کەرکوک، کامپینی 'هاوکاریکردنی خێزانە هەژارەکان بۆ جەژن' کۆتایی پێهات

دوای چوار رۆژ لە دەستپێکرنی کامپینی (هاوکاریکردنی خێزانە هەژارەکان لە جەژندا) لەلایەن گروپی هۆشیاری گەنجان، ئەمرۆ کامپینەکە کۆتایی هات.

ئێوارەی ئەمرۆ سێ شەممە لە شاری کەرکوک لە باشوری کوردستان هەڵمەتی کۆکردنەوە هاوکاریکردنی خێزنە هەژارەکان لەماوەی جەژندا کۆتایی هات، ئەم هەڵمەتە رۆژی شەممەی رابڕدوو بۆ ماوەی چوار رۆژ دەستیپێکردبوو ئەمرۆ سێ شەممە کامپینەکە کۆتایی هات، کامپینەکە بە مەبەستی هاوکاری کۆکردنەوە بۆ دابین کردنی پێداویستی جەژن بۆ خێزانە هەژارەکانی شاری کەرکوک لەلایەن گروپی هۆشیاری گەنجان ئەنجام درا، جێگای باسە هاوکارییەکان بریتیە لە جل و بەرگ و پارە و پێداویستی جەژن.

سۆران سەردار بەرپرسی رێکخراوەکە و ئەندامی کامپینەکەیە سەبارەت بە کۆتایی هاتنی کامپینی کۆکردنەوە هاوکارییەکە، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە لەم کاتەدا بە گونجاومان زانی ئەم جۆرە کامپینانە رابگەینین بۆ هاوکاری کردنی خیزانە هەژارەکان و منداڵانی بێ دایك و باوكی شارەکەمان لەماوەی چەژندا، ماوەی چوار رۆژە کامپینەکەمان بەردەوامە بەشێوەیەکی گشتی لەبازار و گەرەکە کوردیەکان هاوکارییەکی زۆرمان کۆکردۆتەوە."

هەروەها سۆران سەردار سەبارەت هەڵوێست و بەشداری کردنی خەلکی کەرکوک لە هاوکاری کامپینەکەدا بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "جێگای خۆشحاڵیە کە خەلکی شاری کەرکوک بەشێوەیەکی بەرچاو هاوکاری پێشکەش کرد بە کامپینەکە، وە ئێمەش وەکو گروپی هۆشیاری گەنجان توانیمان بەو هاوکاریانە هاوکاری نزیکەی ٧٠ خێزانی هەژاری شارەکەمان بکەین."

لە کۆتایدا سۆران سەردار لە رێگەی ئاژانسی هەواڵی فوراتەوە پەیامێکی ئاراستەی رێکخراوەکانی شاری کەرکوک کرد و وتی: "ئێمە وەکو گروپی هۆشیاری گەنجان داوا  لە سەرجەم رێکخراو و گروپەکانی شاری کەرکوک دەکەین کە هاوکاری شارەکە بکەن لە هەموو بوارەکان وەکو خێرخوازی، ژینگە پارێزی و هونەری و هەر جۆرە چالاکییەکی دیکە کە خزمەت بە کەرکوک و کەرکوکییەکان بکات."

ز.ش