ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانی گه‌ریلا له ڕێكه‌وتی ١٣-١٦ی ئایار\٢٣-٢٦ی گوڵان و هێرشه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه.
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه له شاری سێرت لایه‌نی كه‌م ٣ سه‌رباز كوژراون. له ئیدر-یش به‌هۆی گورزی تووندی گه‌ریلا پۆلیسی ده‌روازه‌ی سنوور ناچاربووه به‌ره‌و دیوی ئازه‌ربایجان ڕاكه‌ن.
له سێرت یه‌كینه نهێنییه‌كان و بڕیارگه‌ی ئۆپه‌راسیۆن كرانه ئامانج
هه‌په‌گه ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كه‌ی سێرت ڕایگه‌یاند، «ڕێكه‌وتی ١٣ی ئایار\٢٣ی گوڵان سوپای تورك له ناوچه‌ی قه‌لانس-ی سه‌ر به ده‌ڤه‌ری هاوێل-ی شاری سێرت به به‌شداری یه‌كینه نهێنییه‌كان ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆن كرد. هێزه‌كانمان دوو ڕۆژ چاودێری ئه‌و یه‌كینانه‌یان كرد و دواتر له ١٥ی ئایار\٢٥ی گوڵان كاتژمێر ١٨:٤٠ گردێكیان كرده ئامانج كه بڕیارگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنیشی لێ بوو. له چالاكییه‌كه‌دا كه له دوو قۆڵه‌وه و له‌نزیكه‌وه ئه‌نجام درا، ٣ سه‌رباز كوژران كه یه‌كێكیان ئه‌ندامی سه‌رپه‌رشتی ئۆپه‌راسیۆن بوو. هه‌روه‌ها زۆر سه‌ربازیش بریندار بوون. سوپای ده‌وڵه‌تی تورك دوای چالاكییه‌كه به كۆپته‌ر و هاوه‌ن بۆمبارانی ناوچكه‌ی كرد. به كۆپته‌ری سكۆرسكی-ش كوژراو و برینداره‌كانیان هه‌ڵگرته‌وه. دواتریش یه‌كینه شاراوه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه له ناوچه‌كه كشانه‌وه. یه‌كینه‌كانی چالاكی به‌ساخ و سه‌لامه‌تی گه‌ڕانه‌وه ناوه‌نده‌كانی خۆیان.»
چالاكییه‌ك له‌سه‌ر سنووری ئازه‌ربایجان
هه‌په‌گه ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كان دژبه تانكه‌رێكی سووته‌مه‌نی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گومرگ و بنكه‌ی پۆلیس ڕایگه‌یاند، «هێزه‌كانمان له چێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشگێڕیدا كه له هه‌رێمی سه‌رحه‌د به‌رده‌وامه، ڕێكه‌وتی ١٦ی ئایار\٢٦ی گوڵان كاتژمێر ١٢ له دژی تانكه‌رێكی سووته‌مه‌نی توركیا له ده‌روازه‌ی سنووری دیلووجوو-ی سه‌ر به شاری ئیدر چالاكییه‌كیان ئه‌نجام دا.»
هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، «هێزه‌كانمان به‌تووندی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گومرگ و بنكه‌ی پۆلیسیان داوه. له ئه‌نجامی ئه‌م چالاكییه‌دا تانكه‌ری سووته‌مه‌نی و هه‌موو كابینه‌كانی ده‌وروبه‌ری سووتان و وێران بوون. پۆلیسه‌كانی ده‌روازه سنوورییه‌كه‌ش ناچاربوون به‌ره‌و دیوی ئازه‌ربایجان ڕاكه‌ن. دوای ماوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێلی زرێپۆش به هاواریانه‌وه هاتن، به‌ڵام ئه‌وانیش بوونه ئامانجی هێزه‌كانمان و به‌تووندی گورزیان لێ درا. ڕوون نه‌بوویه‌وه له‌م چالاكییه‌دا چه‌ند كه‌سیان كوژران و بریندار بوون، به‌ڵام چه‌ندین ئامبولانس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش كوژراو و برینداره‌كانیان گواسته‌وه.»
هێرشی ئاسمانی
هه‌په‌گه ده‌رباره‌ی هێرشی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیا زانیاری دا و ڕایگه‌یاند، «له‌و هێرشانه‌دا هیچ زیانێك به هێزه‌كانمان نه‌گه‌یشتووه.»
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه، «١٥ی ئایار\٢٥ی گوڵان كاتژمێر ١٥:٢٠ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی تورك ده‌ڤه‌ری شه‌هید شاهین-ی هه‌رێمی زاپ-ی بۆمباران كردووه. هه‌روه‌ها ١٦ی ئایار\٢٦ی گوڵان كاتژمێر ١٣:٣٠ ده‌ڤه‌ری ساجا له هه‌رێمی زاپ، كاتژمێر ١٧:٣٠ ده‌ڤه‌ری شه‌كیف-ی هه‌رێمی خواكورك و ده‌ڤه‌ری گه‌لیی ئاڤاشین له هه‌رێمی ئاڤاشین بۆمباران كراون.»
s.m