کهژار نەخشەڕێی چارەسەری بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە
کۆمەڵگهی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - کهژار، بۆ چارەسەریی کێشەی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نهخشهڕێیهكی بڵاوکردەوە.
کۆمەڵگهی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - کهژار، بۆ چارەسەریی کێشەی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نهخشهڕێیهكی بڵاوکردەوە.
پاش ئهوهی كۆمهڵگهی دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژههڵاتی كوردستان - كۆدار و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان - پهژاك نهخشهڕێیهكیان بۆ بهدیموكراتی كردنی ئێران بڵاوكردهوه، دواتریش پهژاك پڕۆژهی ههنگاوی كرداری بۆ ڕۆژههڵاتی كوردستان بڵاوكردهوه، ئهمڕۆش كۆمهڵگهی ژنانی ئازادی ڕۆژههڵاتی كوردستان - كهژار نهخشهڕێیهكی بۆ چارهسهریی كێشهی ژن له ڕۆژههڵاتی كوردستان و ئێران بڵاوكردهوه.
كهژار ڕایگهیاند، کلیلی چارەسەریی سەرجەم گرفتەکان، کردنەوەی گرێی کێشەکانی ژنانە، بەبێ چارەسەركردنی ئەو کێشانە کۆمەڵگه هەرگیز ناگاتە پلەی مرۆڤایەتی.
پرۆژەکەی کهژار پێکهاتووە لە پێشەکییەک، شرۆڤەیەک، ١٣ خاڵ بۆ چارەسەریی کێشەکان و دەرئەنجامێک. لە پرۆژەکەدا هاتووە، سیستهمە دەسەڵاتخوازەکان و لەناویاندا کۆماری ئیسلامی، لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ماف، ئابووری، پەروەردە، تەندرووستی و خۆشگوزەرانی لە قەیرانی قووڵدان. هەروەها كهژار هۆشداری داوە کە ئەو سیستهمانە کە بە هیچ شێوەیەک بەدوای دۆزینەوەی چارەسەری بۆ قەیرانەکانیاندا ناگهڕێن، سەرئەنجام تووشی داڕزین و داڕمان دەبن.
لەلایەکی دیکەوە كهژار ئاماژەی بە بێ پلانی سیستهمی کۆماری ئیسلامی و سیستهمە دەسەڵاتخوازەکان بۆ تێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەی ژنان داوه. ڕەخنەی لەوەش گرتووه، ژنان بە درێژایی مێژوو سەرچاوەی ژیان بوون، بهڵام لە ئێستای ئێراندا هیچ بایەخێکیان پێنادرێت، تەنانەت حکوومەتی ئێران لە قووڵترین قەیرانەکانیشیدا دان بە هەبوونی ژناندا نانێت.
کهژار تیشکی خستووەتە سەر ترسی حکوومەتی ئێران لە یەکگرتنی ژنان بۆ گەیشتن بە ئازادی. دهستنیشانی كردووه كه حكوومهتی ئێران هەموو یاسانەکانی لە دژی ژنان داڕشتووە، بۆ نموونه سهرپۆشی زۆرەملێ، دەستێوەردانی حکوومەت لە کاروبارە كهسییهكانی ژنان و بە هاوڵاتی پلەیەک دانەنانی ژنان.
لە بەشێکی دیکەی پڕۆژهكهی كهژاردا باس لە ژنە زیندانییەسیاسییەكانی کورد و ئێرانییەکان کراوە و ئاماژه به ناوی زەینەب جەلالیان، نێرگز محەمەدی، ئاتێنا دائیمی و گۆڵرۆخ ئیرایی کراوە. كهژار نووسیویهتی: ئەو ژنە بەرخۆدێرانە نموونەی تێکۆشانی ژنانن، بەندکردنیان بەندکردنی ئیرادەی سیاسیی ژنانه.
کهژار ١٣ خاڵی وەک ڕێکاری چارەسەری بۆ پرسی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خستووەتەڕوو. لە کۆتایی پرۆژەکەشدا کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەو خاڵانە بۆ دەستەبەکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان ڕیزکراون و تێکۆشانی ژنان تاكهگەرەنتییە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانە.
