قەیتان: بارودۆخى ئیمرالی مەترسیدارە

عەلی حەیدەر قەیتان رایگەیاند، پێویستە بۆ ئازادیى رێپەر ئاپۆ لە هەموو وڵاتە ئەوروپییەکاندا هێزە دیموکراتیکەکان بەشداریى چالاکییەکان بکرێن و ئەو هێزانە بۆ ئازادیى رێبەر ئاپۆ گوشار لەسەر حکومەتەکانى خۆیان دروست بکەن.

عەلی حەیدەر قەیتان رایگەیاند، پێویستە بۆ ئازادیى رێپەر ئاپۆ لە هەموو وڵاتە ئەوروپییەکاندا هێزە دیموکراتیکەکان بەشداریى چالاکییەکان بکرێن و ئەو هێزانە بۆ ئازادیى رێبەر ئاپۆ گوشار لەسەر حکومەتەکانى خۆیان دروست بکەن.

عەلی حەیدەر قەیتان ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى گۆشەگیریى بەرنامە بۆ داڕێژراو لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى گەلی کورد و چالاکییەکان بۆ ئازادکردنی بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) دوا.

قەیتان لە سەرەتاى قسەکانیدا ٤ى نیسان رۆژبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى گەلی کوردی پیرۆز کرد و ئاماژەى بەوە کرد، کە گۆشەگیرییەکى قورس لە ئیمرالی هەیە. سەربارى ئەوەى چاوپێکەوتن ئەنجام نادرێت لە رۆژی ٥ى نیسانی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک لە ئیمرالییەوە نایەت و دۆخى ئیمرالى نادیارە. لەو بارەیەوە وتى "بەهۆى ئەو دۆخەوە گەلەکەمان ئەمساڵ لە ترس و نیگەرانیدا پێشوازیى لە رۆژبوونى رێبەرایەتیى کرد. لە پیرۆزباییەکەدا زیاتر لە دڵخۆشی، توڕبوون هەبوو، چونکە بەراستى دۆخەکە ترسناکە. ئێمە لە قۆناغێکداین، کە زۆر زیاتر لە سەردەمى 'چیلەر – گیورەش – ئاغار' قورسترە. ڕووبەڕوی رژێمێکى فاشیستى لەوجۆرە بووینەتەوە، کە دەیەوێت هەموو کورد پێکەوە بسڕێتەوە و پاکتاو و کۆمەڵکوژى بکات. هیچ ئەستەم نییە، رژێمێکى لەو جۆرە لە هەلومەرجی گۆشەگیریى بەرنامە بۆ دانراودا، کردەوەى وەحشیانە بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ ئەنجام نەدات. بۆ ئەوەش گرنگە ئێمە و دۆستەکانمان لە هەموو کات زیاتر لەسەر ژیان و تەندروستى و ئاسایشى رێبەر ئاپۆ بە هەستیارییەوە بجوڵێینەوە".

"ئەوەى هەیە گۆشەگیرییەکى رەهایە"

عەلی حەیدەر قەیتان رایگەیاند، سیستمى ئیمرالی سیستمێکى نێودەوڵەتییە. سیستمێکى ئەشکەنجەیە کە زۆر لە سیستمى گوانتانامۆ قورسترە و لەو بارەیەوە وتى "سیستمى ئیمرالی بۆ کەسێک دروستکراوە، بەڵام لە دەرەوەى یاسا و مافەکان. ئەو سیستمە لە ناو هیچ بەها و نۆرمێکی نێونەتەوەیدا جێگاى نابێتەوە. رێبەر ئاپۆ مرۆڤێکى جیهانى شارستانیى درۆین نییە بۆ ئەوە بە نەبوو حسابى بۆ دەکەن و لە هەموو مافەکانى زیندانییە سیاسییەکانى تر بێبەشکراوە. چەندین ساڵە لە زیندانێکدا لە ناو دوورگەیەکدا بە تەنها خۆى لە گۆشەگیرییەکى قورسدا راگیراوە. ئەو دۆخە کە هەیە تەنها گۆشەگیرى نییە، ئەوەى هەیە گۆشەگیریى رەهایە. گۆشەگیریى رەها دۆخێکى داخراوە و بە بەنەبینراوی دەزانن. لە ٥ى نیسانى ٢٠١٥ەوە تاوەکو ئێستا دۆخێکى لەو شێوەیە لە گۆڕێدایە".

