گوشاریان لێکرد بۆ ئەوەى ببێت بە داعش، بەڵام رووی لە چیا ئازادەکان کرد و بوو بە گەریلا

زیلان جوانڕۆ لەلایەن خاڵەکەیەوە گوشاری لێکرا بەشداری ریزەکانى داعش بکات، بەڵام بەرەنگاریی کرد و لەگەڵ ٢ کچە خاڵۆزایدا بەشداری رێزی یەکینەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە - YRK) بوون.

زیلان جوانڕۆ لەلایەن خاڵییەوە گوشاری لێکرا بەشداری ریزەکانى داعش بێت، بەڵام بەرەنگاریی کرد و لەگەڵ ٢ کچە خاڵۆزایدا بەشداری رێزی یەکینەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە - YRK) بوون. گەریلا زیلان جوانڕۆ چیرۆکی خۆی و چۆنیەتیی بەشداربوونی بۆ ناو ریزەکانى یەکینەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) گێڕایەوە.

زیلان جوانڕۆ لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لە ناو بنەماڵەیەکى فیوداڵ و نەریتیدا گەورە بووە. ئەو تایبەتمەندییەى بنەماڵەکەى کاریگەریی خراپی لەسەر زیلان، دایک و خوشکەکانى دروستکردبوو. زیلان بە ناچار لە بنەماڵەکەیدا گەورە بووە، کە پیاو زۆر تیایدا زاڵ بووە و گوشار و ئەشکەنجەی پیاو تیایدا زۆر بووە. بە تایبەت کاتێک خواستیان لەگەڵ ٢ کچە خاڵۆزاکەیدا بە زۆر هاوسەرگیرییان پێ بکەن. ئەو دۆخەى قبوڵ نەکرد و دەستی بە بەرەنگاری و گەڕان بە دوای رزگاری و ئازادیدا کرد. گەریلا زیلان جوانڕۆ بەمشێوەیە باسی لە دۆخی خۆی کرد:

'دەیانخواست بە زۆر هاوسەرگیریمان پێ بکەن'

"لە ناو بنەماڵەکەمدا ژن بۆی نەبوو قسە بکات. ئێمە لە دۆخێکدا بووین، کە ژن بە چاوی بچووک سەیر دەکرا. زاڵبوونی پیاو زۆر زۆر بوو. ئەو دۆخە کاریگەرییەکى زۆر قورسی لەسەر من و خوشکەکانم و دایکم دروستکردبوو. دۆخی خاڵۆزاکانیشم لە ئێمە باشتر نەبوو. هەم لە ناو بنەماڵەدا بە بچووک سەیر دەکراین و هەمیش بە بەرفراوانى ئەوەمان لە هەموو شوێنێکدا بەسەردا سەپێنرابوو و ئەوەش کاریگەریی زۆر خراپی لەسەرمان دروستکردبوو. دواى ئەوەى خواستیان بە زۆر من و کچە خاڵۆزاکانم شو بکەین، ئێمە ئەوەمان قبوڵ نەکرد و دەستمان بە هەوڵ و گەڕان بە دوای ئازادی و رزگاربوون لەو دۆخەدا کرد".

'هەوڵیاندا بە فێڵ و درۆ بمانبەن بۆ ناو ریزەکانى داعش'

ئەو هەوڵ و گەڕانەیان تەنها بۆ دوورکەوتنەوە بوو لەو دۆخەی بنەماڵەکەیان. لەو دۆخەدا خاڵۆشیان هەلەکەى قۆستبووە و هەوڵیدابوو بە فێل و درۆ و دەلەسە زیلان و خاڵۆزاکەى ببات بۆ ناو ریزەکانى داعش. زیلان و خاڵۆزاکەى لەو کاتەدا نەیانزانیبوو، کە داعش چییە و چ جۆرە رێکخستنێکە، بۆیە قبوڵیان کردبوو.

لەو بارەیەوە زیلان جوانڕۆ وتی "ئێمە نەماندەزانی داعش هەڵگری چ ئایدۆلۆژیایەکە و چی دەکات. لە رێگەى خاڵۆمەوە ئەوانمان ناسی. خاڵۆم بۆ پارە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەیخواست ئێمە بەشداری ریزەکانى داعش ببین. من وامدەزانی خاڵۆم ئەوە بۆ باشیی من و بۆ ئازادیی گەلەکەى دەکات، بۆیە خواستم بەشداری ریزەکانى داعش ببم، چونکە دەمخواست لەو رێگەیەوە ئازاد ببم. لەبەر ئەوە قبوڵم کرد بەشداری ریزەکانى داعش ببم. ئەوە لە کاتێکدا بوو ئەوەى دەیخواست من بەشداری ناو ریزەکانی داعشدا بکات منی بۆ بەرژەوەندیی خۆی هەڵدەدایە ناو ئاگر. بێگومان من و زۆرێک لە گەنجانی هاوشێوەی من فریودرابووین و خرابووینەوە ئەو دۆخەوە، بەڵام شانسی من ئەوە بوو، کە من بزووتنەوەى ئازادیم ناسی".