دەقی پرۆژەکەی کهژار:
پرۆژەی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بۆ چارەسەریی کێشەی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا:
لە سەردەمی ئەمڕۆماندا سیستەمە دەسەڵاتخواز و هێژموونگەراکان تا ئاستێک گەیشتوونەتە بنبەست، کە نەک هەر ناتوانن وەڵامدەرەوەی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگاکانیان بن، بەڵکو ناتوانن درێژە بە هەبوون و مانەوەی خۆشیان بدەن. ئەوان بۆ پاراستنی هەبوونی خۆیان لە هەوڵی لاوازکردنی هێزەکانی بەرخۆدانی کۆمەڵگان، کە بەپێچەوانەوە بەم ڕێبازە هەر ڕۆژ زیاتر خەریکن گۆڕی بەکۆمەڵ بۆ خۆیان هەڵدەکەنن.
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو بنەمایە بەدوور نییە و لە تەواوی بوارەکانی سیاسی، ماف، ئابووری، پەروەردە، تهندرووستی، خۆشگوزەرانی… لە قەیرانی قوڵ دایە. سەرەڕای ئەوانەش ماهییەتی کۆماری ئیسلامی هەروا ئاستەنگە لەبەر دەم گۆڕانکاریی بنەڕەتی و خستنەپێشی ئەو ڕێگاچارانەی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و داخوازییەکانی خەڵک و کۆمەڵگان. لە وەها سیستەمێکدا نە تەنیا کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا چارەسەر ناکرێن بەڵکو برسێتی و هەژاری باڵ بەسەر کۆمەڵگادا دەکێشێت و شانسی ژیانێکی ئازاد و دیموکڕاتیک تا دێت بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات، کە ئەمە رەنگدانەوەی شێوازی بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. وڵاتی ئێران خاوەن کەلتوورێکی دەوڵەمەندی کۆمەڵایەتییە، کە ئەم کلتوورە ئیمکانی پێکهێنانی ژیانێکی دیموکراتیک لەگەڵ موزایکی گەلان پێک دێنێت، بەڵام بە پێچەوانەوە کۆماری ئیسلامی ئەم فرەڕەنگی و کلتوورە کۆمەڵایەتییەی کردووە بە ئامرازی سەرکوت و دروستکردنی قەیران.
سیستەمێک کە بەرنامەی بۆ چارەسەریی کێشە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت، سەرەنجام تووشی داڕزین و داڕمان دەبێت. ڕژێمی وەلایەتی فەقی لە ئێران وێڕای لەبەرچاونەگرتنی ئازار و مەینەتەکانی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆ، لە بەرامبەر هێزەکانی دەرەوەدا، هێندێک جار هەڵوێستی هێرشبەرانە دەگرێت و هێندێک جاریش دەکەوێتە حاڵەتی بەرگریکردن و بەم شێوەیە دەخوازێت درێژە بە هەبوون و مانەوەی خۆی بدات. ڕژێمی ئێران بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە که قەیرانەکانی ناوخۆ نادیده بگرێت و بە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ دەرەوە، لە ئاستی هەرێمی و ناودەوڵەتیدا خۆی بەهێز نیشان بدات. هەوڵ دەدات بە پێکهێنانی هاوسەنگیی هێز لەگەڵ هێزەدەرەکییەکان ئیمکانی توندوتیژی و سەرکوتی ناوخۆ پێک بێنێت. لە ڕاستیدا زەرەر و زیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتوری و ئێکۆلۆژیک لە کۆمەڵگای ئێراندا گەیشتوونەتە ئاستی قەیران، زۆربوونی ڕێژەی بێکاری، هەژاری، گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر، لەشفرۆشی، خۆکوژی، ئۆبژەی جنسی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و بە دەیان کێشەی دیکە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن. ئەمڕۆ ئاشکرایە کە هەموو گرفتەکۆمەڵایەتییەکان لە زوڵم و ستەمێکەوە سەرچاوە دەگرن کە بەتایبەتی لەسەر ژنان بەڕێوە دەچن. ژنان قوربانییانی یەکەمی سیاسەتی جیاکاری و هەڵاواردنی ڕەگەزیی کۆماری ئیسلامین. ئەوان لە ژێر ناوی دین، مەزهەب، سونەت و عورفدا هەموو جۆرە نادادپەروەری و توندووتیژییەکی نەهێنی و ئاشکرا بەرامبەریان ڕەوا دەبیندرێت و هێزی دینامیکی کۆمەڵگا بەرەو لەناوچوون دەبەن. بەڵام لە شوێنێکدا کە ژنان بوونیان هەبێت، چاوپۆشیکردن لە ئازادی ئاسان نابێت، ئازادی گەوهەر و هێزی سروشتیی مرۆڤە، کە هیچ هێزێک ناتوانێت ئەمە لە مرۆڤ داببڕێنێت، لەم بارەوە مێژوو شاهیدی شۆڕشی ئازادیخوازانە و سەرهەڵدانێکی زۆر بووە و بەرامبەر سەردەستی. ئەمڕۆش ژنان، هەر وەک چۆن کەمتر جیلێک لە مێژوودا دەستبەرداری ئازدییەکانی خۆیان بوون، بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێن.
