قەیرانی ئابووری کاریگەریی لە سەر جەژنیش دانا

پێش جەژنی ڕەمەزان دوکانداران بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە نەیانتوانی کار بکەن و هاووڵاتییانیش ناتوانن پێویستییەکانیان بکڕن.

ماوەیەکی کەم ماوە بۆ جەژنی ڕەمەزان، بەڵام هاووڵاتییان تا ئێستاش نەیانتوانیوە پێداویستییەکانیان بۆ جەژن بکڕن. لەگەڵ ئەوەی ٢ رۆژ جەژن ماوە، بەڵام لە وان و ناوچەکانی شەقامەکان بێ هاتووچۆن. لەو شەقامانەدا، کە هەموو ساڵێک سەدان  دوکاندار شت و مەکیان لێ دادەنا بە هۆی قەیرانەوە ئێستا ئەو شەقامانە چۆڵن.

قەیرانی ئابووری هەم گاریگەریی نەرێنی لە سەر دوکانداران و هەمێش لە سەر هاووڵاتییان داناوە. دوکاندارەکانی وان پێش هەر جەژنێک بۆ بازرگانی لە سەر سنوور شت و مەکی هەرزانیان دەهێنا. پاش ئەوەی کە ئاکەپە بازرگانیی لە سەر سنوور قەدەغە کرد، دوکاندارەکان نەیانتوانی شت و مەکی هەرزان بهێنە بازاڕەکانەوە. شاری وان کە ناوەندی ئاژەڵداری بوو، بە هۆی سیاسەتەکانی ئاکەپەوە ئەو کارەش ئێستا باوی نەماوە. پاش ئەوەی ئاژەڵداری و کشتووکاڵ لە شاری وان کەم بوو، توانای ماددیی هاوووڵاتییانیش بەرەو کەمبوون چوو.

هەژاری لەبەرزترین ئاستدایە. لە شاری وان  بێکارییەکى زۆر هەیە لە هەر ٤ گەنج ٣ گەنجیان بێکارن. خەڵکی ئەو ناوچەیە بە هۆی بێکارییەوە بەرەو مەترەپۆل و گەورە شارەکانى تورکیا کۆچ دەکەن تاوەکو لەوێ کارێکیان دەستبکەوێت.

ئایدین ئۆڵمەز باوکی ٤ منداڵە و زانکۆی تەواو کردووە و بێکارە. ئۆڵمەز ڕایگەیاند، ٢ رۆژی ماوە بۆ جەژن، بەڵام تاوەکو ئێستاش نەیتوانیوە شت و مەک بۆ جەژن بکڕێت و پارەی ئەوەشی نییە بۆ جەژنی رەمەزان شیرینیمەنی و چەرەسات و جلو بەرگ  بۆ منداڵەکانی بکڕێت.

ئۆڵمەز راشیگەیاند "من زانکۆم تەواو کرد، بەڵام چەندین مانگە بێکارم. ماوەیەک پێش من مامۆستایەتیم دەکرد، هەندێک جاریش  کاری بیناسازیم دەکرد، بەڵام ئێستا بێکارم. بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت مامۆستایەتی بکات دەبێت کەسی ناسیاوی لە ناو ئاکەپە دا هەبێت. ئە گەر تۆ ئاکەپەیی نەبیت ناتوانیت مامۆستایەتی بکەیت. کاری بیناسازیش ئێستا بە هۆی قەیرانەوە ڕاوەستاوە. ئیتر ئێمەی بێکار دەبێت چۆن پێشوازی لە جەژنی رەمەزان بکەین. بە هۆی ئەوەی، کە پارەمان نییە ناتوانین پێداویستییەکانی جەژن بکڕین، بە هۆی ئەوەی کە ئێمە ناتوانین شتێک بکڕین دوکاندارەکانیش ناتوانن کەلوپەل و پێداویستییەکان بفرۆشن و ئەوانیش بێکار بوون."

ئادەم کایا چەندین ساڵان گوندەکەی خۆیاندا کاری ئاژەڵداری و کشتووکاڵی دەکرد، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە ناچار بوو کۆچ بۆ شار بکات.

کایا ڕایگەیاند، بە هۆی بێکاری و هەژارییەوە مرۆڤەکان دڵخۆش نین، چونکە ئەم دەسەڵاتى ژیانى هەموومانى وێرانکرد. ئەو دەسەڵاتە جەژنیشی بێ ماناکرد. ئێمە چۆن لە جەژندا دڵخۆش بین؟ کار نییە. مرۆڤ نازانێت چۆن نان بۆ خۆی پەیدا بکات، بۆیە کەس بیر لە جەژن ناکاتەوە".

ر.م