"پەکەکە نوێنەری ئازادیخوازییە بۆیە تورکیا شەڕی لە دژ دەکات"

"تورکیا شەڕی پەکەکە ناکات، بەڵکو شەڕی کورد دەکات. پەکەکە بۆیە دیارترە و لە پێشە چونکە نوێنەرایەتیی شەڕی کورد دەکات دژ بە تورکیا. دەبێت خەڵکی لەمە تێبگات پەکەکە ئێستا نوێنەرایەتیی ئازادیخوازان دەکات."

"تورکیا شەڕی پەکەکە ناکات، بەڵکو شەڕی کورد دەکات. پەکەکە بۆیە دیارترە و لە پێشە چونکە نوێنەرایەتیی شەڕی کورد دەکات دژ بە تورکیا. دەبێت خەڵکی لەمە تێبگات پەکەکە ئێستا نوێنەرایەتیی ئازادیخوازان دەکات."

لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشەکانی بۆسەر باشووری کوردستان چر کردووەتەوە ڕۆژانە گوندەکانی باشووری کوردستان بۆردومان دەکات، هاوڵاتیان شەهید دەکات، کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و بنکە و بارەگا بۆ داگیرکاریی زیاتر لە ناو خاکی باشووری کوردستان بنیات دەنێت، لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە ململانێیەکی چردان لە دژی یەکتر، بە شێوازێک کە کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان کردوە، ڕیگاشی بۆ تورکیا خۆشکردوە سود لەو بێدەنگییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و  داگیرکارییەکانی لەسەر خاکی باشووری کوردستان چڕ بکاتەوە، دەربارەی ئەو بابەتانە لە تیف فاتح فەرەج نوسەر ڕۆژنامەوان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات  (ANF)  نرخاندی گرینگی کرد.

'باشووری کوردستان لە خراپترین بارودۆخدایە'

نووسەر لەتیف فاتح فەرەج  بەم شێوازە باسی بارودۆخی سیاسی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکات: لە ئێستادا باشووری کوردستان لە خراپترین بارودۆخدایە لەبەر ئەوەی ئەو هێزە سیاسیانەی کە باشووری کوردستان بەڕێوە دەبەن خاوەنی خۆیان نین، لەسەر پێی خۆیان نەوەستاون و خۆیان خۆیان بەڕێوە نابەن. باشووری کوردستان کەسانی دیکە بەڕێوەیان ئەبات و ڕێو شوێنیان بۆ دابین ئەکات.  بەشێکی زۆر لە سەربەخۆیی خۆیان لەدەستداوە، جگە لەمانەش لە ناوخۆی خۆیاندا زۆر ناکۆکن. ئەمڕۆ کە قسەی تیائەکەین پارتی و یەکێتی وەک سەردەمی شەڕی ناوخۆ مامەڵە لەگەڵ یەکدا ئەکەن، بە جۆرێک شەڕەکە لە شەڕی سێبەر دەرچوە و گەیشتووەتە ئاستی شەڕی سەرکردایەتی. بە جۆرێک ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی هەڕەشەی زمان بڕین لە ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات. ئەمەش خراپترین بارودۆخە کە ئێمە پیایدا تێئیەپەڕین، ئەمەش پەیوەستە بە دوژمنەکانی ئێمەوە چونکە هەمیشە مرۆڤی کورد بێ بایەخ دەکەن و مرۆڤی کورد تێکدەشکێنن. دوژمنانی کورد لە باشووری کوردستان وایان کردوە کە کورد وەک کۆیلە مامەڵە بکات و خاوەنی خۆی نەبێت و شەڕی بە وەکالەت بۆ خەڵکی دیکە بکات. ئەم هۆکارانە وایکردوە کە دوژمنان بە ئاسانی بتوانن دەستێوەردان بکەن و یاری بە چارەنوسی نەتەوەکەش بکەن.

