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی لە حکومەتی هەرێم دەکات و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشی لێ ئاگادار دەکاتەوە.

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە بەرامبەر داخستنی بارەگاکانییان لە هەرێمی کوردستان سکاڵایان گەیاندە فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکان و ئەنجوومەنی کۆمسیارانی عێراق و دوێنێش گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

حسێن کەرکوکی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی و ئەندامی شاندەکە بە رۆژ نیوزی راگەیاندووە، ئەنجوومەنی کۆمسیاران و فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایانگەیاندووە، بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم نایاساییە و قبوڵ نەکراوە.

هەروەها، ئاشکرایان کردووە، کە بە نووسراوی فەرمی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕوونکردنەوە بدات لەبارەی داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانەوە و دەبێت هۆکارەکەی دەستنیشان بکات.

باسیان لەوەش کردووە، کە لەسەر ئەو پێشێلکارییەی حکومەتی هەرێم وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئەنجومەنی وەزیران ئاگادار دەکەنەوە.

هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانە مەعن هیتاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران و عەبدوڵا فازل، بەڕێوبەری فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە لەکاتی پێدانی مۆڵەت بە تەڤگەری ئازادی، بە نووسراو داوای ئەستۆپاکیی تەڤگەری ئازادییان لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کردووە و ئەوانیش بە ئەرێنی وەڵامیان داوەتەوە، ئیدی چۆن ئێستا خۆیان بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر دەدەن؟

بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تەڤگەری ئازادی لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکى تر تۆمار بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ / ٤ی سەرماوەز بڕیارێکی بڵاوکردەوە، کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی مۆڵەتیی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە، بارەگاکانیان دابخەن و ڕێگاش بە ئەنجامدانی هیچ چالاکییەکیان نادرێت، لەو چوارچێوەیەشدا بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەى کوردستان داخران.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ڕۆژی ١٧ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٤ / ٢٥ی گەڵاڕێزان دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە داوای مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەزارەتەکە وەڵامی نەداوەتەوە.

هاوکات تەڤگەری ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان بەپێى یاسای حیزبەکان لە عێراقدا، داواى مۆڵەتیشی لە حکومەتى عێراق کردبوو. لە ئەنجامدا ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ / ١٣ی سەرماوەز بە فەرمی وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.

ر.م