کەجەکە: پێویستە بە رۆحی شێلادزێ لە دژی داگیرکەری هەڵوێست نیشان بدرێت

کەجەکە رایگەیاند، پێویستە هەموو کورد و گەلانی کوردستان بزانن، کە هێرشە تازەکانی داگیرکەری بناغەیەک بۆ کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەی نوێ بنیاد دەنێت. بانگەوازمان ئەوەیە، کە بە رۆحی شێلادزێ لە هەموو ناوچەکان هەڵوێست بنوێنن.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورک لە دژی باشووری کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "سوپای تورک لەدژی ناوچەی برادۆست دەستی بە هێرشێکی نوێی داگیرکەری کردووە. ئەو هێرشانە لەو رۆژەدا دەستیپێکرد، کە لە پەرلەمانی باشووری کوردستان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکرا و هەروەها ئەو رۆژە سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی تورکیای کرد. بەوەش پەیامێک هەم بۆ باشووری کوردستان و هەمیش بۆ عێراق نێردرا، بەڵام نە حکومەتی عێراق و نە ئیدارەی باشووریش لەدژی ئەو هێرشانە هەڵوێستیان نەنواند و تەنانەت راگەیاندراوێکیشیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردەوە. گوایە وەک ئەوەیە 'ئۆپەراسیۆنێکی دەرەوەی سنوور لە دژی پەکەکە کرابێت' خۆیان لە ئۆپەراسیۆنێکە نەبان کرد.

ئەوانەی دەڵێن 'هێرش لە دژی پەکەکە و گەریلایە' دەکەونە داوی گەمەیەکی چەپەڵ و ئۆپەراسیۆنی فریودەرانەی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە. هاوکات لە بەرپرسیاری و هەڵوێست نواندن و بەرخۆدان لەدژی داگیرکەری هەڵدێن. دەبێت ئەو راستییانە بزانرێن؛ دەسەڵاتی فاشستی ئاکەپە – مەهەپە بە هێرشەکانیان دژی پەکەکە و گەریلا هێرشی سەر کوردستان دەکەن. ئەوەی نەیتوانی بەدەستی داعش بیکات دەیەوێت خۆی بە مۆڵەت و بە بەرچاوی هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکانەوە ئەنجامی بدات. ئەردۆغان ساڵی ٢٠١٤ لە رێگەی داعشەوە لە چەندین ناوچەى دەشتاییەوە دەستی بە هێرشی پاکتاوکردن و سڕینەوە و داگیرکەری کرد. لەبەر ئەوەی لەو هێرشانەدا سەرنەکەوت ئەمجارە لە باکوور و لە چیاکانەوە دەستی بە هێرش کرد. ئەو هێرشەی لە باشوور لە دەشتاییەوە دەستیپێکرد تەنها هێرشێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو وێڕای هێرشی سەربازی هێرشێکی وەها بوو کە دەیخواست لەڕووی ئابووریشەوە بیڕوخێنێت".

ئەردۆغان دەیەوێت خەونە عوسمانییە نوێکانی جێبەجێ بکات

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: "بۆردومانکردنی هەرێمی برادۆست بە فڕۆکە جەنگییەکان و هەلیکۆپتەرەکانی کۆبرا و ئاتاک و هەورەها سووتاندنی هەزاران دۆنم لە کێڵگەکانی مەخموور، کەرکوک و موسڵ ڤێرژن و شێوازی جیاوازی هێرشەکانی هەمان سیاسەتن".

 کەجەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئەو هێرشانە بۆ ئەوەیە ئەو هەرێمانە، کە لە رێککەوتنى مووسڵ لە ساڵی ١٩٢٦دا دەستیان لێ هەڵگیرا هەموویان داگیر بکاتەوە و رایگەیاند، ئەردۆغان بەوە دەیەوێت خەونە عوسمانییە نوێکانی جێبەجێ بکات.

