گەریلا گیڤارا سنەیی: پەکەکە شانس و دەرفەتێکى گەورەیە

گەریلا پارتیزان گیڤارا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، پەکەکە بیر و رامانی کۆمەڵگەى کوردە. راشیگەیاند، پەکەکە سوپایەکى ئافراندووە، کە ئەوە بۆ گەلی کورد دەرفەت و شانسێکى گەورەیە.

پارتیزان گیڤارا ساڵی ١٩٩١ لە شاری سنەى رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. ئێستا گەریلای هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)یە و رایگەیاند، دەبێت هەموو گەنجانی کورد لەم قۆناغە مێژووییەدا بە ئەرکی خۆیان هەستن.

پارتیزان گیڤارا لە بنەماڵەیەکى وڵاتپارێز لە سنە دایکبووە و پەروەردە کراوە. لەبارەى خەونەکانى خۆی و گرنگیی ئەم قۆناغە مێژوویە و رۆڵی گەنجانی کورد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد و وتی "لە منداڵییەوە خەونم هەبوو، خەونم ئەوە بوو بەشداری ریزەکانى گەریلا ببم و لە پێناو گەلەکەمدا شەڕ بکەم.  ئێستا ئەو خەونەم بەدیهاتووە. مرۆڤ هەر کە رێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەناسێت خۆی بەهێز و بە توانا دەبینێت. ئەو مرۆڤە لاوازەى کە لە دژی زوڵم سەری بەرز نەدەکردەوە، ئیتر بووەتە خاوەن هێز و دەتوانێت لە دژی داگیرکەری شەڕ بکات. بۆ گەنجێکى کورد بەشداریکردن لەم قۆناغە مێژووییەدا بەرپرسیارییەکى ویژدانی و ئەخلاقییە. ئەگەر ئێمە بمانەوێت رۆژێک بەرامبەر بە مێژوو شەرم نەکەین، دەبێت بە هەموو هێزی خۆمانەوە ببینە وەڵامدەری ئەم قۆناغە".

گیڤارا سەرنجی خستەسەر مانای هاوڕێیەتی لە ناو پەکەکەدا و وتی "دەبێت مرۆڤ بژی و ژیانیش ببەخشێت و بیخوڵقێنێت. هاوڕێیەتی لێرە سەربەرزکردنەوە و گەورەکردنی یەکترە. تێگەیشتنێکى بەو جۆرەیە، کە لە یەکتر تێدەگەن و کاتێکیش پێویست بێت خۆیان بۆ یەکتر فەدا دەکەن. هاوڕێیەتی لێرە لەسەر بنەما و پێوەری ئەخلاقی و راستگۆیانە و دروست بونیاتنراوە".

'ئێمە بەڵێن و پەیمانی خۆمان داوە'

گیڤارا رایگەیاند، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بیر و رامانێکى کۆمەڵایەتی و سوپایەکى شەڕکەری بە دیاری بە گەلی کورد بەخشیوە و ئەوەش دەرفەت و شانسێکى گەورەیە. راشیگەیاند "رەنگە هێرشەکان قورستریش ببن، بەڵام ئێمە بە ناوی هەپەگەوە بەڵێن و پەیمانمان داوە، کە لە کوێ دەبێت با ببێت، ئێمە گەلەکەمان و وڵاتەکەمان دەپارێزین. هەوڵ و پەلامارەکانى دوژمن بێ ئەنجامە. بە دڵنیاییەوە ناتوانن بە ئاسانی راستیی پەکەکە و ئەوانەى بڕوایان پێیەتى لە ناویان ببەن، چونکە خاوەنی بۆچوون و بیرێکى مرۆڤایەتیانەن".

بانگەواز بۆ گەنجانی کورد

گەریلا پارتیزان گیڤارا بانگەوازی بۆ گەنجانی کورد هەبوو و داوایکرد "ئەو کوردانەى مافەکانیان زەوتکراوە، بە تایبەتى گەنجان، چییان لە دەست دێت دەبێت لەم قۆناغە مێژووییەدا ئەنجامی بدەن. ئێمە هەرگیز بەم ئەندازەیە لە ئازادیی خۆمانەوە نزیک نەبووین. ئەوەى دەکەوێتە سەرشانمان ئەوەیە، تێکۆشان گەورە و بەرفراوان بکەین و بەشداری ریزەکانى گەریلا ببین".

ژ.ت

****

****

****

****