بە کاروانێکی گەورە، تەرمی زەکی چەلەبی بەرەو شاری وانی باکوری کوردستان بەڕێکرا

دوای ئەنجامدانی مەراسیم لە شوێنی تیرۆرکردنەکەی و بەڕێوەچوونی مەراسیمە ئاینییەکان، بەدەم وتنەوەی دروشمی “تۆڵە”، “بمرێ خیانەت” و “شەهید نامرێ”، تەرمی زەکی چەلەبی لە شاری سلێمانیەوە بەرەو شاری وانی باکوری کوردستان بەڕێکرا.

کاروانێکی دەیان ئۆتۆمبێلی لە کەسایەتیی سیاسیی و ئاینیی، هونەرمەندان و وڵاتپارێزان، بۆ بەڕێکردنی تەرمەکە لەڕێگادان و بڕیارە تا سەر سنوور، هاوڕێگای کەسوکار و هاوڕێکانی زەکی چەلەبی بن.

تەرمی زەکی چەلەبی، لە زێدی خۆی لە شاری وانی باکوری کوردستان بەخاک دەسپێردرێت.

درەنگانی شەوی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢ زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکوری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی، لەلایەن دوو کەسەوە لە شەقامی سەرەکیی بەختیاریی تەقەی لێکرا و بریندارکرا، دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٧ کاتژمێر لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

ف.ق