گەنجانی وڵاتپارێز: چالاکییەکەمان چالاکییەکی پیرۆزە و هەڵوێستێکی نیشتیمانپەروەرانەیە

ڕێکەوتی ٢٧ی حوزەیرانى ٢٠١٩ ز ٦ی پووشپەڕ لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا ٣ هاوڵاتی شەهید بوون و ٥ تریش بریندار بوون کە هەموو ئەندامی یەك خێزانن. چالاکوانى قەڵغانی مرۆیی ئەو هێرشە ئیدانە دەکەن.

 ئەو گەنجانەی بەشدارییان لە چالاکیی قەڵخانی مرۆیی قەندیلدا کردووە لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژی و هێرشەوە و هەروەها لەبارەی داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان، ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوان.

هەر یەکە لە ڕزگار گەرمیانی و کاوە کازم کە دوو گەنجی باشووری کوردستان بوون و لە گەرمیان و  سلێمانیەوە ڕوویان لە قەندیل کردبوو و بەشداریی چالاکیى قەڵغانی مرۆییان کردووە رایانگەیاند: ''ئێمە ئیدانەی ئەم کۆمەڵکوژییانە دەکەین، ڕاستە ئەمانە هێرشێكن، کە دەکرێنە سەر گەلەکەمان و وڵاتەکەمان، بەڵام ئامانجی داگیرکارییەکی زۆر بەرفراوان ئەنجام دەدرێن، بێدەنگیی حکومەتی باشووری کوردستان و هەڵوێستە بەرژەوەندیی پەرستییەکانیان ماییەی قبوڵ کردن نین. ئێمە لێرەوە دەڵێین، خاوەن هەڵوێست بن و بێدەنگیتان بشکێنن. ئێمە وەك گەنجان ئەم کارەی دەستمان پێکرد بە کارێکی پیرۆز و نیشتیمانپەروەرانەی دەزانین".

راشیانگەیاند "لێرەشەوە هێزی پاراستنی جەوهەری باشوووری کوردستان پیرۆز دەکەین و ئیتر هێزێك هەیە کە بەڕاستی و بە ڕووحێکی گەورەوە ئەم گەلە بپارێزێت لەبەرامبەر داگیرکەری و دەبێت گەنجانیش دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئێمە و لەهەمان کاتیشدا بەشداری ڕیزەکانی ''هەپەجە'' ببن  و دەبێت هەموو کەسێک ئەوە بزانێت، کە تورکیا ٤٠ ساڵە بە تەکنیک و هێزی خۆیەوە لەگەڵ پەکەکە شەڕ دەکات، بەڵام بەهێزی پەکەکەی نەوێرا، بۆیە ئەوانەی نۆکەریش دەکەن ناتوانن هێزی پەکەکە لە بن بهێنن''.

 

یەکێکی تر لەم گەنجانەی کە بەشداری چالاکی قەڵغانی مرۆیى بووە گەنجێکی خەڵکی کەرکوك بوو کە ناوی ئامەد دەنیزە و ئەو بەم شێوەییە باس لەم داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەو سیاسەتی داگیرکەری و کۆمەڵکوژییە، کە بەڕێوە دەچێت نەك تەنها بۆ برادۆست و خواکورکە، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە و هەرێمەکان بەڕێوەدەچێت و لە ناوچە دابڕێنراوەکان بە سوتاندنی دەغڵ و دانی هاوڵاتییە کوردەکان دەستی پێکرد و لێرەش بە کۆمەڵکوژی و هێرشی ئاسمانی بەردەوامە، ئێمە وەك گەنجانی وڵاتپارێز لە تەواوی قەزا و ناحیەکانی باشووری کوردستان بەشداری ئەم چالاکییە بووین و  ڕوومان لە قەندیل  و برادۆست کردووە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پشتیوانی خۆمان بۆ گەریلا و بۆ تەاوی هێزە ئازادیخوازەکان دوبارە بکەینەوە، وە لێرەوە ئەمەش دەخەینە ڕوو کە بستێك خاکی خۆمان بۆ داگیرکاران بەجێناهێڵین".

ئەوەشی وت "ئێمە بە بیستن و  بینینی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری باشووری کوردستان جۆش و مۆڕاڵێکی زۆر گەورەمان گرت. داواکارین لە تەواوی گەنجانی کوردستان و باشوور، کە بەشداری ئەم هێزە ببن، چونکە ئەم هێزە لە بەرژەوەندیی هیچ حیزب و لایەنێكدا نییە و تەنها لەبەرژەوەندیی کورد و کوردستاندایە  بۆ پاراستنی خاکەکەمانە. ئەو هێزانەی کە لە برادۆست و خواکورك شەڕ دەکەن لە هەر شوێنێکن کە داگیرکاری هەبێت. لە کەرکوكەوە بگرە ببۆ خواکورک تا دەگاتە خانەقین و جەلەولا و داقوق ئەم هێزانە پاراستنی سنور و خاک دەکەن"..

وتیشی "حکومەتی باشووری کوردستان بەرپرسیاری یەکەمە لەم هێرشانە و خستنە ئەستۆی پەکەکەش خۆ دوور خستنەوەیە لە ڕاستی بابەتەکە. بەم هەڵوێستەیان تەنها دەیانەوێت بەرژەوەندیی خۆیان و دەسەڵات و زیهنیەتیی پیاوسالاریی خۆیان لە ناوچەکەدا زیاتر بکەن.  ئێمە ڕوومان لە حکومەتی عێراقە، کە دەبێت بە ڕێگا فەرمییەکانی خۆیانەوە ڕێگە بەم هێرش و پێشێلکارییانە نەدەن. بۆ بەشێک لە دەسەڵاتدارانی باشووریش دەڵێین، ئەوە نزیکەی ٤٠ ساڵە پەکەکە لەم هەرێمانەدایە و ئەوان زۆر جار لە دژی پەکەکەش وەستاونەتەوە، بەڵام نەیانتوانی شتێک بکەن و ئامانجیشیان ئەوەیە، کە پەکەکە لەم سنوورانەدا دەربخەن و  خۆیان دەسەڵاتداری و زیهنیەتی پیاوسالاریی خۆیان بەهێز و زیاتر بکەن''.  

ر.م