دەوڵەتێک کە هیچ ژێربەنایەکی فکری و میکانیزمێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگا پێ نەبێت، یان لەبەرنامەی داهاتوویدا نەبێت، ناتوانێت کۆمەڵگاش بە ئاوایەکی درووست بەڕێوە ببات. بە چاکسازیی ڕووکەشیانەش ئەم قۆناغە تێپەڕ نابێت، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی، پێویستە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە زێهنیەت و مەنتیقدا بێتە ئاراوە.کە لە نەتیجەی وەها گۆڕانکارییەکدا بەرزکردنەوەی گوزەرانی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی ئەخلاقی و مافیش پێک دێت. پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشە مێژوویییەکان وەک کێشەی چینایەتی، ڕەگەزی و دینی بۆ ڕێگا چارەیەکی مێژوویی بگەڕێین. هەر وەک دەزانین سیستەمی ئێستای ئێران بەگشتی نە توانای چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە نە توانای چارەسەرکردنی کێشەی ژنانی هەیە، و ناشتوانێت دان بەو ڕاستییە دابنێت، کە کێشەی ژنان کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگایە و لەم بارەشدا خۆی بەرهەمهێنەری گرفتی ژنانە.
ژنان کە بە درێژاییی مێژوو سەرچاوەی ژیان بوون لە ڕژێمی ئێستای ئێراندا هیچ بایخێکیان پێ نادرێت، و ئیزنی ئەوەیان نییە کە لە بوارەکانی مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا ڕۆڵیان هەبێت. ئەم ڕێگەپێنەدانە لەم ۲ ساڵەی دواییدا، کە فشارە دەرکییەکان زیادی کردووە زیاتر بەرجەستە بووە، کە ڕژێم دەبوایە بە شێوەیەکی ئاقڵانە زیاتر ڕێگەی بە بەشداریی ژنان لەو بوارانە دابایە. لە ڕاستدا ژنان وەکو ئافرێنەر و پەرەپێدەری ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بەڕێوەبەری ڕاستەقینەی کۆمەڵگای دیموکراتیکن.کلتووری دایک–ژن کە بەرهەمهێنەری کۆمەڵگایەکی ئەخلاقییە، بە بەفەرمیناسینی جیاوازییەکان و پێکەوە ژیان، لە گەشەپێدانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی یەکجار گرینگ دەبینێت و بەم چەشنە ئیمکانی گەشەی زێهنیەتی و کرداری پێک دێنت. لەوەها کەشێکی دیموکراتیکدا هاوسەنگی لە نێوان تاک و کۆمەڵگادا پێک دێت؛ واتا هەر تاکێک، بەشێک لەو کۆمەڵگایەیە، نەکۆمەڵگا لە سەرەوەی تاکە و نە تاکیش لە سەرەوەی کۆمەڵگایە، کێشەکانی نێوان تاک و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی مەنتیقی چارەسەر دەبن. ئەگەرچی بە پێشکەوتنی شارستانییەت و سیستەمی دەوڵەتی، ژنان لە پێگەی خوداوەندییەوە کران بە ئۆبژەیەکی ڕەگەزی و لە ناو چواردیوارییەکاندا گەمارۆدران، و دواتر خرانە ژێر گوشاری زێهنییەتی پیاوسالاری، دینگەرایی و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەڵام لەبیرمان نەچێت لەگەڵ ئەمەدا ژێرخانی پێویست بۆ قەیرانی جۆربەرجۆری ژیانی دروست بوو.
نیزامی دەسەڵاتخواز ئەمڕۆکە لەجێگەی ئەوەی ئاوڕ لەم بەندینخانانە بداتەوە، بە هەوڵدان بۆ پتەوترکردنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی، دەخوازێت بەندینخانەکانی ژنان پتەوتر بکات.کە ئێمە ئەمڕۆ لە ئێراندا لەگەڵ وەها هەڵسوکەوتێک ڕووبەڕووین.
