'ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تاکە هێزە بۆ گۆڕینی جیهان'

لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیار، سیمینارێک دەربارەی هێز و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخرا. لە سیمینارەکەدا گوتیان، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاکە هێزە بۆ گۆڕینی سیستەمی جیهان.

سیمینارەکە بە ناونیشانی «ڕۆژبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بونیادنانەوەی ژیانی ئازاد و شکۆی مرۆڤایەتییە»، بە سەرپەرشتی کۆمیتەی ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (RJAK)، لە هۆڵی خاک بە بەشداری دەیان کەسایەتی و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار بەڕێوەچوو.

لە سیمینارەکەدا کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەهید ڤیان و ساکینە جانسز بەسەر ئامادەبووان دابەشکرا.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، مامۆستا محەمەد بەکر سیمینارەکەی پێشکەشکرد.

«کاتێک هاتەبوون، جیهان نوقمی قەیران بوو»

مامۆستا محمەد بەکر ئاماژەی بە قۆناغی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و گوتی: «لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەوێتە قۆناغێکەوە کە مرۆڤایەتی نوقمی قەیرانی ئاڵۆز و قووڵ بوو. سیستەمی دوو جەمسەری، جیهانی خستبووە نێو دۆخێکی ئاڵۆز و نالەبارەوە. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەم قۆناغەدا هاتەبوون. لێرەدا گرنگە بزانین، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان چۆن ژیا؟ چۆن بوو بە ڕێبەرێکی مەزن؟ چۆن بووە وەڵامێک بۆ ژیان؟ فەلسەفەکەی لەمەڕ ژیان و جەنگ و ئاشتی کامەیە؟».

«ڕێبەر تاکە هێزە بۆ گۆڕینی جیهان»

مامۆستا محەمەد ئاماژەی کرد بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: «ئەو کەسانەی تێزەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیان نوسی و پێشکەشی مرۆڤایەتییان کرد، ئەگەر تێی نەگەن و لێی قووڵ نەبنەوە، تەنانەت ناتوانن لە لەدایکبوونیشی تێبگەن. تەنانەت ئەگەر ماناشی پێبدەن، هێشتا تێگەیشتن لێی زەحمەتە. ئەمڕۆ، ملیۆنان کەس لە سەرتاپای جیهان، ڕێبەر وەک تاکە هێزی گۆڕانکاری دەبینن، نەوەک تەنها بۆ کوردستان و ناوچەکە، بەڵکو بۆ گشت جیهان».

هەر ئەو توانای گۆڕینی جیهانی هەیە. ئەوانەی ڕێبەر و شوێنکەوتەی فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانن، بە گیان و جەستەی خۆیان بەرخۆدان دەکەن؛ هەروەها چەندین زانا و فەیلەسووفی جیهان دووپاتی دەکەنەوە تاکە کەس بتوانێت لەم قۆناغەدا جیهان بگۆڕێت هەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە، هەروەها دامەزراندنی سیستەمی نوێی جیهان هەر لەڕێگەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە ڕێی تێ دەچێت».

«فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆتە ژیانی ملیۆنان کەس»

مامۆستا محەمەد گوتی، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەڕێگەی دامەزراندنی پەکەکەوە بە درووشمی «بەرخۆدان ژیانە»، توانی هەبوونێک بنیات بنێت، هەروەها گوتی: «فەلسەفەی بەرخۆدان ژیانە بۆتە ژیانی ملیۆنان کەس. لەسەر ئەم بنەمایە، ئامادەیە گیانی خۆی بەخت بکات. ڕێبەر لەڕێگەی دامەزراندنی پەکەکەوە بووە خوڵقێنەری هەڤاڵ زیلان و شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەل. بووە خوڵقێنەری عەگید. سوپای دامەزراند. سیروان و ڤیان و هەڵمەتی خوڵقاند. هەموو ئەمانە بەرهەمی دامەزراندنی پەکەکەیە».

بە بەشداری و هەڵسەنگاندنی ئامادەبووان، سیمینارەکە کۆتاییهات.