لە مەنبەج ١٧ چەتەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کوژران

مەجلیسی سەربازیی مەنبەج ڕایگەیاند لە زنجیرە چالاکییەکانی هێزەکانیاندا ١٧ چەتەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەربارەی چالاکییەکەی هێزەکانی مەجلیسی سەربازیی مەنبەج دژی مۆڵگەی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندەواری ڕۆژئاوای مەنبەج ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

قەسەدە دەڵێت: " لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرش و تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی و لە دوایینیشدا کۆمەڵکوژی گوندی "فاتسە" لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی عەین عیسا، ٣ منداڵ کوژران، لە کۆمەڵکوژی دووبارەی دژی گەلی کۆچبەرمان لە هەرێمی شەهبا و وەک تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی گوندی "عەبدوکێ"، هێزەکانمان بە هەموو یەکە سەربازییەکانیان زنجیرەیەک چالاکیی سەرکەوتوویان ئەنجامدا. لەو چالاکییانەدا مۆڵگەی داگیرکەران و چەتەکانیان لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکوری سوریا کرانە ئامانج.

ئاماری چالاکییەکان

لە ٢٤ی ئەم تشرینی دووەم، هێزەکانمان لە مەجلیسی سەربازی مەنبەج چالاکییەکی تایبەت و بەرفراوانیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا مۆڵگەی چەتەکانی سوپای تورک لە گوندی بوەیهیج ئەلعەجەمی کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری مەنبەج، لەلایەن شەڕڤانانمانەوە کرایە ئامانج. لەم چالاکییانەدا تاکتیکی هەڵکوتانە سەر و نیشانەشکێن و بۆسەدانان بەکارهێنرا و لە ئەنجامدا مۆڵگەی چەتەکان و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان تێکشکێنران. هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک لە چەکەکانیاندا گیرا.

ئەم چالاکییە کە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا، مۆڵگەیەکی تایبەتی کردە ئامانج. هێزەکانمان چوونە ناو مۆڵگەی چەتەکان و تاروماریان کردن. لەوێ شەڕێکی دژوار ڕوویدا و لە ئەنجامدا شەڕڤانانمان ترسێکی گەورەیان لە دڵی چەتەکاندا چاند. بەم شێوەیە هێزە چەتەکان بڵاوەیان کرد و ژمارەیەکیان کاتێک هەوڵیاندا لە لێدانی شەڕڤانانمان ڕزگاریان بێت، کەوتنە بۆسەیەک و گورزی توندتریان خوارد.

شەڕڤانانمان کە لە سەرەتای شەڕەوە دەستپێشخەریی هێرشیان لە دەست خۆیاندا هێشتەوە، ڕیزەکانی چەتەکانیان بڵاوەپێکرد و نەیانهێشت کە دووبارە خۆیان کۆبکەنەوە. هەروەها هەوڵی هەڵاتنیان ڕزگاری نەکردن لە گورزی شەڕڤانانی ئێمە. دوای ئەوەی چالاکییەکە گەیشتە ئامانجی خۆی، شەڕڤانانمان چوونە سەر تەرمی هەموو چەتەکان کە لەناوەوە و دەرەوەی مۆڵگەکە کوژرابون. ئەم گرووپە چەتەیەی کە فەرماندەکانیان هەڵاتن، ئیرادەی شەڕکردنیان شکا و بەتەواوەتی تێکشکێنران.

لە ئەنجامی ئەم چالاکییەکەدا ١٧ چەتە کوژران کە هەندێکیان فەرماندە بوون و ٦ چەتە بە سەختی برینداربوون. هاوکات ٢ ئۆتۆمبیل و ٣ مۆڵگەی سەربازی تێکشکێنران و شەڕڤانەکانمان ٩ چەک لەوانەش تۆپهاوێژ و ژمارەیەک بەڵگە و تەلەفۆنی چەتەکانیان دەست بەسەردا گرت.

ئەم چەتانە کە پاشماوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشن و خراپەکاری گەورەیان لە هەرێمەکەدا ئەنجامداوە، هەروەها لە شاری باب ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی ئەوان بەڕێوەچوو، وە ئێش و ئازاری زۆریان بۆ گەلەکەمان هێنا، لەکۆتاییدا بە چارەنووس و سزای پێویستی خۆیان گەیشتن.

دوای کۆتایی هاتنی چالاکییەکە و گەیشتن بە ئامانجەکانی، شەڕڤانانمان بەبێ هیچ زیانێک گەڕانەوە بۆ بنکەکانی خۆیان.

ئێمە وەک هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) چەندین جار جەختمان لەوە کردووەتەوە کە مافی ڕەوای خۆمانە بەرامبەر هەر جۆرە هێرش و تاوانێکی داگیرکەر و چەتەکانی وەڵامی گونجاو بدەینەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، کات و شوێنی گونجاومان هەڵبژارد و وەڵامی پێویستمان بە داگیرکەران و نەیارانی گەلەکەمان دا. ئەم چالاکییە نیشانەی دڵسۆزی و قارەمانێتی شەڕڤانانمان بوو بۆ پاراستنی گەلەکەمان و تۆڵەسەندنەوەی ئەو تاوانانەی کە داگیرکەر بەرامبەر گەل ئەنجامی داوە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەو شەڕڤانانەمان دەکەین لەم چالاکییەدا بەشداربوون، شانازی و سەربەرزی خۆمان بە چالاکییەکەیان نیشان دەدەین. ئەم چالاکییە لە لاپەڕە شکۆدارەکانی تێکۆشانمان دژی پاشماوەکانی داعش و چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەنووسرێتەوە.