هێزی گەریلا لە خواکورک و برادۆست گورزی قورسی لە سوپای تورک دا

هێزەکانى گەریلا گورزی قورسیان لەو سەربازانەى سوپاى تورک دا کە بۆ داگیرکردنى ناوچەکانى برادۆست و خواکورک لەسەر گرد و شاخەکاندا خۆیان جێگیرکردبوو.

هێزەکانى گەریلا بە چەکی قورس و چالاکیى سابوتاژ سەربازانى سوپاى تورک، کە خۆیان بۆ داگیرکردنى ناوچەکە لەسەر شاخ و گردەکاندا جێگیکردبوو کردە ئامانج و بەو هۆیەوە گورزێکى قورس لە سوپاى داگیرکەری تورک درا و ژمارەیەکى زۆر سەربازی سوپاى تورک کوژران و بریندار بوون.

جموجوڵی داگیرکەرانەى دەوڵەتى تورک لە ناوچەکانى برادۆست، خواکورک و لۆلان بەردەوامە. سوپاى تورکی داگیرکەر شەوی ٢٨ی ئایاری ٢٠١٩ / ٧ی جۆزەردان چیاى شەکیف، دەورووبەری چەمی لۆلان و شاخی شەهید دەروێش-یان بۆ ماوەى چەندین کاتژمێریک بە فڕۆکە و کۆپتەری جەنگی بۆردومانکرد.

سوپاى تورکی داگیرکەر لە دواى ئەو بۆردومانە سەربازەکانى لەسەر چیاى شەکیف و شاخی شەهید دەروێش پیادە کرد و خواستى هەوڵە داگیرکەرییەکانى بەرفراوانتر بکات.

هێزەکانى گەریلا ئێوارەى دوێنێ لە دژی هێرشی داگیرکەریى دەوڵەتى تورک دەستیان بە جموجوڵ کرد.

 بەپێى زانیاریى سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانى گەریلا گورزیان لەو سەربازانەى سوپاى تورکی داگیرکەر داوە، کە لەسەر شاخ و گردەکانى ئەو ناوچەیەدا جێگیربوو بوون.

بەپێى ئەو زانیاریانە هێزەکانى گەریلا کاتژمێر ٢١:٠٠ی دوێنێ شەو چوونەتە سەر سەربازانى تورک لە شاخەکانی لێلکان، شەهید بۆتان و شەهید شاهان.

هێزەکانى گەریلا لەو چالاکییەیاندا بە چەکی قورس و بە چالاکیى سابوتاژ لەسەر ئەو ٣ شاخەدا گورزی قورسیان لە سوپاى تورکی داگیرکەر داوە.

ئاماژە بەوەش دەکرێت، لە ئەنجامى ئەو زنجیرە چالاکییانەی هێزەکانى گەریلادا ژمارەیەکى زۆر سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر کوژراون و بریندار بوون.

سوپاى تورک بە کۆپتەر دەستیکردووە بە گواستنەوەى سەربازە کوژراوەکان و بریندارەکانى.

ر.م