بنەماڵەی شەنیاشار لە لە ٨٠٠ەمین رۆژی چالاکییەکەیاندا کۆنفرانسی رۆژنامەوانیان سازکرد

ئێشکگریی دادپەروەری بنەماڵەی شەنیاشار لە رحا پێیناوەتە ٨٠٠ەمین رۆژ. بنەماڵەی شەنیاشار جارێکیتر جەختیان لەوەکردەوە کە تا جێبەجێکردن و چەسپاندنی دادپەروەری بەشێوەی پێداگرانە درێژە بە تێکۆشانەکەیان دەدەن.

لە ١٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨دا خزم و پاسەوانەکانی پەرلەمانتاری ئاکەپەی رحا ئیراهیم خەلیل یەڵدز لە ناوچەی پرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە هێرشەکەدا هاوسەر و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار کوژران. ئەمینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی کە لە کۆمەڵکوژیەکەدا بە برینداری رزگاری ببوو، لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای رحا دەستیان بە ئێشکگریی دادپەروەری کرد. چالاکی بنەماڵەکە ٨٠٠ رۆژە بەردەوامە. سەندیکای پارێزەران لقی رحا، ئەندامانی لقەکانی کۆمەڵەی مافناسان لەپێناو ئازادی (ئۆهەدە) و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)ی رحا بەشدارییان لە چالاکی ئێشکگریی بنەماڵەکە کرد کە ٤٠٠ رۆژی تێپەڕاندووە. جەماوەر لە بەردەم دادگا پلاکاردێکیان هەڵواسی کە لەسەری نوسرابوو (پێنج ساڵە داوای دادپەروەری دەکەین".

لە چالاکیەکەدا سەرەتا پەرلەمانتاری رحای پارتی چەپی سەوز فەرید شەنیاشار قسەی کرد و باسی لەوەکرد کە تێکۆشانی ئەوان، چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری ٨٠٠ رۆژی تێپەڕاندووە و رایگەیاند: "گەورە و پێشینیانمان دەڵێن لەکوێ لێتان ونبووە لەوێ بگەڕێن، ئێمەش لە بەردەم ئەم بینایە دادپەروەریمان بزرکردووە و لێرە بەدوایدا دەگەڕێین. سێ ئەندامی بنەماڵەکەمان لە بەردەم نەخۆشخانەی دەوڵەت لە پرسوس کوژران. ئەو کۆمەڵکوژیە بە بەرچاوی کامێرا و هەموو کەسەوە ئەنجامدرا. بەڵام تائێستاش تۆمارەکانی نەخۆشخانە رادەستی دادگا نەکراون. تا چەسپاندنی دادپەروەری ئێمە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. ئەگەر لەسایەی تێکۆشانی ئێمە نەبوایە ئەو کۆمەڵکوژیە دەبووە تاوانی بکەر نادیار. تۆماری پۆلیسمان بە دەستەوەیە و پاڵپشت بەو تۆمارانە سکاڵا دەکەین. ئەو داواکارە گشتییەی ٤ ساڵە هیچ هەنگاوێکی نەناوە ٥ ساڵە براکەمی لە ژووری تاکەکەسیدا راگرتووە".

فەرید شەنیاشار لە درێژەدا هێمای بۆ ئەوەشکرد کە تێکۆشانی ئێشکگریی دادپەروەرییان لە پەرلەمانیش بەردەوام دەبێت و وتی، "دایکم بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە هەفتانە سێ رۆژ لەبەردەم دادگا درێژە بە چالاکیەکەی دەدات. منیش هەفتەی سێ رۆژ لە ئەنقەرە دەبم و چالکیەکەم لەوێ درێژە پێدەدەم. لەو بڕوایەدام کە رێکخراو و دامەزراوە مەدەنیەکان لە رحا ئەم دایکە بە تەنیا جێناهێڵن".

دواتر دایکە ئەمینە شەنیاشار قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو کە بکوژانی بنەماڵەکەیان بە ئازادی دەسوڕێنەوە و وتی: "رۆڵەکەم ٥ ساڵە لە ژووری تاکەکەسیدایە. بەڵام بکوژانی بنەماڵەکەمان بە ئازادی دەسورێنەوە. بۆچو بکوژان ناگرن؟ ئەمە چ دادپەروەرییەکە؟ ئیتر بەسە با کوڕەکەم ئازاد بکەن. با تۆماری کامێراکانی نەخۆشخانە بڵاوبکەنەوە و هەموو دنیا کۆمەڵکوژیەکە ببینێت".

کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە بە دروشمی "ماف راستی دادپەروەری" کۆتاییهات.

هـ . ب