قەیومەکانى ئاکەپە، کە لە رێگەى دەسەڵاتی حیزبەکەیانەوە دەستیان بەسەر شارەوانییەکانى گەورە شاری وان و ئارتەمێنت دا گرتووە، مزگەوتەکان لە دژی کۆرۆنا دەرمانڕێژ دەکەن، بەڵام هیچ بۆ کڵێسەکانی ئەو شارانە ناکەن و ئەوەش ناڕەزایەتیی کۆمەڵەى کڵێسەکانی وانی لێکەوتوەتەوە.
دەستەى سەرۆکایەتیى فەرمانگەى تەندروستیی شاروانیى گەورە شاری وان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) دەستی کردووە بە دەرمانڕێژکردنی مزگەوتەکان و شوێنەکانى کۆرسی قورئان.
هاوکات پاسەکان، مینی پاسەکان، فەرمانگە گشتییەکان درەمانڕێژ دەکرێن.
قەیومەکانى ئاکەپە دەرمانڕێژکردنى مزگەوتەکان وەک پڕوپاگەندەش بۆ خۆیان بەکار دەەهێنن.
بەڵام قەیومەکان کڵێسە و کەنیسەکانى شارەکانى وان و ئارتەمێنت-یان پشتگوێخستووە و وەک ئەوەى هەر نەبن، هیچیان بۆ نەکردوون و ئامادە نەبوون لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرمانڕێژیان بکەن.
کۆمەڵەى کڵێسەکانى وان، کە نوێنەرایەتى ٢ کڵێسەى دێرین و گەورەی ئەو شارە دەکات، ناڕەزایەتیی لە دژی ئەو جیاکارییەی قەیومەکانى دەوڵەتى تورک نیشاندا.
واحید یڵدز سەرۆکی کۆمەڵەى کڵێسەکانى وان رایگەیاند، بابەتى تەندروستی راستەوخۆ پەیوەندیی بە مرۆڤەکانەوە هەیە و دەبێت بەشێوەى یەکسان لەگەڵ مرۆڤەکان و شوێنە گشتییەکاندا مامەڵە بکرێت.
یڵدز راشیگەیاند "ئێمەش دەمانەوێت کاری دەرمانڕێژکردن لە کڵێسەکانیش ئەنجام بدرێن. هەموو رۆژێک سەدان کەس سەردانى کڵێسەکان دەکەن، بۆیە دەبێت کڵێسەکانیش دەرمانڕێژ بکرێن".
ژ.ت