ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی لیژنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دژی داگیرکاری

ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی لیژنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و تۆپبارانکردنەکانی ئێران، بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگە خرایە دانیشتنی پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، لێرەدا دەقی ڕاپۆرتەکە بڵاودەکەینەوە.

ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی لیژنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و تۆپبارانکردنەکانی ئێران، بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگە خرایە دانیشتنی پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، لێرەدا دەقی ڕاپۆرتەکە بڵاودەکەینەوە.

٢٩-٦-٢٠٢٠، پەرلەمانی هەرێم سێ شاندی جیاواز له‌ لیژنەكانی (پێشمه‌رگه‌، ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی) ڕاسپارد بۆ سەردانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم له‌ پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و ئێرانەوە تۆپباران و بۆردوومان دەکرێن، ٤ و ٥ و ٦ی ئەم مانگە لیژنەکان سەردانەکانیان ئەنجامدا، ئەمڕۆش ڕاپۆرتەکان خرانە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر کرا، کە تا ئامادەکردنی ئەم بابەتە کۆبوونەوەکە بە داخراوی بەردەوامە.

دەقی ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیەیە:

ڕاپۆتی لیژنەی سەردانیکردن و بەدواداچوون

پێشخان:

بەرنامەی دانیشتنی ژمارەی (5)ی وەرزی بەهارە لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە رێککەوتنی 29ی حوزەیران 2020، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەیەکی هاوبەشی لە (کاروباری پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان، پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی ) راسپارد بۆ سەردانیکردنی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، هەڵەبجە، قەزای شنگال، بۆ کۆکردنەوەی داتا و وردەکاری ئەو ناوچانەی بەرکەوتەی هێرش و لە شکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا و تۆپبارانکردنی دەوڵەتی ئێران بوون لە ماوەکانی رابڕدوودا.

لیژنەی هاوبەش بڕیاریدا، بە پێکهێنانی سێ لیژنەی لاوەکی، لیژنەیەک بۆ پارێزگای هەولێر، لیژنەیەک بۆ پارێزگای دهۆک، لیژنەیەک بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە لەخۆگرتنی ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان و قەزای شنگال.

ناواخن:

لە چوارچێوەی ئەم ئەرکە پەرلەمانی و پێڕەوییەدا لیژنەکانمان لە رێککەوتی جیاوازدا سەردانی یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و شنگالی کرد، لە نزیکەوە لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان و دانیشتوانی ناوچەکە کوبوونەوەمان کرد لە هەمبەر زەرەر و زیانە مادیی و گیانییەکان لە ناوچە سنوورییەکان و بەرکەوتووانی هێرش و لە شکرکێشی دەوڵەتی تورکیا و ئێران، ئامانج لە سەردانی لیژنە پەرلەمانییەکان، بریتی بوو لە کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دروست لەمەڕ ئەم ناوچانە راسپاردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بۆ چارەسەرکردنی کیشە سرەکییەکان و پاراستنی ژیان و ماڵی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەگشتی.

لەسەرەتای سەردانەکانمان بۆ ناوچە جیاجیاکان ، لەم راپۆرتەدا زەرەر و زیانەکان بەگشتی و ئەنجام و راسپاردنەکان دەخەینە بەردەستی ئێوەی بەڕێز.

یەکەم: پارێزگای هەولێر:

یەکەم/قەزای مێرگەسۆر:

یەکەم: لە کۆی 73 گوندی سەر سنوور نزیکەی 55 گوند چۆڵکراون

دووەم: لە ساڵانی رابردوودا تاوەکو ئێستا دەیان کەس بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکەکانی تورکیا شەهید کراون.

