هاوسەرۆکایەتیی ئهنجومهنی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە، بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه و ڕایگەیاند: هێرشەکانی ڕژێمی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان بەرفراوان بوون. بارەگهکانی سوپای ئەو ڕژێمە زیاتر کراون. سهرهڕای باشوور، بەگشتی هێرش لە سەر هەموو بەشەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین هەیە. بەو شێوەیەش فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە پەرە بە دوژمنایەتیکردن و قڕکردنی کوردان دەدات. ئەو فاشیزمە بۆ لە ناوبردنی ژیانی ئازاد و دیموکراسی، عەفرینی داگیر کرد. بۆ ئەوەی درێژه به قڕکردنی کوردان بدات، دەیەوێت تەڤگەری ئازادی کورد پاکتاو بکات. بەکورتی لە هەر جێیەک کورد خۆی بەڕێكخستن کرد، لەوێ کراوەتەوە ئامانجی شەڕ.
"ئاکەپە بەداعش نەگەیشتە ئامانج، بۆیە بە خۆی دەستی بە قڕکردنی کورد کردوەتەوە"
"دەسەڵاتداری ئاکەپە، کە هەوڵی دا تەڤگەری ئازادی کورد پاکتاو بکات و سەرنەکەوێت، ئیدی لە ساڵی ٢٠١٥وە هەموو دوژمنەکانی کوردی لە دەوری خۆی کۆکردوەتەوە و دەستی بە هیرشێکی نوێی پاکتاوکاری و قڕکەرانە کردۆتەوە. ئامانج لەوەش سەرەتا پاکتاوکردنی پەکەکەیە و لە ڕێی ئەوەشەوە دەیەوێت ئەو قڕکردنەوەی کە سەد ساڵە لە دژی کورد پەیڕەوەی دەکات بە کۆتا بگەیەنێت. هەڵبەتە ئەگەر بشتوانێت ئەو رێکخستنە هەر بەهێز و ڕێکخستنکراوەی کورد پاکتاو بکات، ئیدی بۆ قڕکردنی تەواوی گەلی کورد هیچ ئاستەنگییەک لە بەردەمی خۆیدا ناهێلێتەوە. هەموو سیاسەت و پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییهكانی فاشیزمەکەی ئاکەپە و مەهەپە بەو ئامانجە بەڕێوە دەبرێن. لە ئێستاشدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە دۆخی شەڕی سێهەمینی جیهانیدا دەرباز دەبێت، ئامانجی ئەو فاشیزمەی ئاکەپە و مەهەپە ئەوەیە، کە کورد بێ ستاتۆ بمێنێتهوه و ئەوەشی لە سەدەی بیستهمینهوه بەدەستیان خستووە بە باشووریشەوە لە دەستی بدەن و هاوکات لە سەدەی بیست و یهكهمیشدا بەتەواوی کورد قڕ بکەن. ئێستاش بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن کورد دەستکەوتی نوێی هەبێت، بە دژواری هێرش ئەنجام دەدەن. ئەگەر دەرفەتیان بۆ هەڵکەوێت، ئەوا فیدراسیۆنی باشووری کوردستانیش دهسڕنهوه کە هەمیشە لە دژی دەدوێن و دەڵێن، ئەوەی بەرامبەر باشوور کردویانە هەڵەی خۆیان بووە و دەبێت ئەو هەڵەیان بە لەناوبردنی سەرڕاست بکەنەوە".
"لە باشوور بارەگهسەربازییەکانی تورکیا زیاتر کراون"
کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە، سەرنج ڕادەکێشێتە سەر بوونی بارەگه سەربازییەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان و ئاشکرای دەکات: "لە باشووری کوردستان زیاتر لە ١٥ بارەگهی سەربازیی تورکیا هەن. ئەو بارەگایانە نەک تەنها لە دژی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی کورد دروست کراون، بەڵکو ئامانج لە بوونیان ئەوەیە باشوور کونترۆڵ بکەن، ڕێگری لە پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد بکەن، هەروەها بۆ گوشار خستنەسەر هێزەکانی باشوور و بەشەڕدانی هێزەکانی کوردە. ئێستا دەوڵەتی تورکیا ژمارەی بارەگهکانی لە باشوور زۆر زیاتر کردووە".
