یەکەکانی تۆڵە لە ئامەد لە پاسێکى سەربازییان دا

یەکەکانى تۆڵەى شەهید ساڤاش ئامەد لە ناوچەى یەنیشەهیری ئامەد لە دوو قوڵەوە لە پاسێکى سەربازییان دا. راگەیاندرا، چالاکییەکە بە تەقەمەنی ئەنجامدراوە.

یەکەکانی تۆڵەی شەهید ساڤاش ئامەد رایگەیاند، لە ٢٠ی تەممووزدا لەسەر رێگای سەیران تەپەی یەنیشەهیر لە ئامەد لە دژی پاسێکى سەربازان، کە کاری گواستنەوەی سەربازان بووە بە شەودا، چالاکییەکیان ئەنجامدا.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە دوو قۆڵەوە بە تەقەمەنی چالاکییەکە ئەنجامدراوە و دوای چالاکییەکە ژمارەیەکى زۆر ئامبولانس چوونەتە شوێنی چالاکییەکە، بەڵام ژمارەی بریندارانی ئەو چالاکییە روون نەبووەتەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، یەکەکەیان سەرکەوتوانە و بە سەلامەتی لە شوێنی رووداوەکە دوور کەوتوونەتەوە.

لە راگەیاندراوەکەیاندا هاتووە، ئەو چالاکییە بۆ یادی فەرماندەی پێشەنگیان شەهید ئەسمەر کیار و شەهید ئوڵاش ئادالی ئەنجامدراوە.

ژ.ت