ئەمڕۆکە سیغە وەک فریودانێکی شەرعی بە مەبەستی لەشفرۆشی و بەکاڵاکردنی ژنان پێک هێندراوە و هەروەها پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی مناڵیدا لە بواری مافی مرۆڤەوە وەک داگیرکارییەکی هەری گەورەی ئینسانی پەڵەیەکی شەرمی کۆمەڵایەتییە. ژنان بە حوکمی یاسایەک کە هەیە، ناتوانن بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن، کچانی منداڵ کە کەوتوونتە بەر تەوژمی دواترۆپکی بێویژدانی پیاوان، لە ژیانێکی ڕاستەقینە بێبەشن و لە بواری ئینسانی و کۆمەلایەتی خەریکن گیان لەدەست دەدەن، بەم شێوەیە گۆڕستانێکیان لە ژیان دروست کردووە، بۆ جارێکی تر دەبینین کە ڕوانینی هەڵە بەرامبەر بە ژنان گرفتی ئەخلاقی بۆ کۆمەڵگا بەبار هێناوە. ڕوانینی پیاوسالارانە، کە هەموو یاسایەکی سیاسی، دەوڵەتی، مافی لەوڕا سەرچاوە دەگرێت، ژیان بۆ ژنان ئەستەم دەکات و هەر شێوە کردار و توندوتیژییەک وەک، دەستدرێژی، پەلاماردان و سوکایەتی پێکردن بە ژنان بەڕەوا دەبینێت و مافی ژیانی ئینسانییان لێ زەوت دەکات. لە وەها سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا تەنیا پیاوان مافی ژیانیان هەیە، ئەوان دەوڵەت، یاسا، حقوق، و ڕابەرن. ژنانیش لە هەموو بوارێکدا لە هەر جۆرە مێکانیزمێکی پاراستن بێبەهرەن. لە وەها کایەیەکی ناعادڵانەدا ڕۆڵی قوربانییان هەیە، و هیچ ئەمنیەتێکی حقوقیشیان نییە کە پەنای بۆ بەرن. هێندێک جار دەرئەنجامی ئەو فشارانە دەگەن بە بنبەست و لە ئەنجامدا زۆربەیان لە ڕێگای خۆسوتاندنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.
ڕژێمی ئێران هەموو کاتێک لە یەکگرتن و یەکڕیزی ئەو ژنانەی کە بۆ گەیشتن بە ئازادی تێکۆشان و بەرخۆدانیان کردووە ترسی هەبووە، بۆیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم یەکگرتنە هاوکات لەگەڵ یاسای دژەمرۆڤانەی خۆی وێڕای سەرکوتکردنی ژنان، لە ڕێگەی سیاسەتی بە بەسیجگرتن بەشێک لەو ژنانەی بەڕێکخستن کردوون و دژی خۆیان بەکاریان دێنێتەوە. لە ڕاستیدا ئامانجی ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە ژنان لە ڕاستی خۆیان دوور بخاتەوە و هانیان دەدات کە توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزەکانی خۆیان (ژنانی دیکە) بەرێوە ببەن. لە ڕاستیدا ئەمە کەمڕەنگ کردنەوەی هەبوونی ژنان و داڕشتنەوەی تەواوی مافی ژیانکردنی ئەوانە لەسەر بنەمای داخوازییەکانی سیستەمی پیاوسالاری. ڕژێمی ئێران بە سەپاندنی سەرپۆشی بەزۆرەملێ بە سەر ژنان ڕەوایەتی بە هەر جۆرە دەستێوەردانێک سەبارەت بابەتی شەخسی و تاکەکەسی ژنان دەدات، لە ڕاستیدا ئامانجی سەرەکییان تەنیا داپۆشینی بەشێک لە ڕووخساری کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو کپکردنی زێهن و فیکریان بە ئەساس دەگرن تا بەم چەشنە ڕێگە لە جموجۆڵی کۆمەڵایەتی بگرن.