'جوانڕۆ ناوچەیەکى گرنگ و هەستیارە بۆ دوژمن'

زیلان جوانڕۆ رایگەیاند، لە ناو کەسوکار و دەورووبەرەکەیدا زۆر کەس بەشداری ریزەکانى داعش بوون و هەندێکیشیان بەشداری ریزەکانى بزووتنەوەى ئازادی بوون و وتی "لە ناو بنەماڵەکەمدا زۆرێک لە گەنجان بەشداری ریزەکانى بزووتنەوەى ئازادی بوون، بەشداری ناو فەلسەفەکەى رێبەر ئاپۆ بوون. بەڵام زۆرێکیش لە کەسانى بنەماڵەکەمان و دەورووبەرمان بەشداری ریزەکانى داعش و رژێمی ئێران بوون. نەک تەنها لە ناو بنەماڵەکەماندا، بەڵکو لە هەموو جوانڕۆدا دۆخەکە بەوشێوەیەیە".

گەریلا زیلان جوانڕۆ بەمشێوەیە باس لە بەشداربوونی کەسانێک لە بنەماڵەکەى و لە جوانڕۆ بۆ ناو ریزەکانى داعش دەکات: "رێکخستنی وەهابی و سەلەفی لە جوانڕۆ بەهێزە. یەکێک لەو ناوچانەیە، کە دوژمن وەک ناوچەیەکى گرنگ و هەستیار سەیری دەکات. رژێمی ئێران بۆ ئەوەى جوانڕۆ لەلایەنى کولتورییەوە پاکتاو بکات هەر چیەکى لە دەست بێت ئەنجامی دەدات. بێگومان ئەوەش لەسەرتاسەری رۆژهەڵات ئەنجام دەدات. بەڵام ئەو سیاسەتە بە شێوەیەکى تایبەت لە دژی جوانڕۆ لە بەزرترین ئاستدا بەڕێوەدەچێت. کاریگەریی ئایین زۆر زۆرە. بێگومان ئەو ئایینەى لەوێ باسی دەکەن ئەو ئایینەیە، کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دروستیان کردووە. یانی هیچ پەیوەندییەکى بە ئایینی راستەقینەى ئیسلامەوە نییە. بۆ نمونە ٢ کوڕە خاڵم خۆیان لە کۆبانێ تەقاندەوە، کە لە کۆبانێدا شەڕ بۆ ئازادی دەکرا. بەپێی ئایینی ئیسلام شەڕی ئازادی کارێکى پیرۆزە، بەڵام ئەوان خۆیان لە دژی ئەو شەڕ و تێکۆشانە تەقاندەوە. ئەوە هیچ پەیوەندیی بە ئیسلامی راستەقینەوە نییە، بەڵام مێشکی ئەو گەنجانەیان شۆردوەتەوە و خستونیانەتە سەر ئەو رێگایە. بنەماڵەکان ئاگاداری ئەو دۆخە نەبوون، بەشێکى زۆریان وایاندەزانی رۆڵەکانیان بەشداری ریزەکانى بزووتنەوەى ئازادی بوون، بەڵام دواتر راستییەکانیان بۆ روون بوویەوە".

'شانس و دەرفەتم بۆ رەخسا، کە رێبەرایەتى و بزووتنەوەکەم ناسی'

گەریلا زیلان جوانڕۆ باسی قۆناغی ناسینی فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی "لە راستیدا کاتێک بەشداری ریزەکانى بزووتنەوەى رێبەر ئاپۆ بووم، من هەرگیز رێکخستنم نەدەناسی. هەر بنەماڵەکەشم هەر چییەکیان لە دەست بهاتایە دەیانکرد بۆ ئەوەى ئێمە ئەم بزووتنەوەیە نەناسین. بە تایبەتی رێگایان نەدەدا سەیری تەلەفزیۆن بکەین. لەبەر ئەوەش ئێمە نەماندەزانی رێبەر ئاپۆ کێیە و لەبەر چی لە ئیمراڵییە و بۆ گەریلا لەسەر چیاکانە، ئەوان هەر چییەکیان لە دەست بهاتایە ئەنجامیان دەدا. کاتێک ئێمە بەشداربووین تەنها بۆ ئەوە بەشداربووین، کە لە دۆخە رزگارمان بێت کە تیایدا بووین. یانی ئێمە نەماندەزانی کە دەبێت ئازادی بە چ شێوەیەک بێت. دواى ئەوەى کە بەشداربووین شانس و دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسا کە رێبەرایەتى و رێکخستن بناسین. ئیتر ئێمە ئەو فەلسەفەیەمان باشتر و بەرفراوانتر ناسی".