سێیەم: سووتانی پۆش و پاوان و رەز و باخێکی زۆریی ئەو دەڤەرە، کە بەدەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵیندرێت، بەگوێرەی راپۆرتی یەکە ئیدارییەکان

چوارەم: لە ساڵانی رابردوودا، تاوەکوو ئێستا بە هەزارەها مەڕ و ماڵات لەو دەڤەرە بەهۆی بۆمبارانی تورکیا کوژراون

پێنجەم: بە هەزارەها خەڵک لە ئەنجامی چۆڵکردنی گوندەکانیان، ئاوارەبوون

دووەم/قەزای چۆمان:

یەکەم: نزیکەی 15 گوند لەسەر سنوور چۆڵکراون

دووەم: لە ساڵانی رابردوو تاوەکو ئێستا بە دەیان خەڵک بەهۆی تۆپبارانی ئێران و فڕۆکەی تورکیا شەهید و برینداربوون

سێیەم: سووتانی پوش و پاوان و رەز و باخی زۆر، بەڵام ئامارێکی تەواو بۆ ئەم مەبەستە بەردەست نەبوو.

چوارەم: بە هەزاران مەڕ و ماڵات لەناوچوون

پێنجەم: بە هەزارەها خەڵک بەهۆی چۆڵکردنی ئەو گوندانەوە ئاوارەبوون.

سێیەم: قەزای سۆران –  ناحیەی سیدەکان:

یەکەم: نزیکەی 104 گوند چۆڵکراون

دووەم: سووتانی پوش و پاوان و رەز و باخێکی زۆر

سێیەم: بە دەیان کەس شەهید و برینداربوون

چوارەم: زیان گەیشتووە بە هەزاران مەڕ و ماڵات

پێنجەم: بە دەیان هەزار خەڵک ئاوارەبوون

چوارەم: قەزای رەواندز و ناحیەی وەرتێ

یەکەم: چۆڵکردنی گوندی زارگەلی بۆکریسکان

دووەم: بە دەیان کەس شەهید و بریداربوون

سێیەم: بە سەدان کەس ئاوارەبوون

چوارەم: سووتانی رەز و باخ

پێنجەم: کوژرانی دەیان مەڕ و ماڵات.

دووەم: پارێزگای سلێمانی:

یەکەم: ئیدارەی چوارتا

یەکەم: لە رێککەوتی 25ی حوزەیران 2020 لە کاژێر 18:00 لە لایەن فڕۆکەیەکی دەوڵەتی تورکیا لە گوندی کونەماسی ئۆتۆمبیلێکی جۆری (پیکاب) بەئامانج گرتبوو (کردووە)، کە تیایدا شەهید و بریندار هەبووە، هاوکات لەگەڵ چەند زیانێکی مادی.

دووەم: لە ئاکامی هێرشەکە 7 بریندار هاوڵاتی (هاونیشتمانی) هەبوون، کە چواریان ئەندامی یەک خێزانن و سێی لە بریندارەکانیش ئەندامی خێزانێکی دیکەن لە سەرجەمیان دانیشتووی گوندی کونەماسیین.

سێیەم: زیانە مادییەکانی هێرشەکە بە بڕی 25 ملیۆن دینار خەمڵیندراون، بەگویرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی قەزای چوارتا.

چوارەم: هاوکات، بڕینی هیڵەکانی کارەبا لە چەندین لایەوە(شوێنەوە)، شکاندنی راگریی سەرەکی رێگای سەرەکی و سوتانی کۆمەڵیک رەز و باخی دانیشتوانی گوندەکە لە ئاکامی هێرشەکەدا بوون.

دووەم: قەزای ماوە

یەکەم: لە ئاکامی هێرشەکدا، بنکەی تەندروستی گوندەی سەفرە، زیانێکی زۆریی بەرکەوتووە، بەجۆرێک کە ناتوانرێت نوژەنبکرێتەوە.

دووەم: هیڵی سەرەکی کارەبا زیانێکی زۆریی بەرکەوتووە.

سێیەم: زۆرینەی خانووەکانی گوندەکە داڕووخاون و زیانمەندی سەرەکی هێرشەکە بوون.

