نەعیمە چەلیکی مانگرتوو: خاوەنداری لە دەستکەوتەکان بکەن
نەعیمە چەلیک لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمرالی ٨٧ رۆژ لە چالاکیی مانگرتن دابوو و رایگەیاند، یەکەم داهێنەرانی سەرکەوتن دایکانی بەرخودێرن و وتی: دەبێت خاوەنداری لەو دەستەکەوتانە بکرێت کە بەدەستهاتوون.
نەعیمە چەلیک لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمرالی ٨٧ رۆژ لە چالاکیی مانگرتن دابوو و رایگەیاند، یەکەم داهێنەرانی سەرکەوتن دایکانی بەرخودێرن و وتی: دەبێت خاوەنداری لەو دەستەکەوتانە بکرێت کە بەدەستهاتوون.
یەکێک لەو چالاکوانانە، کە بۆ کۆتاییهێنانی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی بە چالاکیی مانگرتن کرد نەعیمە چەلیک بوو. چەلیک لە ١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٠ رەشەمە لە گرتووخانەی پیتی Eی ئامەد دەستی بە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور کرد. دوای ئەوەی لە ٢٨ی ئاداری ٢٠١٩ / ٧ی نەورۆز (خاکەلێوە) ئازاد کرا لە ماڵی خۆی لە گەڕەکی مورادییەی ناوچەی باغلاری ئامەد، بەردەوام بوو لە چالاکییەکەی.
چالاکییەکانی مانگرتن لە ٢٦ی ئایاری ٢٠١٩ / ٥ی جۆزەردان بە بانگەوازی ئۆجالان کۆتاییاپێهات. لە دواى کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانى مانگرتن نەعیمە چەلیک-یش رەوانەى نەخۆشخانە کرا و دوای ئەوەی چارەسەری بۆ کرا لە نەخۆشخانە دەرچوو.
لە دواى گەڕانەوەى لە نەخۆشخانە بۆ سەردانى نەعیمە چەلیک چووین بۆ ماڵەکەى. چەلیک پەیامی ئۆجالانی هەڵسەنگاند و رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە خەبات. چەلیک سوپاسی دایکانی کورد و گەلی کوردی کرد، ئەوانەی لە کاتی چالاکیدا بە بەرخودانەکانیان لەگەڵیان بوون و وتی، داهێنەرە سەرەکییەکانی سەرکەوتن، دایکە لەچک سپییەکانن.
چەلیک رایگەیاند، چالاکییەکانی مانگرتن بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن دەستیپێکرد و شەپۆل شەپۆل بڵاودەبوویەوە و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
راشیگەیاند، جگە لە میدیای ئازاد دامەزراوە میدیاییەکانی دیکە چالاکییەکانیان پشتگوێ دەخست و هەوڵی شاردنەوەیان دەدا، بەڵام سەرباری ئەوەش چالاکوانان توانیان بە چالاکییەکەى خۆیان دەنگی خۆیان بە هەموو شوێنێک بگەیەنن.
چەلیک باسی لەوەکرد، بۆ کۆتاییهێنانی گۆشەگیری چەندین کەس گیانیان لەدەست دا و باسی لەوەشکرد، بەهۆی خەمساردیی بەرانبەر بە بەرخودان دایکان دەستیان بە جموجۆڵ کرد، بەڵام بوونە ئامانجی توندوتیژی.
چەلیک وتی: "ئەو ژنانەی کە بەهۆی بێدەنگییەوە ئارامیان لێ بڕا، بۆ ئەوەی خاوەنداری لە چالاکییەکمان بکەن هەڵسانە سەرپێ. خۆزگە خاوەنداریکردن پێشتر دروست دەبوو. خۆزگە پێش ئەوەی ٨ هەڤاڵمان گیانیان فیدا بکەن و دۆخی چالاکوانان قورس ببوایە خاوەنداری لە چالاکییەکانی مانگرتن بکرایە. بەداخەوە ئەوە نەکرا و ماوەی مانگرتنەکە درێژەی کێشا. گرفتی تەندروستی درێژخایەن تووشی هەڤاڵانمان بوو. بەڵێ، سەرکەوتین، ئەوە سەرکەوتن بوو، بەڵام گرنگە لێرە بەدواوەیە، گرنگ ئەوەیە گەلەکەمان چۆن خاوەنداری لە سەرکەوتنەکە دەکەن. پێویستە خاوەنداری لەو دەستکەوتانە بکرێت کە بە قوربانیدان بەدەست هاتوون".
چەلیک وتیشی، پەیامی ئۆجالان بۆ هەموو گەلان هیوا و ئومێدە و ئەوەشی وت: "بەڕێز ئۆجالان کەسایەتییەکی گەورەیە، ئەگەر زیانێکی بچوکیش بە هاوڕێکانی بگات زۆر خەمبار دەبێت.
ئۆجالان بیری لە گەلان و هاوڕێیانی کردەوە و بڕیاری دا. لە پەیامەکەی خۆیدا باسی لەوە کردووە، کە ئەو بڕیاری کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان بۆ چالاکوانەکان دەهێڵێتەوە، چونکە زانیبووی ئەو بەرخودانە، بەرخودانی هەموومانە. چی بۆ هەمووان باشە ئەوەی ویست. ئێمە زانیبومان پێشنیازەکانی بۆ داهاتوو لەناو پەیامەکەدا هەن، بۆیە دڵنیابووین و کۆتاییمان بە چالاکییەکەی خۆمان هێنا".
ر.م