'تۆڵەى زیلان گابار دەکەمەوە'

گەریلا زیلان جوانڕۆ باسی ئەوەیکرد، کاتی بەشداربوون ئەوەى زۆرترین کاریگەریی لەسەر دروستکردووە شەهیدبوونی زیلان گابار گەریلای هێزەکانى پاراستنى ژن (هەپەژە) بوو، کە لەلایەن خێڵەکەى خۆیەوە لە جوانڕۆ شەهیدکرا. گەریلا زیلان جوانڕۆ وتی "ئێستا لە چیاکانى رۆژهەلاتدا و لە بەشداربوونی مندا کاریگەریی زیلان گابار گەورەتر و گەشاوەتر بووە. ئەوانەى زیلان گاباریان شەهید کرد، جاشە خۆفرۆش و نۆکەرەکان بوون. شەهید زیلان لە دژی ئەو دۆخە خیانەتکارییە بە شێوەیەکى گەورە بەرەنگاری و بەرخودانی کردبوو و دواى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر لە جاش و جەردەوانەکانى کوشتبوو شەهید بوو بوو. ئەوە کاریگەرییەکى زۆر گەورەى لەسەر من دروستکرد. لە ناو بنەماڵەکەماندا نزیکەى ١٢ کەس بەشداری رێزەکانى گەریلا بوون. کاتێک ئێمە بیستمان شەهید زیلان تەنها خۆی لە دژی دەیان جاش بەرەنگاری و شەڕی کردووە، ئیتر ئەرکی تێکۆشان کەوتە سەر شانی ئێمە و ژنان، بۆیە ئێمە خواستمان درێژە بە رێگاکەى بدەین. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بەشداری ریزەکانى گەریلا بووین".

زیلان جوانڕۆ باسی ئەوەشیکرد، کە گەورەترین ئامانجی ئەوەیە تۆڵەی شەهید زیلان گابار بکاتەوە و وتی "لێرەدا سەرەکیترین ئامامانجی من تۆڵەکردنەوەى شەهید زیلانە. ئێمە رێگا نادەین خوێنەکەى بە فیڕۆ بچێت. لەلایەن جاشەکانى سەر بە خێڵەکەى ئێمەوە شەهید کرا. من بۆ ئەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەم  و دەبێت باجەکەى بدەن. ئێمە بڕوامان زۆر گەورە و بەهێزە بۆ تۆڵەکردنەوەى شەهید زیلان. ئێمە تا دوا هەناسە بۆ ئەم ئامانجە تێدەکۆشین".

بانگەواز و داوا لە گەنجان

گەریلا زیلان جوانڕۆ لە کۆتایی وتەکانیدا بانگەواز و داواى لە گەنجانی رۆژهەڵات و ئێران هەبوو و رایگەیاند "بانگەوازم بۆ گەنجانی رۆژهەڵات و ئێران هەیە. بە سیاسەتە فریودەرانەکانى ئێران هەڵنەخڵەتێن. لە بەرامبەر گوشار و ئەشکەنجەی سەر گەلەکەمان بێدەنگ نەبن. بە تایبەتى سیاسەتى دوژمن لە دژی جوانڕۆ ببینن و بەرەنگاری ببنەوە. زۆرێک لە مرۆڤەکان لە تەمەنی منداڵییەوە فێری کاری جاشێتى و نۆکەرایەتى، سیخوڕی، بەسیجی دەکرێن و بۆ ئەو کارە چەپەڵانە بەکاریان دەهێنن. زۆرێک لە گەنجان بۆ ئەوەى بتوانن پارە بۆ کڕینی ماددەی هۆشبەر پەیدا بکەن دەست بە دزی دەکەن. هەندێکیان پارە و زێڕی دایکانی خۆیان دەدزن و دەفرۆشن. با خۆیان نەخەنە ژێر کاریگەریی رێکخستنی بەسیج، وەهابی، سەلەفی و سوپای پاسداران. وەرن و بەشداریی ریزەکانى بزووتنەوەى ئازادی و بزووتنەوەى رێبەر ئاپۆ ببن. ئەو زوڵمە قبوڵ مەکەن. با بێن و ببنە هاوڕێ و هەڤاڵی ئەم ژیانە و بۆ یەکێتی، یەکگرتوویی و خاوەن هەڵوێستبوون لە دژی زوڵم و بۆ دادپەروەری ئەم ژیانە ببینن و هەڵیبژێرن و بێنە ناوی و تیایدا بژین".

ژ.ت

****

****

****

****