"سى پى تی بە پێچەوانەی بنەما گشتییەکانی دەجوڵێتەوە"

قەیتان ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کەجەکە ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کۆمیتەى جیهانى دژ بە ئەشکەنجەى ئەنجوومەنى ئەوروپا (CPT) ٢ ساڵ لەوە پێش سەردانى ئیمرالى کرد و سەربارى پێداگریى گەلی کورد بۆ ئاسایش و تەندروستیى ئۆجەلان، دواى ٢ ساڵ راپۆرتى ئەو سەردانەى بڵاوکردەوە.

قەیتان وتی، کاتێک دەوڵەتى تورک بۆ پاکتاوى ئیتنیکى و نەتەوەیى دەستیکرد بە داگیرکردنى عەفرین، سی پى تى لەسەر بارودۆخى ئیمرالی راپۆرتەکەى بڵاوکردەوە و لە راپۆرتەکەیاندا نووسیویانە، بارودۆخى رێبەر ئاپۆ "ئاساییە". قەیتان وتیشى، سەردانەکەى سى پى تى ٢ ساڵى بەسەردا تێپەڕیبوو، لەو ٢ ساڵەدا بارودۆخى سیاسی گۆڕانکاریى ریشەیى بەسەردا هات و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا زانیارى لە ئیمرالییەوە لەبەردەستدا نییە، لەبەر ئەوەیە راگەیاندراوەکەى سى پى تى مەترسیدارە.

 قەیتان ئەوەشی دەستنیشانکرد، بەپێى پێوەرە گشتییەکانی سی پى تى، ئەگەر شاندێکە ئەشکەنجە و کردەوەى خراپى دەستنیشانکردبێت و بۆ باشترکردنى دۆخەکەش چەند پێشنیازێکى کردبێت و ئەگەر ئەو پێشنیازانە جێبەجێ نەکرابێت، ئەوا دەبێت سى پى تى راپۆرتەکەى لە کاتى خۆیدا ئاشکرا بکات، بەڵام سی پى تى بە پێچەوانەى ئەو پێوەرە گشتییە جوڵاوەتەوە و بە وتنى "دۆخەکە ئاساییە" پێبەند نەبووە بە پێوەرە گشتییەکەیەوە.

"جلوبەرگى تاک رەنگیان بەسەر رێبەرایەتیدا سەپاند، رێبەرایەتیش رەتیکردووەتەوە"

قەیتان باسى ئەوەیکرد، بەڕێوەبەرانى کەجەکەش لە راگەیاندراوێکدا بە توندى ئەوەیان ئیدانەکرد و رایانگەیاند، کاتى بڵاوکردنەوەى راپۆرتەکەی ئیمرالی دواى ٢ ساڵ بوو و ئەوەش بە سات و سەودا کراوە و بۆ ئەوەش بەڵگەیان لە دەستدایە.

قەیتان لەوباریەوە وتی "بەپێى ئەو راگەیاندراوە شاندێک کە نوێنەرى باڵیۆزخانەى باڵاى رووسیایشى لە ناودا بووە، چوون بۆ ئیمرالی و بۆ ئەوەى پشتیوانى بۆ داگیرکردنى عەفرین بەدەستبهێنن، گوشاریان لە رێبەر ئاپۆ کردووە. بۆ ئەوەى گوشارەکەیان سەربخەن، رادیۆ و تەلەفزیۆنێک کە چەند کەناڵێکى تێدابووە، لێسەندووەتەوە. هەروەها گوشاریان خستە سەر رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەى جلوبەرگى تاک رەنگ لەبەر بکات. بەپێى ئەو زانیارییانەى لەبەردەستماندان، ئەو شاندە نەک جارێک، بەڵکو لە کاتى داگیرکردنى عەفریندا چەند جار سەردانى ئیمرالیى کردووە. ئێمە دەزانین کە رێبەرمان گوشار و زۆردارییەکانى رەتکردووەتەوە".