سێیەم: قەزای پێنجوێن

یەکەم:لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی 2015، ناحیەی ناڵپارێز لە لایەن دەوڵەتی ئێرانە بۆردومانکراوە

دووەم: سوتاندنی رەز و باخی هاوڵاتییان لە ئاکامی بۆردومانەکە بوون

سێیەم:  لە ئێستادا (ئێستا)، بەربەست دروسدەکرێت لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ جووتیارانی گوندەکانی (هەڵاڵاوە، جۆمەرەس، توتمان و کاتیسێف) بۆ سەردانیکردنییان بۆ سەر کیڵگە کشتووکاڵییەکان و رەز و باخەکانییان.

چوارەم: ئیدارەی راپەڕین و قایمقامییەتی قەزای پشدەر (قەڵادزێ):

یەکەم: سنوور شکاندنی عێراق لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لە هەردوو سنووری (کێلێ و جاسوسان) لە دەرەوەی میلە مەرزییەکان.

دووەم: پێشێلکردنی رێککەوتنی ساڵی 1975، کە لە لایەن دەوڵەتی ئیسارئیلەوە و سنوور شکاندنی ناوچەی سپێرۆ لە خاڵی سفرەوە.

سێیەم: پارێزگای دهۆک

یەکەم: قەزای زاخۆ

یەکەم: بەدرێژایی 400 کیلۆمەتر و پانتایی 15 کیلۆمەتر هێزەکانی تورکیا هاتوونەتە ناو سنووری ئەم قەزایە و لە رێککەوتی 5ی حوزەیران 2020 نزیکەی 669 تۆپ و 70 مووشەک و ئاڕاستەی ئەم گوندانە کراون و لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 شەهید و دەیان بریندار هەبووە.

دووەم: پێشتر تەنها (تەنیا) 4 بارەگای هێزەکانی تورکیا لەم ناوچانەدا هەبوون، بەڵام ئێستا 18 بارەگای دیکە بوونیان هەیە.

سێیەم: 25 گوندی ناحیەی دەرکار ۆپباران کراون و بە سەدان دۆنم گەنم سوتێندراون و تا ئێستا (تاوەکو ئێستا) نزیکەی 200 جووتیار ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و زەرەر و زیانێکی زۆریان بینیوە.

چوارەم: لە باتیفا 13 گوند تۆپباران کراون و 27 گوند چۆڵ کراون (چۆڵکراون )، بە جۆرێک هاووڵاتیان ناتوانن کەلوپەلەکانیشییان بگەڕێینەوە.

پێنجەم: زەرەر بە بواری گەشوگوزار کەوتووە، کە بژێوی ژیانی 400 خێزاندا (خێزان) بووە، هەروەها بە سەدان دۆنم زەوی سووتێنراوە کە بۆ خەمڵاندنی زیانە مادییەکان پێویستی بە لیژنەیەکی تایبەت مەندە.

دووەم: قەزای ئامێدی

قەزای ئامێدی لەگەڵ تورکیا و بەناوبانگە بە گەشتوگوزار، لە سنووری قەزای ئامێدی، کە شەش ناحیە لەخۆ دەگرێت، ناحیەی (شلادزێ، دێرەلووک، کانی ماسێ، بامەڕنی، سەرسنگ، چەمانکێ) لەگەڵ قایمقامی قەزای ئامێدی و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکانن کۆبووینەوە و دوای سەردانی مەیدانی گەیشتووین بەم ئەنجامانەی خوارەوە:

بەگشتی لە قەزای ئامێدی لە کۆی 348 گوند و 198 گوند چۆڵکراون، هەروەها تاوەکو ئێستا لە سنووری قەزای ئامێدی 28 شەهید و چوار بریندار هەبووە، ناحیەی چەمانکێ کە دەکەوێتە بەرواری ژیری لای چیای گارە  نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوورە، 72 گوندی هەیە، کە 80% گوندەکان چۆڵن.