دەرەنجامی کارکردی نیزامی کۆماری ئیسلامی، لە ئێستادا لە گرتووخانەکانی ئێراندا بە سەدان و هەزاران بەندکراوی ژن هەن، کە بە بیانووی جیاوازی وەک سیاسی، مەدەنی، مافی و… بەند کراون و باری تەندرووستیان ناجێگیرە و لە خزمەتگوزاری پزیشکی و هەر چەشنە مافێکی ئینسانی بێبەش کراون. لەسەر هەمان ڕەواڵ ئێستا بە سەدان منداڵ لەگەڵ دایکیان لە ناو زیندانەکاندا ژیان بەسەر دەبن و لە سەرەتاییترین مافەکانی ژیانی ئینسانی بێبەشن. لە وڵاتێکدا کە شاهیدی وەها کردارێک بین، ناتوانرێت باس لە ئینسانییەت، حکومەتی کۆماری، یان بەڕێوەبەری بکردرێت، بەکاربردنی ئەو دەستەواژانە تەنیا و تەنیا بۆ مەبەستی بەلاڕێدابردن و فریودانی ڕای گشتی و ڕەوایەتیدانە بەبەردەوامی نیزامی حاکم بەسەر کۆمەڵگادا. ڕژێمێک کە هەر جۆرە جموجۆڵێکی سیاسی وەک تاوان ئەژمار بکات و پەتی سێدارە وەک شمشێری “دموکڵۆس” لەسەر کۆمەڵگا ڕاگرێت. ئەو ڕژێمە نەدهتوانرێت وەک بەڕێوەبەری بناسرێت، نە حکومەتی کۆماری نە ئینسانی! ئەشکەنجەدانی ژنانێک وەک: زەینەب جەلالیان، نێرگز مەحەممەدی، ئاتینا دائیمی و گوڵڕۆخی ئیرایی و هەروەها تەواوی زیندانییانی سیاسی ژن لە ڕاستیدا نمادێک لە زیندانیکردنی تەواوی ژنانە و ناتوانێت دەلالەت لە نیزامێکی ئینسانی بکات.
کەژار لێکۆڵینەوەی ڕیشەیی لە گیر و گرفتی سیاسی، ماف، ئابووری، پەروەردە و کارکردنی ژنان… و پێشکەشکردنی ڕێگاچارەیەک لە گوێرەی ڕاستینەی مێژوویی و ژیانی ئەمڕۆیی بە ئەرکی خۆی دەزانێت. ئازادی کۆمەڵگا گرێدراوی ئازادی ژنانە و دانانی ڕێگای چارەسەری کێشەی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی هەموو ژنانی ئازادیخوازە. ئازادی نە لە نیزامی مەسرەفگەرا و ڕواڵەتی فریودەری و، نە لە ناو هەندێک گۆڕانکاریی کاتیدایە. لەبەر ئەوەی پرسی ئازادی ژن زۆر قووڵ و ڕیشەدارە، بۆیە پێویستی بە کردنەوەی گرێ و ڕێگاچارەی قووڵ هەیە. کەژار سیستەمێکە کە لەسەر بنەمای دانانی ڕێگاچارەسەریی دیموکراتیک بۆ کێشەی ژنان خۆی بونیاد ناوە و بۆ ئازادی ژنان، کۆمەڵگا و گۆڕانکاریی سیستەم تێکۆشان دەکات و چالاکیی ڕیشەدار دەکاتە پیشەی خۆی. لەم ڕوانگەیەوە بە مەبەستی ڕێگای چارەسەری بۆ کێشەکان پێشکەشکردنی کۆمەڵێک ڕێکار بە پێویست دەزانین.
ژنان یەکەمین ئافرێنەرانی کۆمەڵگای ئازاد، دادپەروەر و یەکسانیخوازن. لە هەمان کاتدا لە هەڵوەشاندنەوەی هاوسەنگیی سیستەمی کۆمەڵایەتی لە لایەن زیهنییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتەوە بەئاگان. ژنان لە هیچ قۆناغێکدا ڕێکخستنی کۆمەڵگایان لەسەر بنەمای پەیوەندی دەسەڵاتخوازانە قەبووڵ نەکردووە و نایکەن. ئەوان هەمیشە خوازیاری پەیوەندی دادوەرانە، یەکسان و ئازاد بوون، و ئەمەیان بۆ سەرجەم کۆمەڵگا ویستووە. ئەخلاق بە ڕادەی تێگەیشتن لە عەداڵەتخوازی، ئازادی کۆمەڵگا، ویژدانی کۆمەڵایەتی، دیموکڕاسی، شێوەی ئازادی کۆمەڵگا کە زەمینەی پێکەوەژیانی سەرجەم جیاوازییەکانی نێو کۆمەڵگا پێک دێنێت، دیسیپلین دروست دەکات و هێزی بیرکردنەوە و کردار لێک گرێ دەدات، بێ بەشداریی ژنان لە واتای ڕاستەقینەی خۆی بەدوور دەبێت. سیاسەت عەقڵی هاوبەش و شۆڕشی ئازادیخوازانەیە. ئایا بەبێ بوونی بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگا واتا ژنان، ئیمکانی سیاسەتکردن دەتوانێت هەبێت؟ یان سیاسەتی دیموکڕاتیک بێ نمادی ڕاستەقینەی ئازادی، بەبێ بوونی ژنان دەتوانێت باس لە هەبوونی خۆی بکات؟ لەم بوارەدا سەدەی ۲٠ و یەکەم، سەدەی ئازادی ژنانە و کێشەو گرفتی ژنان لە ترۆپکی خۆیدایە.چونکە لەگەڵ بە جیهانیبوونی گوشارەکان و توندوتیژی لە دژی ژنان، تێکۆشانی ئەوانیش سنوورەکانی بەزاندووە و جیهانی بووە. ژنان بە شۆڕشەکانی خۆیان کۆمەڵگایان ئاگا کردووەتەوە و سەلماندویانە کە کۆمەڵگای دیموکڕاتیک، کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسی بێ ئازادیی ژنان تەنانت بۆ ئەوە نابێت بیرشی لێ بکرێتەوە.