"داگیرکاری ئەم جارە لە برادۆست، جیاوازه له جارهكانی پێشوو"
کەجەکە، ڕایدەگەیەنێت: "هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و داگیرکردنی دەڤەری برادۆستی باشووری کوردستان، وەکو هێرشەکانی ڕابردوو نین و جیاوازترن. فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لە دژی کوردان دەستیان بە هێرشی سەرتاسەری و هەمەلایەنە کردووە. ئەو هێرشە قڕکەرە کە دوژمنایەتی کوردی پێ دەکرێت، یان دەبێت تێکبشکێنرێت، یان ئەوەتا تا تێکشکاندنی ئیرادە و قڕکردنی تەواوەتی کوردان درێژەی دەبێت. ئامانجی هێرشەکەش تەنها پەکەکە و تەڤگەری ئازادیی کورد نییە، بەڵکو لە دژی سەرجەم گەلی کورد و هێزەکانیەتی. ڕاستە ئێستا پەکەکە وەک ئامانج پیشان دەدرێت، بەڵام کورد و هەموو دەستکەوتەکانی دەبنە ئامانج. وتنی ئەوەی کە کەرکووک شارێکی توركمانییه و ئهو ههڵوێستهی لە کاتی قەیرانی کەرکووکدا پیشانیان دا، دەرخەری دوژمنایەتی دەسەڵاتداره فاشیزمهكهی ئاکەپە و مەهەپەیه بەرامبەر کوردان".
"دەبێت کورد و هێزه سیاسییەکانی لە بەرامبەر داگیرکاری ڕاپەڕن"
داگیرکردنی باشووری کوردستان لە لایەن تورکیاوە ماوەیەک لە ڕۆژەڤی کۆمەڵگەدا بوو. گەلی باشووری کوردستان لە سەرویانەوە ژن و گهنجان، ههستانه سەر پێ، ڕژانە سهر شەقامەکان و لە دژی وەستانەوە و داوای کۆتایی هێنانیان کرد و لە بەرامبەریدا تێكۆشانیان كرد. لەم بارودۆخهدا دەبێت هەموو گەلی کورد لە ناویاندا هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان تێکۆشان گەش بکەن و ڕاپەڕن. چونکە ئەگەر لە باشووری کوردستان لە دژی داگیرکارییەکە تێکۆشان نەکرێت، ئەوا لە کورتەک و زارگەلی و باڵەیان زیاتر مەدەنییەکان کۆمەڵکوژ دەکرێن. گوندەکانی وێرانتر دەکرێن، سەرتاسەری خاکی باشووری کوردستانیش لە ژێر پۆستاڵی سەربازه داگیرکەرەکاندا بپڵیشێتەوە".
"ناڕەزایەتی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر تورکیا بەس نییە"
کەجەکە ڕایگەیاندووه: "دەوڵەتی عێراق لێدوانی داوە کە دژی داگیرکاریی تورکیایە و لێی ناڕازییە، بەڵام ئەو لێدوان و ناڕەزایەتییە بەس نییە و له ئاست دۆخەکەدا نییه. چونکە ئاکەپە و مەهەپە بوێرانە و بێ سڵەمینەوە هێرش دەکەنە سەر خاکێک کە هی باشووری کوردستان و عێراقه. بۆیە دەبێت دەوڵەتی عێراق و هێزە سیاسییەکانی کورد لە دژی بوهستنهوه. ئێستا هێرشەکان لە هەرێمی ژێر دەسەڵاتی پارتیی دیموکراتیی کوردستانەوە دەکرێنە سەر کورد و خاکەکەی و داگیر دەکرێت. گەل و ڕای گشتیی کورد و کوردستان چاوەڕوانە لە بەرامبەر ئەوەدا پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو هێزە سیاسییەکانی دیکەی باشووری کوردستان و عێراق هەڵوێست پیشان بدەن. چونکە ئەو زیهنیەتەی داگیرکاری بهڕێوه دەبات، لە دژی تەواوی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و عێراقیشه. ئەگەر لە ئێستاوە ڕێ لهو هێرش و داگیرکارییەی دوژمن نەگیرێت، ئەوا ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسییەکانی گەورەتر دەبن و لە ناویدا گەلی باشووریش سەجەم گەلی کورد قوربانی مەزن دهدات. بۆیە دەبێت هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە بەرپرسیارهتیی خۆیان ههڵسن و پاساو بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نەهێننەوە و لە دژی داگیرکارییەکە هەڵوێست پیشان بدەن."
کەجەکە جەخت دەکاتەوە: "دەوڵەتی تورکیا زۆر جاران پیشانی داوە کە سەرکێشی و پێشەنگایهتیی دوژمنایەتیکردنی کوردان دەکات، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بە یەکێتیی نەتەوەیی کورد و هەڵوێستی هاوبەش، گەلی کورد لە بەردەم دوژمنایەتیەکەدا بووەستێتهوه. گەلی کورد خوازیارە هێزە سیاسییەکانی لە دژی هێرش و داگیرکارییەکەی تورکیا هەڵوێست پیشان بدەن. ئەگەر هێزە سیاسییەکانی کورد لە بەرامبەر داگیرکارییەکەدا ههستن، شكست به ئهوان دههێنرێت".
