لە بەدلیس و خواکورک ١٣ سەربازی سوپای تورک کوژران

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە رایگەیاند، هێزی گەریلا لە باکوور و باشووری کوردستان لە دژی سەربازانى سوپای تورکی داگیرکەر چالاکییان ئەنجامداوە. لەو چالاکییانەدا ١٣ سەربازی سوپای تورک کوژراون، کە یەکێکیان پلەکەى ئەفسەرە و ٧ سەربازی تریش بریندار بوون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەى چالاکیى هێزەکانی گەریلا لە باکوور و باشووری کوردستان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە:

"زەفەر ئاککوش ئەفسەرى جەندرمە و ٦ سەرباز کوژران"

ماوەیەکە سوپای تورکی داگیرکەر بۆ ئاسایشی رێگای بەدلیس و هیزان لەسەر گردێکدا خاڵێکى پشکنینی داناوە. هێزەکانمان چاودێریى جموجوڵی سوپای تورکی داگیرکەریان لەو گردەدا کرد و دوای ئەوە رۆژی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٨ی پووشپەڕ و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا لە دژی بارهەڵگرێکى سوپای تورکی داگیرکەر کە بۆ ئەو گردە دەچوو چالاکییەکی سابوتاژیان ئەنجامدا. ئەو بارهەڵگرەی سوپای تورکی داگیرکەر بە تەواوی تێکشکا و فەرماندەى جەندرمەى ناوچەى ناوەندیى بەدلیس ئەفسەر زەفەر ئاککوش و ٦ سەربازی دوژمن کوژران و ٥ سەربازی تریش بریندار بوون. دواى چالاکییەکە سوپای تورکی داگیرکەر بە کۆپتەر و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەستیان بە بۆردومانکردنى سنووری چالاکییەکە کرد. یەکینەى هێزەکانمان لەو چالاکییەدا بە بێ زیان و بە سەلامەتى گەیشتنەوە بنکە و بارەگاکانی خۆیان.

چالاکی لە دژی وێستگەیەکى تەلەفون و پەیوەندی

هەر لەو رۆژەدا کاتژمێر ١٤:٠٠ هێزەکانمان لە ناوچەى شەهید مزگین لە تاتوانى بەدلیس لە دژی وێستگەیەکى تەلەفون و پەیوەندی چالاکیی سابوتاژیان ئەنجامدا و بەو هۆیەوە وێستگەکە تێکشکا.

لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید باگەڕ و شەهید رۆنیا دا هێزەکانمان لە دژی جموجوڵی سوپای تورکی داگیرکەر چالاکییەکیان ئەنجامدا و لەو چالاکییانەدا گورزی قورسیان لە سوپای تورکی داگیرکەر وەشاند.

لە دۆڵی چینگەنە لە سەربازانى سوپای تورک درا

لە ١٨ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٧ی پووشپەڕ دا سوپای داگیرکەری تورک هەوڵی دا لە رێگەى کۆپتەرەوە سەربازان لە دۆڵی چینگەنە پیادە بکات، بەڵام هێزەکانمان لە دوو قۆڵەوە لەو هێزەى دوژمنیان دا و لەو چالاکییەدا ٤ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژران و سەربازێکى تریش بریندار بوو. هەروەها هێزەکانمان فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى جۆری درۆنی سوپای تورکی داگیرکەریان کردە ئامانج و تێکیانشکاند. سوپای تورکی داگیرکەر لە دواى چالاکییەکە بە کۆپتەر کوژراوان و بریندارانی خۆیان گواستەوە. سوپای تورکی داگیرکەر بەهۆی ئەو چالاکییەى هێزەکانمان، کە گورزی قورسیان بەرکەوت، ناچاربوون لەو سنوورەدا بکشێنەوە.

چالاکیى سابوتاژ لە دژی گردی کۆپتەر ئەنجامدرا

هێزەکانمان سەر لەبەیانیى رۆژی ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٩  / ٢٩ی پووشپەڕ لە دژی یەکەى ئۆپەراسیۆنى سوپای تورکی داگیرکەر لە گردی کۆپتەر چالاکییەکى سابوتاژیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ٢ سەرباز کوژران و سەربازێکى تریش بریندار بوو. سوپای تورکی داگیرکەر سەربازە کوژراو و بریندارەکانى خۆی بە کۆپتەر لە ناوچەکە دوورخستەوە. هێزەکانمان لەو چالاکییەدا هیچ زیانێکیان نەبوو و بە سەلامەتى گەیشتنەوە بنکە وبارەگاکانى خۆیان.

چالاکى لە شرنەخ؛ دوژمن کوژراو و برینداری هەیە

رۆژی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٨ی پووشپەڕ هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى تۆڵەی شەهید مەدیا ماوا و شەهید رزگار گەڤەر لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر، کە لە سنووری گوندی زڤینگ لە شرنەخ بڵاوەیان پێکرابوو چالاکییەکیان بە تاکتیکى سابوتاژ ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ژمارەیەکى زۆر سەربازی دوژمن کوژران و بریندار بوون، بەڵام ئاماری کوژراوان و بریندارانى دوژمن بە روونی دیار نییە. دواى چالاکییەکە سوپای تورکی داگیرکە بە کۆپتەری جۆری سکۆرسکی کوژراوان و بریندارانى خۆی لە ناوچەکە دوورخستەوە.

لە گەڤەر ٢ گەریلا شەهید بوون

رۆژی ١٨ی پووشپەڕی ٢٠١٩ / ٢٧ی پووشپەڕ و لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ دا فڕۆکە جەنگییەکانى سوپای تورکی داگیرکەر ناوچەى تالەیان لە گەڤەری جۆلەمێرگ بۆردومانکرد. لەو بۆردومانەدا ٢ هاوڕێمان شەهید بوون. زانیاری لە بارەى ناسنامەى ئەو هاوڕێ شەهیدانەمانەوە دواتر بۆ رای گشتی بڵاود ەکەینەوە.

فڕۆکە جەنگییەکانى سوپای تورکی داگیرکەر مەتینایان بۆردومانکرد

رۆژی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٨ی پووشپەڕ و لەکاتژمێر ١٦:٣٠ دا فڕۆکە جەنگییەکانى سوپای تورکی داگیرکەر گردی هەکاری-یان لە مەتینا لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا بۆردومانکرد. هەروەها رۆژی ٢٠ی تەمموز لە نێوان کاتژمێری ١١:٠٠ بۆ ١٣:٠٠ هەرێمی شەهید بێریتان لە خواکورک بۆردومانکرد. لەو بۆردومانەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە".

ر.م