هەر وەها ژنان لە ئێرانیش لەبەرامبەر ئەوەدا هەر ڕۆژ، زیاتر لە جاران بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و دیموکڕاتیک پەرە بە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی خۆیان دەدەن و بە کەڵک وەرگرتن لە پاشماوەی فیکریی شۆڕشەکانی پێش خۆیان، کێشە و گرفتەکانیان بە شێوەی جیاجیا فۆرمەڵە و پێشکەش دەکەن. ژنانی کوردیش بەو ئەزموونەی کە ساڵانە لە تێکۆشانی ئازادیخوازانە بەدەستیان هێناوە، ئەمرۆ بوونەتە ئەستێرەی درەوشاوەی ڕێنیشاندەری سەرجەم ژنانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاشکرایە کە شۆڕشی ئازایخوازانەی ژنان، ڕێگە بۆ ئازادی و دیموکڕاسی لە هەموو ئێراندا خۆش دەکات. شۆڕش و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی ئەم یەکساڵەی دوایی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن. ڕژێمی حاکمیش دەبێت باش بزانێت، کە بەجێی پەنابردنی بەناچار بۆ چارەسەریی دیپلۆماتیک، یان پشتبەستن و پەنابردنە بەر هێزەدەرەکییەکان، دەتوانێت بە پشتبەستن بە پوتانسییەلی ناوخۆ و جەسارەتی چاکسازی لە ڕوانین و زێهیەتی خۆی لە پەیوەندی لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەکان، دەتوانێت بەستەرێک بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا پێک بێنێت، و هەنگاوێکی نوێ بەرەو ئاراستەی دیموکڕاتیزاسیۆن هەڵبێنێتەوە. لەو مەسیرەدا ئێمە رێکارەکانی چارەسەری لە ڕوانگەی خۆمانەوە بەم شێوەیە دەهێنینە بەر باس:
۱- بەر لە هەرمووشتێک یاسای بنەڕەتی، لەسەر بنەمای ویژدانی کۆمەڵایەتی و مافی سەرەتاییی مرۆڤەکان دابڕێژرێت، ئەم یاسایانەی کە تێیاندا هەڵاواردنی ڕەگەزی، دینی، نەتەوەیی یان تاکڕەنگی هەیە هەڵبوەشێندرێنەوە. جگە لەمە مافی ژنان، قەوم و فکرە جیاوازەکان بە ڕێبازێکی دیموکراتیک بە فەرمی بناسێندرێن.
٢- ژنان بە شێوازی یەکسان لە تەواوی ئۆڕگانەکانی بەڕێوەبەریدا جێگە بگرن. سیستەمی “هاوسەرۆکایەتی” دەتوانێت ڕێگە لەبەردەم چارەسەرکردنی تەواوی هەڵاواردنە ڕەگەزییەکان بکاتەوە.