'هەنگاوەکانیش بە کورد خۆی ئەنێین'

هاوکات دەربارەی چاوتێبریەنەکانی داگیرکەران بۆسەر خاکی کوردستان ئەو نوسەرە ئاماژەی بەوەدا، کە هێزی داگیرکەر چاویان بڕیوەتە خەونی کورد دوای ٢٩ ساڵ لە خۆبەڕێوەبەری بە هەموو هەڵەکانییەوە، دەیانەوێت ئەم پرۆژەیەی کە ئێستا ناوی هەرێمی کوردستانە هەڵبووەشێتەوە. بەم شێوازەی بەردەوامبوو: "هەموو هەوڵێک بۆ ئەم مەبەستە ئەنێن و هەنگاویشی بۆ دەنێن، هەنگاوەکانیش بە کورد خۆی ئەنێین. کورد هەموی ئەکەن بە گژ پرۆژەکەیا و بە گژ خەونەکەیا و ئەنجامیشیان گرتوە لەم پرۆژەیە. داگیرکەران کەمتر پێویستیان بەوەیە خۆیان هێز بجوڵێنن، ڕاستە ئێستە تورکیا بە سوود بینین لەو بارودۆخەکە و بەسوود بینین لە تەسلیم بونی پارتی بە سیاسەتی تورکیا و ئاکەپە، لە حەفتانین و لە زۆر شوێنی دیکە پەلاماری باشووری کوردستانی داوە. دەوڵەتی تورکیا بە دەیان بنکە و بارەگای لە بادینانەوە تاکو بلە و بەرزان هەیە، هەوڵێکی زۆریش دەدات تاکو لە سلێمانی و لە گەرمیانیش هەیبێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش بەشێکی کەمی شەڕەکە خۆی دەیکات، بەڵکو بە گشتی شەڕەکە بە کۆمەڵگای کوردی ئەیکات، بە هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی کوردی ئەیکات".

نووسەر لەتیف فاتح فەرەج جەختی لەو کردەوە :" تورکیا بە جیاکردنەوەی نەتەوەکان و باوەڕیەکان ئەو شەڕە لە باشووری کوردستان دەکات، ئەو دێت هەموو ئەو جیاوازیانە بە ڕووە نەرینێکەیا بەکار ئەهێنێت. بە درێژایی مێژوو نەیاران و دوژمنانی کورد ئەمەیان کردوە بەرامبەر بە ئێمە. تورکیا لە ڕێگەی چاند و کلتورەوە و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە، لە ڕێگەی ناردنی سیخوڕەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی دەستێوەردانەوە لە سیاسەتی ناوخۆیی دەیەوێت شتێک نەهێڵێت بە ناوی مرۆڤی کورد و هەمووی هەڵوەشێنێتەوە. ئەم جیاوازییەی نێوان یەکیتی و پارتی و ململانێی نێوان حزبە سیاسیەکان لە باشووری کوردستان سوودێکی زۆری بە دەوڵەتی تورکیا گەیاندوە، ئەرکی تورکیای لە دژایەتیکردنی کورد کەم کردووەتەوە."

"پەکەکە نوێنەری ئازدیخوازییە بۆیە تورکیا شەڕی لە دژ دەکات"

