گروپی هۆشیاری گەنجان هەڵمەتێکی بۆ هاوکاری خێزانە هەژارەکانی کەرکوک لە جەژندا ڕاگەیاند

لە شاری کەرکوک گروپی هۆشیاری گەنجان هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوە هاوکاری بۆ خێزانە هەژارەکانی کەرکوک لەماوەی جەژندا.

ئەمرۆ رۆژی شەممە لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان هەڵمەتێکی کۆکردنەوە هاوکاری دەستیپێکرد بۆ هاوکاری کردنی خێزانە هەژارەکانی شارەکە، لە هەڵمەتەکەدا هاوکاری کۆدەکرێتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستی جەژن بۆ خێزانە هەژارەکان، هەڵمەتەکە لەلایەن گروپی هۆشیاری گەنجانە بەڕێوە دەچێت و هاوکارییەکان بریتیە لە جل و بەرگ و پارە و پێداویستی جەژن.

محەمەد عەلی ئەندامێکی رێکخراوەکە سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتەی کۆکردنەوە هاوکاری، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە لەم کاتەدا بە گونجاومان زانی ئەم جۆرە هەڵمەتە رابگەینین بۆهاوکاریکردنی خیزانە هەژارەکانی شارەکەمان لەماوەی چەژندا، چونکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بەردەوام بوونی قەدەغەی هاتووچۆ کە وای کردووە ژمارەیەکی زۆری خێزانی هەژاری شارەکە نەتوانن پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانیان دابین بکەن."

محەمەد عەلی سەبارەت بە ماوەی هاوکاری کۆکردنەوەکە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەم هەڵمەتەی ئێمە نزیکەی هەفتەیەک دەخایەنێت و هەولدەدەین زۆرترین هاوکاری کۆبکەینەوەو بۆ خیزنە هەژارەکانی شارەکەمان."

سەبارەت بە جۆری هاوکارییەکان چۆنیەتی کۆکردنەوە، محەمەد عەلی وتی: "هاوکارییەنی ئێمە دابینکردنی جل و بەرگ و برێک پارە و پێداویستی جەژنە بۆ ئەو خێزانانەی هەژارن، شێوازی کۆکردنەوەی هاوکارییەکانمان بریتیە لە گەڕان و دیاریکردنی چەند شوێنیک لە چەند گەرەکیکی شارەکە بۆ کۆکردنەوە هاوکاری."

لەکۆتایدا محەمەد عەلی وتی: "داوا لە هەموو هاوڵاتیەکی بەشەرەفی شاری کەرکوک دەکەین بەشداربن لە هاوکاریکردنی خێزانە هەژارەکانی شارەکە بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکانیان لەم دۆخەی ئیستادا."

ز.ش