 "دەبێت هێزە دیموکراتیکەکان هەوڵى زیاتر بدەن بۆ ئازادیى رێبەرایەتى"

عەلی حەیدەر قەیتان لە درێژەى وتەکانیدا باسى لەو چالاکییانە کرد کە بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى گەلی کورد ئەنجام دەدرێن و وتى، چالاکییەکان لە وڵاتانى ئەوروپی و زۆرێک لە وڵاتانى تر بە بەردەوامى بەڕێوە دەچن و بۆ ئەوەش سوپاسى هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کرد، کە بەشداری ئەو چالاکییانە دەبن و وتیشى "ئەو چالاکییانە باشن، بەڵام وەک پێویست نین و نابێت بە چالاکییەک بزانرێن، کە هەموو شتێکن، چونکە هاوکات لەگەڵ ڕەنج و هەوڵدانى زۆر گەورەدا بۆ ئازادیى رێبەر ئاپۆ، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە گۆشەگیرى لەسەر رێبەرەکەمان لاببەین".

قەیتان ئاماژەى بە شێوازى نوێى چالاکییەکان کرد و وتى "دەبێت هەر چالاکییەکمان خزمەت بگەیەنێت بە ڕێکخستنى مرۆڤانە. دەبێت بەو مرۆڤانەی کە بە رێکخستنمان کردوون ئاستى چالاکییەکان بەرزتر و زیاتر بکەین. ئەوەتا رێبەر ئاپۆ دەڵێت، بۆ چالاکى بە ڕیکخستنکردن پێویستە و بۆ بەڕێکخستنکردینش چالاکى پێویستە".

قەیتان ئەوەشى راگەیاند، دەبێت بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى گەلی کورد لە هەر وڵاتێکى ئەوروپیدا، هێزە دیموکراسیخوازەکان بەشدارى چالاکییەکان بن و ببن بەو هێزەی کە بتوانن گوشار لە حکومەتەکانى خۆیان بکەن بۆ ئازادیى رێبەر ئاپۆ.  

قەیتان وتیشى "بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە لەسەر ڕێگا و رێبازى لەوجۆرە کار بکەین، کە هێزە لایەنگرەکانى دیموکراسی و ئاشتى بهێنینە ناو ئەو جموجوڵ و چالاکییانەوە. زۆرێک لە ولاتە ئەوروپییەکان چەندین چەکى جۆراوجۆر بە تورکیا دەفرۆشن و چەکەکانیش بۆ شەڕی پاکتاوکردن و سڕینەوەى گەلی کورد بەکاردەهێنرێن. تورکیا هەموو ئەو پەیمان و پرۆتۆکۆڵانەى کە واژۆى کردوون پێشێل دەکات و حکومەتەکانى یەکێتیى ئەوروپاش لەو پێشێلکارییانە بێدەنگن. چاوپۆشی لە تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى دەکەن، کە دیکتاتۆر ئەردۆغان ئەنجامى دەدات. ئەو چالاکییەکانەى کە تەنها کورد تیایدا بەشدارن، ئەو گوشارە لەسەر دەوڵەتە ئەوروپییەکان دروست ناکات، کە ببێتە هۆى دەستبەرداربوون و کشانەوەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان لەو سیاسەتەیان کە ئێستا بەڕێوەى دەبەن. بۆ ئەوەش بە ناچار دەبێت زیاتر لەوەى کە هەیە ئەوروپییەکان بۆ ئازادیى رێبەرەکەیان بەشدارى چالاکییەکان بکەن. ئەگەر ئێمە بتوانین ئەو کارە بکەین ئەوا چالاکییەکانمان ئەنجامى زیاتریان دەبێت".