لەتیف فاتح فەرەج دەربارەی ئەوە دەنگۆیانەی کە دەیانەوەێت وا پێشانی بدەن کە شەڕی تورکیا تەنها دژی پەکەکەیە و کێشەی لەگەڵ کورددا نییە وتی: "ئەمە درۆیەکی زۆر گەورەیە ئێمە بێین بڵێین ئەمە شەڕی تورکیا و پەکەکەیە، تورکیا شەڕی پەکەکە ناکات، بەڵکو شەڕی کورد دەکات. پەکەکە بۆیە دیارترە و لە پێشە چونکە نوێنەرایەتی شەڕی کورد دەکات دژ بە تورکیا. دەبێت خەڵکی لەمە تێبگات پارتی کرێکارانی کوردستان ئێستا نوێنەرایەتیی ئازادیخوازان دەکات. ئەو قسە و قسەڵۆکانەی کە ئەڵێین، پەکەکە وازی لە دەوڵەت نەتەوە هێناوە و کۆمەڵیک پروپاگەندەی دیکە ئەمانە هەموی قسەی بازاڕن و قسەی بەتاڵن. ئەوەی کە گرینگە ئێمە گرینگی پێ بدەین ئەوەیە کە پەکەکە لە ئێستادا نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان و پێکهاتەکانی دەکات، بۆیە تورکیا شەڕی پەکەکە دەکات، پەکەکە شەڕی کورد دەکات و تورکیاش لە ڕێگەی لێدان لە پەکەکە شەڕی هەموو کورد دەکات. بە بڕوای من ئێستا خەتەکان یەکلا بونەتەوە لەوە دەرچوە ئێمە بڵێین پەکەکەمان هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستانمان هەیە، یاخود بڵێین پەکەکەمان هەیە و یەکێتیمان هەیە، یەک بابەت هەیە یان دەبێت پەکەکە بیت و لە سەنگەری کوردا بیت شەڕی دوژمنەکان بکەیت، یاخود دەبێت لە خەتی خیانەت بیت کە خزمەت بە دوژمنانی کورد دەکات. لە ئێستادا تەنانەت بە قسەکردنیش تۆ لە دژی داگیرکەران بیت ئەوە تۆ لە بەرەی پەکەکەدای، ئەگەر پیچەوانەی ئەمە بیر بکەیتەوە و قسە بکەیت کەواتە تۆ لە بەرەی دوژمنانی. بۆیە گرینگە تۆ بەرەی خۆت یەکلا بکەیتەوە، هەر لەیەنێکیش خۆی یەکلا نەکاتەوە خیانەتێکی گەورەیە لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان دەکات. ئەگەر خۆی یەکلا نەکاتەوە و بەرەی خۆی هەڵنەبژێرێ ئەوە خیانەتێکی گەورە تەنانەت لە مرۆڤایەتیش دەکات، چونکە دەوڵەتی تورکیا مرۆڤ دەکوژێت لە باشووری کوردستان، مناڵ دەکوژێت پیر دەکوژێت ژن دەکوژێ. ئەردۆغان زۆر بە ڕاشکاوی باسی کورد دەکات و دەڵێیت، ئەوەی باسی کورد دەکات لێرە با بڕوات بۆ عێڕاق لە عێراق کورد هەیە، تەنانەت بە زاریا نایەت بڵێت هەرێمی کوردستان، چونکە بە هەرێمی کوردستانی نازانێت، ماڵباتی بەرزانیشی تا ئەو شوێنە دەوێت کە قازانجیان لێ بکات. تورکیا سود لە ماڵی بارزانی وەردەگرێت و لە ڕێگەی لێدان لە کورد و دزینی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە."

"لە تەنیشتی ئایا سۆفیا هەزارن شوێنی لەش فرۆشی هەیە"

دەربارەی ئەو موزایەدەی کە ئەوردۆغان بە ئاینی ئیسلامەوە دەیکات بۆ ڕاکیشانی  کەسانی باوەڕ موسڵمان ئەو نوسەرە وتی: "ئەردۆغان مزگەوتی ئایا سۆفیا دەکاتەوە و نوێژی تیا دەکات، بەڵام بە تنیشتییەوە هەزارن جێگەی لەشفرۆشی و یانەی شەوانە هەیە، ئەوەش یاریکردنە بە بیرکردنەوەی مرۆڤ کە پێمان وابێت ئەردۆغان نوێنەرایەتیی موسڵمانان دەکات. نەک ئەردۆغان و ئاکەپە بەڵکو بەیانی ئەربەکانیش لەسەر حوکم بێت یاخود حزبەکەی داوود ئۆغڵۆش لەسەر حوکم بێت هەر کە زانییان دەنگی کورد هەیە و داوای مافی خۆی دەکات دەسبەجێ لە دژی ئەوەستنەوە و لێی ئەدەن. پێنج ساڵە پرۆژەی ئاشتیان هەڵوەشاندوەتەوە لەبەر ئەوەی هەستیان کرد لە باکوری کوردستان پەکەکە زۆر شتی لە ئاشتیا بەدەست هێنا. بۆیە بە بڕوای من پەکەکە هەبێت یان نەبێت ئاکەپە هەبێت یاخود هەر حزبێکی دیکە بەو عەقڵیەتە حوکم بکەن ئەم شەڕە هەر بەردەوام ئەبێت. لە هەر شوێنێک کورد هەبێت تورکیا لە دژی ئەبێت تەنانەت ئێستا لە ئەڵمانیا حزبێکی کوردی دروست بکرێت تەنها دوژمن کە هەیبێت تورکیا و ئاکەپە ئەبن."

