'قەیوم درێژەی پلانی سڕینەوە و لەناوبردنە'

ئومێد دەدە هاوسەرۆکی هەدەپەی وان ناڕەزایی بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین خستەڕوو و وتی: "ئەوە درێژەی پلانی سڕینەوە و لەناوبردنە".

وەزیری کاروباری ناوخۆی دەوڵەتى تورک لە ١٩ی ئابی ٢٠١٩ / ٢٨ی گەلاوێژ هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی هەدەپەی لە ئامەد، مێردین و وان لە کار دوور خستەوە و پارێزگاری شارەکانی لە شوێنیان دانا وکردنی بە قەیوم. ناڕەزایی گەل ٨ ڕۆژە لە شەقامەکان بەردەوامە. هاوسەرۆکی هەدەپەی وان پارێزەر ئومێد دەدە سیاسەتەکانی قەیوم-ی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە و هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی هەڵسەنگاند.

'قەیوم کودەتای سیاسییە'

دەدە ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپە بە سیاسەتی لەناوبردن شەڕەکەیان لە دژی کورد بە قەیومەکان درێژە پێدەدەن و ئەوەی باسکرد، ئاکەپە لە ساڵی ٢٠١٥دا لە دژی کورد و سیاسەتی کورد شەڕی ڕاگەیاند. دەدە وەبیری هێنایەوە، دوای ئەوەی ئاکەپە قۆناغی ئاشتی تێکدا، بە هەموو هێزییەوە هێرشی کردە سەر کورد و بەو شێوەیە قسەی کرد: "قەیوم کودەتای سیاسییە لە دژی سیاسەتی کورد. کاتێک مرۆڤ قەیومەکان هەڵبسەنگێنێت چەندین ڕووی سیاسیی هەیە. قەیوم شەپۆلی دووەمی سیاسەتی چۆکپێدانانە. هەروەها ئەو ڕووداوانەی لە ئیدلب ڕوودەدەن و ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی خاکی هەرێمی فیدراڵی باشووری کوردستانیش بەشێکە لەو سیاسەتەی ئاکەپە".

'شارەوانییەکانی گەلیان وێران کرد'

دەدە هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی لەبارەی قۆناغی چارەسەریی ساڵی ١٩٩٣ وەبیر هێنایەوە و وتی: "بەڕێز ئۆجالان هەمیشە دەڵێت، 'لەناو دەوڵەتدا هەندێک کەس هەن، بەردەوام بە ڕووداوی چەواشەکاری قۆناغەکان بە بنبەست دەگەیەنن و لەبەرامبەر قۆناغەکە دەبنە بەربەست. ئەو کەسانەش خاوەن هێزن، تورکیا دەخەنە شەڕەوە' دوای ئەوەی لێدوانەکانی بەڕێز ئۆجالان بۆ ڕای گشتی بڵاو کرانەوە، لە ١٩ی ئابدا هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان لە ئەرک دوور خرانەوە و پارێزگارەکانیان لەشوێنیان دانان. پێشبینییەکانی ئۆجالان یەک بەیەک دێنەدی. بە بەرخۆدانی چالاکییەکانی مانگرتن گۆشەگیرییە قورسەکە تاڕادەیەک لەسەر ئۆجالان لاچوو و پارێزەران دوای ماوەیەکی درێژ دیداریان کرد. ئەو دیدارانە هیوای ئاشتی لەناو کۆمەڵگەدا زیندوو کردەوە. ئاکەپە بە سەپاندنی قەیومەکان ئەو هیوایانەی تێکشکاند و تورکیایان خستەوە ناو ئاڵۆزیی. لە کاتی قەیومەکاندا زۆر دزی و گەندەڵی کران، ئێستا ئاکەپە دەویەوێت ئەو گەندەڵکارییە بەردەوام بکات. هەروەها دەرفەتەکانی شارەوانی پێشکەشی لایەنگرەکانی خۆیان کرد و شارەوانییەکانی گەلیان وێران کرد. ئاکەپە بۆ ئەوەی ڕاستیی قەیومەکان نەبینرێت، جارێکی دیکە قەیومیان سەپاندەوە و دەستیان بەسەر ئیرادەی گەل دا گرت".

'هەزار ڕۆژە چالاکی قەدەغەیە'

دەدە ئەوەشی باسکرد، لەم چوار ساڵەی دوایدا گوشاری توند لەسەر گەلانی تورکیا هەیە و وتی: "لە وان سیاسەتی جیاواز پەیڕەو دەکرێت و ئاکەپە دەیەوێت وان لە نوێوە دیزاین بکاتەوە. زیاتر لە هەزار ڕۆژە لە شارەکە هەموو چالاکییەک قەدەغەیە، ڕاگەیاندراو لە دەرەوە قەدەغە کراوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لەو کاتەوە تا ئێستا لە وان سێ پارێزگار گۆڕاون و پارێزگارەکانیش ئەو کۆنسێپتە بەردەوام دەکەن. هەموو مافە دیموکراتییەکانمان بۆ چالاکیکردن زەوت کراون. لە کاتی هەڵبژاردندا هەموو حزبەکان مافی پڕوپاگەندەیان هەیە، لە سەرتاسەری شار و ناوچەکانیشی چالاکییەکانی ئێمە قەدەغە کران و ئاڵاکانی ئێمە داگیران. دوای ئەوەی قەیوم دیسان سەپێنرانەوە، ئەو گوشارانە توندتر بوون. پۆلیس بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر گەل، پەرلەمانتار و ئەندامەکانمان. لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتارەکان پارێزبەندیان هەیە، هەموو ڕۆژێک پەرلەمانتار لە وان بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و لێیان دەدرێت. هەورەها لە شارەکە زیاتر لە ٨٠ کەس دەستبەسەر کراون، لەوانەش ٣٨ کەسیان ڕەوانەی دادگا کراون".

'قەیوم ناڕەوا و نایاساییە'

دەدە، بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "قەیوم ناڕەوا و نایاساییە. ئەوە دزییە، ئاکەپە – مەهەپە بۆ ئەوەی تێکۆشانی گەلی کورد لەناو ببەن هەموو جۆرە سیاسەتێک بەڕێوەدەبەن. بەڕێز ئۆجالان بانگەواز بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات، بەڵام بەداخەوە ئێستا عەقلیەتی دەوڵەت لەو ئاستەدا نییە، بۆیە کاری لەو شێوەیە دەکات. سیاسەتی قەیومەکان بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردەوەیە. هەتا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت ئەو ئالۆزییانە لە تورکیا درێژەیان دەبێت".

ژ.ت