"دژایەتی نەکردنی داگیرکەری لە رۆحی نەتەوەیی ناوەشێتەوە"

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لەم دۆخەدا، کە لە بەعشیقەوە هەتا برادۆست هێرشی داگیرکەری بۆ سەر باشووری کوردستان دەکرێت، بێهەڵوێستى لە دژی ئەوە و خۆبواردن لە راگەیاندراوی شەرمەزارکردن لە رۆحی یەکێتیی نەتەوەیی و کوردایەتی ناوەشێتەوە. راست نییە ئەوە لە پێناو بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی پشتگوێ بخرێت. دوای ئەوە، کە وڵات داگیر کرا بەرژەوەندی هیچ واتایەکی نامێنێت. هیچ بەرژەوەندییەک لە ئازادیی وڵات و خاکەکەمان و لە یەکێتیی نەتەوەیمان گرنگتر و هێژاتر نییە. یەکێتیی نەتەوەیی لە سەردەمە قورس و سەختەکاندا بە بڕیاری قورس و سەخت بەدی دێت. یەکێتی نەتەوەیی راستەقینە لە کاتی خۆشیدا بەدی نایەت. ئەگەر لە کاتی ئارام و بێ کێشەشدا بەدی بێت، ئەوا لە کردەوەی ئێستا دەبیندرێت، کە (ئەوەى لە سەردەمی ئارامیدا بەدیهاتووە) لە سەردەمی قورس و زەحمەتەکاندا نامێنێت. رێی یەکێتی نەتەوەیی هەڵوێستە لەدژی داگیرکەریی تورک. کاتێک مرۆڤ سەرنج دەداتە  مێژووی گەل و نەتەوەکانی دنیا ئەوە دەبینێت، لە ئەنجامی تێکۆشانێکی قورس و سەخت لە سەردەمی دژواردا یەکێتیی نەتەویی خۆیان لە دەوری بەها نەتەوەییەکان پێکهێناوە.

"پێویستە هێزە کوردستانی و دیموکراتیکەکان هەلوێستیان هەبێت"

هەربۆیە، لە کاتێکدا هێرشێکی نوێی داگیرکەریی بۆ سەر کوردستان دەکرێت بانگەوازی ئێمە بۆ هێزە کوردستانییەکانی هەموو پارچەکان و هێزە دیموکراتییەکان ئەوەیە، کە هەڵوێست بنوێنن و دژایەتیی داگیرکەری بکەن. ئەو هێرشە داگیرکەرییە هێزە کوردستانییەکانی خستووەتە ناو تاقیکردنەوەیەکی مێژووییەوە. بەرپرسیارێتیی هەموو هێزێکە، کە بە هەڵوێستی نەتەوەیی و یەکێتیی نەتەوەیی دژایەتیی داگیرکەری بکەن.

دۆخەکە بۆ کورد بەم شێوەیەیە، بەڵام دەبێت بزانرێت، کە دۆخەکە بۆ عێراق جدیترە. بێدەنگیی حکومەتی عێراق بەرامبەر ئەو داگیرکەرییە و نەنواندنی هەڵوێست وەکو قبوڵکردنی هێرشەکانە و ئەوەش زیان بە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراق دەگەیەنێت. ئەو هێزە نێونەتەوەییانە، کە لەدژی داعش شەڕیان کرد دەبێت لەدژی کۆنسێپت و چەمکی عوسمانیی نوێ و ئەو هێرشە داگیرکەرییانەی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، کە پاڵپشتی داعشە هەڵوێستیان هەبێت.

"لەدژی داگیرکەریی تورک دەست بە هەوڵدان بکەن"

گەلەکەمان دەبێت لە چاوەڕوانی ئەو هێزە سیاسییانەدا نەبێت، کە بەدوای بەرژوەندییە بچوکەکانیانەوەن و پێویستە گەلەکەمان هەڵوێستیان هەبێت. دەبێت خۆیان رووبکەنە حەزیان بۆ ئازادی و کولتوری بەرخودانی خۆیان و پێویستە لەدژی هێرشە داگیرکەرییەکانی تورک لە هەموو ناوچەکان بەهێز و توانایى  خۆیان دەست بە هەوڵدان بکەن. پێویستە بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان حزبەکان دا کورد و هەموو گەلانی کوردستان، هزر و عەقڵییەتى پاکتاوکارانەى فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ببیین و لەوە تێبگەن، کە هێرشە تازەکانی داگیرکەری بوار بۆ کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاری و سڕینەوەى نوێ دروست دەکات. بانگەوازمان ئەوەیە بۆیان، کە بە رۆحی سەرهەڵدانی شێلادزێ لە هەموو ناوچەکان هەڵوێست بنوێنن".

ر.م