"پەکەکە نوێنەرایەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکات"

دەربارەی شەری ڕەوای پەکەکە لە دژی داگیرکاری وملهوری ڕژێمی ئاکەپە و پیلانگێڕییەکان لەسەر پەکەکە ئەو نوسەرە وتی: "هەموو هێزی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی لە سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپا، ئەوانەی کە هەمویان لە دژی یەکن لە بەرامبەر پەکەکەدا بوون بە یەک لە کاتی گرتنی عەبدوڵا ئۆجەلاندا، بەڵام دەبینین تاکو ئیستا پەکەکە ماوەتەوە و فراوانتریش بووە. تەنانەت پێش پەکەکەش ڕوحیەتی کورد بوون لە ناخی کوردا هەبوە هەر لە شۆڕشەکانی دەرسێم، شێخ عوبەیدڵا، شێخ ڕەزای دەرسیم و هەموو شۆڕشەکانی دیکەی کوردستان کە بونە بنەمایەک پەکەکەی لەسەر دروست ببێت. لە ئێستاشدا پەکەکە نوێنەرایەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکات لەم ناوچەیە و شەڕ بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەکات."

ئەگەر پەکەکەش نەمینی تورکیا بیانوێکی تر دەبێنتەوە بۆ لە ناوبردنی کورد

دەربارەی گریمانەی ئەگەر پەکەکە کۆتای پێ بێت تورکیا واز لەشەڕی کورد دێنی یان بیانوییەکی تر دەبینێتەوە بۆ لە ناوبردنی کورد لە تیف فاتح فەرەج بەم شێوەیە باسی دەکات: "گریمان پەکەکە لە گۆڕەپانەکە نەما و لاچوو، دەوڵەتی تورکیا بە تایبەت ئەردۆغان و ئاکەپە لە تەختە دار دوژمن بۆ خۆیان دروست دەکەن و هێرشی دەکەن. بە دڵنیاییەوە دوای پەکەکە نۆرەی پارتی و یەکێتی دێت دوای ئەوانیش هێزە بچوکەکانی دیکە. کەس بە قەد مەسعود بارزانی خزمەتی ئەردۆغان و ئاکەپەی نەکرد، ئەردۆغان دەستی گرت و بردی بۆ گۆڕەپانی ئامەد و لەوێ داوای لە خەڵکی کرد دەنگ بدەن بە ئاکەپە، لە پاش ئەوە ئەردۆغان مەسعود بەرزانی بە سەرۆک عەشیرەتیش قبوڵ نەکرد. خەڵکانێک هەن لە ناو ئاکەپە ئەگەنە ئەو حەقیقەتە، کە ئاکەپە درۆ ئەکات لەگەڵیان و باوەڕیان بە ئاشتی نییە و دەکشێنەوە، محەمەد دەنگیر فورات یەکێک بوو لەو کەسانەی کە کشانەوە لە کاتێکا ٢ بۆ ٣ خول خزمەتی بە ئەردۆغان و ئاکەپە کرد، کاتێک زانیی ئەم مژارە درۆیە و پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورکیا لای ئاکەپە و ئەردۆغان درۆیە، هەستا کشایەوە و لە ڕێگەی هەدەپەوە دوبارە چۆیەوە ناو پەرلەمان. ئێمە دەبێت لەو ڕاستیە تێبگەین کە تورکیا بە درێژایی مێژوو کێشەی لەگەڵ کورد هەبوە نەک ڕێکخستنێک یاخود لایەنێک، تورکیا دەبینێت کورد هەیە و زمان و کلتوری جیاوازە دەیەوێت لەناوی بدات. ساڵێکیان لەناو مۆکس کۆمەڵێک کچ و کوڕی کورد هەڵپەرکێیان دەکرد بە کراس و پانتۆڵەوە بوون منیش چوم بۆ لایان وتم بۆچی جل و بەرگی کوردیتان لەبەردا نییە وتیان دەوڵەت ناهێڵێت!. دەوڵەتی تورکیا کێشەی جل و بەرگی هەیە، کێشەی زمانی هەیە، کێشەی مرۆڤی هەیە ئەو کێشەی پەکەکەی نییە. درۆیەکی گەورەیە میدیای تورکی و میدیا سێبەرەکانی ئێمە دەڵێن ئەگەر پەکەکە نەبێت تورکیا وامان لێناکات، نەک میدیا بەڵکو ئیستا دەربازی ئەو پەرلەمانتارانەش بووە، کە لە ڕیزی داگیرکەراندان و دەڵێن، ئەگەر پەکەکە نەبێت تورکیا هێرشمان ناکاتە سەر. ئەوە تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە هەکاری لە پێشمەرگەی یەکێتی-یاندا و بە سەدانی لێیان شەهید کرد. لە ڕابردوشدا تورکیا لەناو بنەماڵەی بارزانی کەسی کوشتوە، بۆیە خۆ فریودان و گەمژەییە، گەوجیە لە سیاسەتدا ئەگەر ئێمە پێمان وابێت دەوڵەتی تورکیا دوژمنی پەکەکەیە نەک کورد."