دووەم: لە ناحیەی کانی ماسێ بەرواری باڵا نزیکەی 17 بنکەی لەشکری تورکیا لەناو خاکی کوردستانی-عێراق دانراوە، ەل کۆی 76 گوند نزیکەی 6 گوند چۆڵ بوونە، لە ساڵی 2018 نزیکەی 3500 سەرۆک خێزان تێدا نیشتەجێ بوون و ئێستا تەنیا 700 سەرۆک خێزانن.

سێیەم: لە ناحیەی شێلادزی لە کۆی 92 گوند نزیکەی 85 گوند چۆڵکراون

چوارەم: لە ناحیەی دێرەلووک لە کۆی 56 گوند و کۆمەڵگە تەنیا 14 گوند و دوو کۆمەڵگە خەڵک تێدا نیشتەجێن.

سێیەم: قەزای ئاکرێ

لەماوەی سەردانیکردنمان بۆ ناحیەی دینارتە، گەیشتین بەم ئەنجامانەی خوارەوە:

یەکەم: ناحیەی دینارتە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە لە چوارچێوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەم ناوچەیە

دووەم: لە کۆی 91 گوند نزیکەی 24 گوند چۆڵکراون و گوندەکانی تریش (دیکەش)  بەهۆی تۆپبارانی تورکیا لە مەترسیدان

سێیەم: 9 شەهید و 21 بریندار لە ساڵی 1966 تاوەکو ئێستا هەیە

چوارەم: قەزای شنگال

لە دوو ساڵی رابڕدوودا چەندین جار بۆمباران کراوە لە لایەن سوپای تورکیاوە.

چوارەم: پارێزگای هەڵەبجە

یەکەم: ناحیەی بیارە (سنووری هەورامان):

یەکەم: بەهۆی هەبوونی سنوورێکی هاوبەشی دوو لایەن لە نێوان دەوڵەتی عێراق و ئێران، بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی ئاودێرانی خاوەن رەز و باخەکانی دانیشتوانی ناحیەی بیارە کە دەکەونە سنووری قەڵەمڕۆی دەوڵەتی ئێران، هاوکات دەوڵەتی ئێران بە بیانووی پاراستنی سنوورەکانی زۆرجار بەربەست دروسدەکات، لە بەردەم جووتیاران بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکان بۆ ئاودێرانی رەز و باخەکانیان.

دووەم: بەهۆی تێکەڵی سنوورەکانی دەوڵەتانی عێراق و ئێران لەناوچەی ئاماژە بۆ کراوە، ئاوەڕۆی چەند گوندێکی سنووری دەوڵەتی ئێران تێکەڵ دەبێت لەگەڵ سەرچاوە ئاوییەکانی بەشێک لە گوندەکانی سنووری ناحیەی بیارە کە ئەمەش لە داهاتوودا دەبێتە هۆی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە.

دەرخستە و ئەنجامە گشتییەکان:

یەکەم: زیانمەندبوونی ئەو گوند و دەڤەرانەی کەوتوونەتە سنووری بۆردومان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران

دووەم: چۆڵکردنی سەدان گوند و زیان گەیشتن بە سەدان کیڵگەی کشتووکاڵی رەز و باخی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان و لە ئاکامی بۆردومان و هێرشەکانی دەوڵەتانای تورکیا و ئێران.

سێیەم: بێکاربوون و لەدەستدانی هەزاران هەلی کار بەهۆی مەترسی هێرشەکان لەسەر ناوچە سنوورییەکان

چوارەم: زیان گەیاندن بە ناوچە گەشتیارییەکانی بەشێک لە ناوچە سنوورییەکان، کە بەهۆی مەترسی بۆردومان و لەشکرکیشی دەوڵەتانی دراوسێ بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی داهات و تاوەکو ئاستی لەسەر ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەرە ئاماژە بۆ کراوەکان.

پێنجەم: زیانگەیاندن بە ژینگەی هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکە بووە لە ئاکامەکانی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران.