٣- یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی ئابووری لە ئێران، نەهێشتن و نەبوونی ژنانە لەم بنکەیەدا، بە گرێدانی ژنان بە پیاوانەوە لە بواری ئابووری، ئەرتەشێکی بێکار لە ژنان دروست بووە و نیوەی وزەی کۆمەڵگا بەم شێوەیە بە فیڕۆ دەڕوات. ڕزگاربوونی کۆمەڵگا لەو قەیرانە پەیوەندییەکی چڕوپڕی بە هەبوونی ژنان لە تەواوی دامەزراوەکانی ئابووریدا هەیە. ژنان دەبێت ڕێگەیان پێ بدرێت وەکوو دارێژەرانی ئابووری لەم بەشەدا چالاکانە بوونیان هەبێت و سەربەخۆییی ئابووریی خۆیان بێ ئەملاوئەملا هەبێت و لەم ڕێگایەشەوە یاساکان گەرەنتی بکرێن.
٤- بۆ زیندوو ڕاگرتنی تاک و کۆمەڵگا، ئازادی و هاوئاهەنگی لە نێوان مافی تاک و کۆمەڵگادا مەرجی بنەڕەتییە. بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان کۆمەڵگا و تاکدا، ئازادیی کۆمەڵایەتی و شەخسیی ژنان حاشاهەڵنەگرە. ناکرێت چاوپۆشی لەوە بکرێت کە لەو چوارچێوەیەدا پێویستە یاسای تایبەت بۆچارەسەر کردنی ڕیشەییی ئەو قەیرانانە دابنرێت.
٥- کۆمەڵگا پێکهاتەیەکە لە سەر بنەمای جیاوازی و فرەڕەنگی. هەر بۆیەش چەمکی یەکسانی، جگە لە مافی بەرابەری مرۆڤەکان، ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی کۆمەڵگا بە پێویست دەزانێت. کەواتا یەکسانی بریتییە لە ژیانکردنی تەواوی هەبوونە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ سروشت و جیاوازییەکانی تایبەت بە خۆیان و بەردەوامبوونیان. سەرچاوەی تەواوی نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان، لە مافی ژنان دایە. کەواتا بەبێ دەربازبوون لە زیهنییەتی ڕەگەزگەرا و زیندووکردنەوەی ئازادیی ژنان، ناتوانرێت باس لە یەکسانییەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی بکرێت.
٦- لە بەر ئەوەی کە ژنان ئازادانە نەیانتوانیوە بە گشتی لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا بوونیان هەبێت، هەروەها بەهۆی بەشداری نەکردنیان لە چالاکییە هونەری و وەرزشیەکاندا، بەهرە و توانا هونەرییەکانیان دەرناکەون. لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ سەلماندنی خۆیان بە شێوازێکی ئازادانە، پێویستە لە هەموو دەرفەت و پوتانسیەلێک بۆ بەشدارییان لەو بوارانەدا کەڵک وەربگیردرێت و تەواوی دەرگاکان بەڕوویاندا کراوە بێت و قەدەغە و سنووردارکردن کۆتایی پێ بهێندرێت.
٧- پێویستە یاسای پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی کچانی کەم تەمەن هەڵبوەشێندرێتەوە، هەر وەها سیغە و ئەو جۆرە هاوسەرگیریانەی بەو شێوەیەن هەڵبگیردرێنەوە و لەم بارەیەوە ئاسایشی یاساییی ژنان پێک بهێندرێت. چوونکە ئەو یاسا و کردارانەی کە لە دەرەوەی ئیرادەی ژنان پێک دێن کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لە بواری ڕۆحی و جەستەیی لەسەر ژنان دادەنێت و دەبێتە هۆی بریندارکردنی کەرامەتیی ئینسانیی ئەوان و لە بواری ڕۆحی و دەروونیەوە تووشی کێشە دەبن. کە لە نیهایەتدا لەناوچوونی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دێنێت.
٨- سزای دژەمرۆڤانەی لەسێدارەدان بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک دەبێ هەڵبوەشێندرێتەوە و سزای هیچ تاوانێک نابێت یەکسان بێت بە لە سێداراەدان .ئەم کردەوە شەرمەزارانەیە دەبێت بسڕێتەوە .هەر مروڤێک ماڤی ژیانی هەیە.ئەمە سەرەتاییترین و یەکەمین ماڤی هەر مروڤێکە.ئەو ماڤە دەبێت وەئەستۆ بگیردرێت.
٩- ئازادی ڕادەربڕین و حەزی فکریی جیاواز لە نێو هەر کۆمەڵگایەک ماڤێکی مسۆگەرە کە ئەو ماڤە لە سیستەمی ئیراندا بە هیچ شێوەیک بە فەرمی نەناسراوە و بیانوویەکە بۆ دەرگاکراوەکانی بەندینخانە.لە بنەڕەتڕا بەندکردنی تاکەکان بە هۆی بیروبۆچوون و حەزی فیکریی جیاواز ناڕەوایە و لەم بارەوە هەر مروڤێک دەتوانێت داکۆکی لە ماڤی خۆی بکات.