"گەورەترین بەگژداچونەوەی تورکیا لە ئێستادا هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەیە لەگەڵ تورکیا"

لەتیف فاتح فەرەج لە کۆتایی قسەکانی باسی ئەرکی حکومەت لایەنە سیاسییەکان کرد لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەی تورکیا پێشی وایە  خەڵکی، ڕۆشنبیران، شەقام و کۆمەڵگا ئەرکی خۆیان جێ بەجێ کردوە، وتیشی: "ئەوەی ئێستاکە نوێنەرایەتیی فرۆشتنی خەڵکی و نەتەوە دەکات حزبەکانن. بەرپرسیارێتیی گەورە لە ئەستۆی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە هەیە، گەورەترین بەگژداچونەوەی تورکیا لە ئێستادا هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەیە لەگەڵ تورکیا، چونکە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە ڕێکەوتنی بە کۆیلەکردنی هەرێمی کوردستانە. گەرەترین بە گژداچونەوە ئەوەیە تۆ لێرەدا میساقی میلی هەڵبوەشێنیتەوە و ڕێکەتنەکان لەناو بدەیت، بەگژداچونەوە ئەوەیە خەونی تورکیا لەناو بدەیت کە دوێنێ و پێرێ ئەردۆغان چویە سەر گۆڕی ئەتاتورک و وتی، درێژی بە ڕێبازەکەت دەدەین. من باوەڕم وایە ئەگەر مەسعود بارزانی بەیانی بچێتە پەرلەمان کە هەرچەنە باوەڕم بە پەرلەمان نەماوە، بەڵام گەر بێت و لایەنەکان کۆبکاتەوە و لەوێ بڕیار بدەن کە ڕێککەتنی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێتەوە، داوا لە بەغداد بکەن کە بگەڕێنەوە و ڕێکەوتن بکەن لەگەڵیاندا و داوای کۆنفیدراڵی بکەن، دوای ئەوە بکەن پارەی نەوت بە هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا سەرف بکرێت و کیشەی بودجە چارەسەر بکرێت، هەروەها داواش بکەن کە تورکیا بنکە و بارەگاکانی خۆی لە باشووری کوردستان دەرخات پێم وایە ئەم خاڵانە جێ بەجێ بکرێت، دەتوانین بگەین بە سەرکەوتن چونکە لە دەرەوی ئەمانە هیچ دەروازەیەکی دیکەت لەپیش نەماوە و هەموو دەروازەکان ئەتبەنەوە سەر ڕێگای کۆیلە بوون."

ژ.ت