"تا تێکشاندنی ئیرادەی قڕکەر بەرخۆدان بەردەوام دەبێت"
تەڤگەری ئازادی تا کۆتایی لە دژی داگیرکاری بەرخۆدان دەکات و هەتا شکستهێنان به ئیرادەی قڕکەر و دوژمنی کوردان، بەرخۆدان و تێکۆشان درێژەی دەبێت. ئەگەر شەڕ و داگیرکاری قڕکەر بەم ئاستەی ئێستا بەرفرهوان بووە، لە بەرامبەریشیدا بەرخۆدان و تێکۆشانیش بەرفرهوانتر ببێت، بێگومان دهوڵهتی تورکیای قڕکەر دهخاته گێژاو و زەلکاوێکەوە تێیدا دەرچوونی نەبێت".
"داگیرکاری ئەم جارەش بە هیمهتی گەریلا و پشتیوانی گەل شکستی پێدههێنرێت"
گەلی باشووری کوردستان لە کارەکتەر و ئامانجی هێرشەکانی تورکیا باش تێ دەگات و دەبێت تێکۆشان لە دژی هێرشەکە گەشتر بکات و لەگەڵ گەریلادا ڕاپەرێت. هەر چۆن داگیرکاریی زاپ بە بەرخۆدانی گەریلا و پشتیوانی گەلی باشوور تێکشکێنرا، ئەم هێرش و داگیرکارییەی ئەم جارەش بە هیمهتی گەریلا و پشتیوانی گەل شکستی پێدههێنرێت".
"دەبێت کوردانی مەترۆپۆلنشین و هەندەرانیش بهكارایی بەشداری تێکۆشان بن"
کەجەکە، پێداگرە لە سەر ئەوەی هێرشی ئێستای تورکیا بۆ سەر دەڤەری برادۆست، هەر دژی باشوور نییە، بەڵکو دژی باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی دەرەوەی کوردستان و مەترۆپۆلنیشنەکانی تورکیاشە. بۆیە دەبێت لەگەڵ هەموو گەلی کورد لە کوردستان، کوردانی مەترۆپۆلنشین و هەندەرانیش کارایانه بەشداری تێکۆشان بن و لە دژی داگیرکارییەکە بوەستنەوە. بە داگیرکردنی عەفرین و هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و دەڤەری برادۆست، ئیتر شەڕ گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی. لەم پڕۆسهیهدا وێرای کورد، دەبێت دۆستانی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکانیش لە بهرزترین ئاستدا خاوەن ڕۆڵ و هەڵوێست بن".
"نەک کورد، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەئامانج گیراون"
کەجەکە، ڕایگەیاند: " دەبێت هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین باش بزانن، ئەم هێرش و داگیرکارییە تەنها لە دژی گەلی کورد و کوردستان نییە، بەڵکو هێرشێکە لە سەر تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. تێکۆشان لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاش بەواتای تێکۆشانە بۆ ئازادی، ئاشتی، دیموکراسی، سەقامگیری و پێکەوە ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. بۆیه دەبێت گەلان و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بهكارایی شان بەشانی گەلی کورد لە دژی داگیرکارییەکانی ڕژێمی تورکیا بوهستنهوه و بەشداری بكهن له شكست پێهێنانیان".
"بەرخۆدان تا بونیادنانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیموکرات و کوردستانی ئازاد بەردەوامە"
هاوسەرۆکایەتی ئهنجومهنی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە، بەم شێوەیە کۆتایی بە لێدوان و بانگەوازییەکەی دەهێنێت: "بێگومان تەڤگەری ئازادی لە هەموو شوێنێک لە دژی داگیرکارییەکە بەرخۆدان و تێکۆشان دەکات. تەڤگەرەکەمان لە بارودۆخی زۆر سەختدا گوڕی بەتێکۆشان داوە و ئەمڕۆکەش هەمان شت دەکات. فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە کە هەموو دوژمنانی کوردی لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە و ڕووسیای کردۆتەوە هاوبەش لە کوشتنی کورداندا، دەبێت بزانێت ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی بەرفرهوان و فیداییانە دەبێتەوە. ئیدی هزر و ڕامانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد بەرەو پێش دەچێت و بە پشتیوانی گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان پەرەی پێ دەدرێت و ئەم هێرش و داگیرکارییەش تێكدهشكێنرێت. بهدڵنیاییهوه ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیموکرات و کوردستانی ئازاد بونیاد دهنرێت".
هـ.هـ