کۆبەند:

یەکەم: بە تووندی ئیدانەی هێرش و بۆردومانەکانی سوپاکانی تورکیا و ئێران دەکەین، کە بە بیانووی هێزەکانی پەکەکە و پژاک لەناوچە شاخاوییەکان ئەوان هێرش و لەشکرکیشی بۆ سەر خاک و خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن، هەروەها داوا لەو هێزانە دەکەین، کە رەچاوی پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەن و بیانوو نەدەن بە دەوڵەتانی دراوسێ بۆ هێرش و لەشکرکێشی بۆ سەر خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان و پێویستە دەوڵەتانی تورکیا و ئێران سنوورەکانیان پتەوبکەن و بۆ پاراستنی خاکی خۆیان.

دووەم: سەروەری خاکی عێراق لەرووی ئاسمانی و زەمینییەوە لە بەشێک لە خاڵە سنوورییەکان شکێندراوە، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ هاتنە ناوەوەی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران لە بەشێک لە خاڵە سنوورییەکان بۆیە لە ئەولەویەت و کارە لە پێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت بۆ دانوساندن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ جارەسەرکردنی ئەم کیشەیە.

راسپاردەکان:

لە کۆتایی ئەم راپۆڕتەی بەردەستتان، داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین، کە بە زووترین کات حکومەتی هەرێمی کوردستان رابسپێرێت بۆ ئەم راسپاردانەی خوارەوە:

یەکەم: راسپاردنی حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ جارەسەرکردنی کیشەی میلە مەرزەکان و شکاندنی سنوورەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بۆ لێکتێگەیشتنێکی کۆنکریتی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بە ئاڕاستەی پاراستنی ناوچە سنوورییەکان و دانیشتوانەکانیان لە پێناو بەدوورگرتنیان لە زیانە ماددی و بیانییەکان و کیشانەوەی بنکە و بارەگا سنوورییەکانی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لەناو خاکی عێراق، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییە شکێندراوەکاندا

دووەم: راسپاردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی —– بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتەیکی سیاسی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە ئاڕاستەی ئارامی و پاراستنی ئاسایشی خاکی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی.

سێیەم: راسپاردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوساندن لەگەڵ حکومەتی فێدڕاڵی بۆ پێکهێنانی لیوایەکی پاسەوانی سنووری کورد-زمان و زیادکردن و پڕکردنەوەی میلکاتی لیواکانی پاسەوانی سنوور بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت بۆ ناوچە زۆر پێویستەکان، هەروەها پێکهێنانی لیوایەکی کورد-زمان بۆ پاراستنی  ناوچە سنوورییە ئاماژە بۆکراوەکان لە پارێزگای هەڵەبجە و سپاردنی ئەرکی پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی بە تەنیا بە لیوای 3ی پاسەوانی سنوور، بەو پێیەی، کە لە ئێستادا لە هەردوو پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا لیوای پاسەوانی سنوور بوونی هەیە، ئەم لیوایەش ناتوانێت ئەرکی پاراستنی سەرجەم سنوورەکە لە ئەستۆ بگرێت، بەهۆی فراوانبوونی ناوچەی جۆگرافی هەردوو پارێزگاکە بە لەخۆگرتنی ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان.

چوارەم: راسپاردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوساندن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە مادییەکانی ناوچە سنوورییەکان، کە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵییەوە، هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ سەردانیکردنی ناوچە و خاڵە سنوورییەکان بۆ پێداچوونەوە بە ناوچە شاخاوییەکان و دەستنیشانکردنی زەرەر و زیانەکان بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ناوچە سنوورییەکان، کە لە لایەن دەوڵەتانی تورکیا و ئێرانەوە شکێندراون.

پێنجەم: راسپاردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ بەشەهید هەژمارکردن و قەرەبووکردنەوەی بەرکەوتووان لە لایەن دەوڵەتەوە.

ف.ق