هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری پەدەکە سەربازێکی زۆری بە کەرەستەی سەربازی و چەکی قورسەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک جێگیر کردووە و لە چەند شوێنێک بازگەی داناوە و داوای ناسنامە لە هاوڵاتیان دەکات. تا دێت ناڕەزایەتی دژی بە داگیرکارییەکە و بێدەنگی هێزە سیاسییەکان و دەسەڵات زیاتر دەبێت.
لەم بارەیەوە بەرپرسی لقی دهۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەگڤان ئەرتیسی بە ڕۆژنامەی هاوڵاتی ڕاگەیاندووە ئەم لەشکرکێشییە مەترسییەکی مەزنە و دەڵێت: بە زەبر نەبێت زەحمەتە تورکیا ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات کە لەئێستادا تێیدان".
بەرپرسەکەی زەحمەتکێشان جەخت دەکاتەوە دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی داگیرکەرە و لەسەر بنەمای داگیرکاری بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات، دەڵێت: "تورکیا هەر جێگەیەک داگیربکات بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت، کولتوور و هونەر و زمانی خۆی دەسەپێنێت".
سەگڤان ئەرتیسی دووپاتی دەکاتەوە ئەگەر حزبەکان بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان بخەنەلاوە، دەتوانن بە یەکگرتووی ڕێگری لەم داگیرکارییە بکەن.