١٠- ئێران لە بواری کۆمەڵایەتییەوە خاوەن فرەڕەنگیی کێیەتی و کولتووریی جیاوازە .هیچ ڕەگەزێک، زمان، ئەندێشە و خەڵکێک لە سەروەی ئەوی دیکەوە نییە و نابێ هیچ هەبوونێک بکەوێتە ژێر گوشاری لەناوچوون و ئاسیمیلاسیۆن. یاساکان دەبێت پارێزەری زمانی دایکی و کلتووری ڕەسەنی نەتەوەکان بن.
١١- تەواوی ئەو حاڵەتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، ماف و ویست و خواستی دیموکراتیکن. “کەژار” هەوڵ دەدا کە رێبازی دیموکراتیک بۆ چارەسەری کێشەکان بگرێتە بەر. ئەگەر ئەم ڕێکارە دیموکڕاتییانە لەبەر چاو نەگیرێن و، لە بەرامبەر پێداگری نیزام بۆ پێکنەهێنانی گۆڕانکاریدا ژنان بکەونە بەر تەوژمی کردەوەی دژەئەخلاقی، ژنان مافی پاراستنی ڕەوایان هەیە.
١٢- هەر ژنێک مافی ئەوەی هەیە، کە ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی پۆشینی جل و بەرگی خۆیدا. بەشداریی ئازادانە لە تەواوی چالاکییەکانی وەرزشی، هونەری، کۆمەڵایەتی و توریستی، مافی سرووشتی ژنانە.
١٣- چاوپۆشی لەو ڕاستییە ناکردرێت کە ڕێکخستن بۆ ژنان ژێربەنای ئەسڵی ئازادی بووە، بەو پێیە ژنان مافیان هەیە بەیەکێتی و پەیوەندی بەهێز و شۆڕشی بەڕێکخراو، خولیای ئازادیی خۆیان بگەیەنن بە حەقیقەت.
تێکۆشان لە بەرامبەر نادادپەروەری ڕاست و ڕەوایە. کەژار لەبەرەوپێشبردنی ئوسوولی تێکۆشانی ئایدۆلۆژی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی زانستی پاراستنی گەوهەری لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرشانەی کە لە ناو کۆمەڵگادا لەسەر ژن دەکرێن، بە یەکێک لە ئەرکە بنچینەیییەکانی خۆی دەزانێت. ئەو مژارانەی کە ئاماژەمان پێ کردن کۆمەڵە ڕێکارێک بوون لە پەیوەندی لەگەڵ مافەکانی بنەڕەتی و ئازادییەکانی ژنان و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکانیان. بێشک بۆ گەرەنتی کردنی ئازادی تێکۆشانی بەرفراوان پێویستە. بەو پێیە ئەرکێکی هەرە گرنگ لە سەر شانی ژنانە. ژنانی کورد، عەرەب، ئازەری، فارس… دەبێت یەکبگرن و ئەو ژنانەی کە لە دەزگاو رێکخراوەکاندا جێگە دەگرن بە هوشیاری و چالاکانە تێکۆشان بکەن. پێویستە ئەوە بە گرنگ بزانین کە تێکۆشان بۆ ئازادی بەبێ تێچوو نابێت و پێویستی بە هیمەت و دڵسۆزییەکی بەرین هەیە. کەسانێک کە بە شێوازی رێکخراو تێکۆشان نەکەن توانای گەیشتن بە سەرکەوتنێکی هەمیشەیییان نابێت. ژنان خاوەن هێزێکی وەهان کە دەتوانن رژێمە دەسەڵاتدارەکان تێک بشکێنن بەڵام تەنیا پێویستە کە باوەڕیان بە خۆیان هەبێت و خۆیان بەرێکخستن بکەن. ئێمە وەک کەژار باوەڕمان وایە کە پۆتانسییەلی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکگرتنی ئەوان بۆ گۆڕانکاریی مەزن لە ئێران بەش دەکات. بە باوەرمەندبوون بەو هێزە، و خاوەنداریەتی لە ڕۆحی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان، ئاستی تێکۆشانی خۆمان بەرفرە دەکەین و تا گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی لە تێکۆشان ناوەستین.
s.m