ناسر یاگز ١٤٨ رۆژە لە مانگرتنی بێسنووردایە

ناسر یاگز ماوەی ١٤٨ رۆژە لە نوێنەرایەتیى هەدەپە لە هەولێر لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە. هاوکات دۆخی تەندروستیى خراپە و کێشە تەندروستییەکانى روویان لە زیادبوون کردووە.

بەرخودانى چالاکییەکانى مانگرتن لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کە بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) دەستیپێکردووە بە هەموو شوێنێکى کوردستان و دەرەوەی وڵاتدا بڵاوبووەتەوە.

چالاکیى مانگرتنى ناسر یاگز لە نوێنەرایەتیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە هەولێری باشووری کوردستان ماوەى ١٤٨ رۆژە بە پێداگری و بڕیارمەندییەوە بەردەوامە. دۆخی تەندروستیى ناسر یاگز رۆژ لە دواى رۆژ رووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبێتەوە.

چالاکییەکانى مانگرتنى بێسنوور لە کۆمەڵەى کرێکارانى میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانى ماوەى ١٢٥ رۆژە بەردەوامە. چالاکییەکە لەلایەن دەستەى ٦٣هەمی مانگرتووەوە بەردەوامیى هەیە، کە لە هاووڵاتیى وڵاتانى ئەڵمانیا، کاتالۆنیا و ئیسپانیا پێکهاتوون.

لە قەزای کەلار لە گەرمیانیش چالاکیى مانگرتنى بێسنووری ئەندازیار هەرێم مەحمود بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ٥٣ رۆژە بەردەوامە و مانگرتنى گوڵباخ جەلال-یش لە رۆژی ٣٢هەمدایە.

لە مەخموریش فەدیل تۆک ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ئەنجوومەنى عەشتار ماوەى ٨٨ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە.

 هاوکات چالاکیى مانگرتنى بێسنوور لە رێکخراوى بنەماڵەى شەهیدان ماوەى ١٢٢ رۆژە بەردەوامە و چالاکییەکە لە لایەن ٤٠هەمین دەستەى مانگرتووە بەردەوامیى هەیە.

ر.م