بوڵدان: ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی سەرکەوتن دەبێت
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، "ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی بەرخۆدان بوو، ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی سەرکەوتن دەبێت".
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، "ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی بەرخۆدان بوو، ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی سەرکەوتن دەبێت".
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆبونەوەی پارتەکەیدا لە پەلەمان قسەی کرد و باسی پرسەکانی رۆژی کرد. بوڵدان باسی گۆشەگیرکردنی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، رێککەوتنی ئەستەنبوڵ، کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس و داخستنی پارتەکەیان کرد.
بوڵدان رایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی زۆر سەخت بوو و بە خەبات تێپەڕی و وتی: ساڵی ٢٠٢٢ ئەو ساڵە بوو کە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە وڵاتی بەرەو شکستێکی گشتی برد. شەڕ گەیشتە بەرزترین ئاست. قەیرانی ئابووری قووڵتر بووەوە. ماف و ئازادیەکان پێشێلکران. ژیان رۆژانە رووبەڕووی هێرش دەبووە. دەستکەوتەکانی ژنان یەک بە یەک دەستیان بەسەردا گیرا و سیاسەتی دیموکراسی رێگری لێکرا."
بوڵدان ئەوەی خستەڕوو کە بەدرێژایی ساڵ هێرش دژی ئۆپۆزسیۆن هەبووە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "لە پلەی یەکەمدا هێرشیان کردە سەر هەدەپە و تەواوی ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی رووبەڕووی دەستگیرکردن و گرتن، هێرشی جەستەیی، دۆسیەی کۆمپاس بوونەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان قووڵتر و توندتر کرا. هەموو ڕێگاکانی چارەسەری و دیالۆگ کە بەرەو بەڕیز ئۆجالان دەڕۆیشتن داخران. عەقڵیەتی حکومەت ساڵی ٢٠٢٢ی کردە ساڵێکی تاریک بۆ ئێمە، پڕ بوو لە خراپەکاری، نادادپەروەری، جیاکاری و نایەکسانی.
بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هەموو هێرشەکان، ساڵی ڕابردوویان بە خەبات بەسەر برد و وتی: بێگومان خەباتی ئێمە لە دژی هێرشەکان، کە لەلایەن هێزەکانی دیموکراسی و کرێکاران و رەنجدەران و ژنان و گەنجانەوە ڕێکخرابوو، فراوانتر بوو و ساڵێک بوو هیواکانی دیموکراسی دەستی بەسەردا گیرا. ئێمە ڕووناکیمان لە دژی تاریکی دروست کرد. ئومێد و بوێریمان دروست کرد. سەرمان بەرزکردەوە و هاودەنگیمان زیاتر کرد. هاوکاری و هاوپەیمانی خەباتگێڕانەمان فراوانتر کرد. ئێمە داوای ئازادی و دادپەروەری و ئاشتیمان لە هەموو شوێنێکی تورکیا دەربڕی. له هەموو بەشێکی وڵات لەبەرامبەر تاڵانکردنی سروشت و دەستبەسەرداگرتن و قۆرخکردنی ماف و یاسا وەستاینەوە . هەموو بوارێکمان کردە گۆڕەپانی خەبات دژ بە بەربەستی ئازادی و هێرش بۆ سەر سیاسەتی دیموکراسی. ئێمە ڕێگەمان بە فاشیزم نەدا”.
بوڵدان سەرنجی بۆ بەرخۆدانی ژنان ڕاکێشا و وتی: ژنان ملکەچی هێرش و توندوتیژیەکان نەبوون. گەنجان و ژنان بوونە هیوای کۆمەڵگا. ژنان هێڵێکی خەباتیان لە دژی سیاسەتەکانی شەڕ پێکهێنا. خەبات و خۆڕاگری ژنان سنوورەکانی تێکشکاند. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە دەنگ و رەنگی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە هەموو شوێنێکی جیهان بڵاوبووەوە و دەنگیدایەوە.
بوڵدان سەرنجی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەستەنبوڵ راکێشا و ڕایگەیاند کە دەستبەرداری رێککەوتنی ئەستەنبوڵ نابن و لە رێگەی خەبات و خۆڕاگرییەوە جارێکی دیکە رێککەوتنی ئەستەنبوڵ دەهێننەوە و سەردەکەون.
بوڵدان سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان باسی لە خەباتی هەدەپە کرد و وتی: هەدەپە بووەتە ترسێک لە دڵی دەسەڵاتدا. چونکە زۆر لە تیکۆشان و هێزی ئێمە دەترسن. چونکە سەردەمی هەدەپە دێت. هەدەپە پارتی ژنانە، بۆیە ئاکەپە-مەهەپە لە ئێمە دەترسن. کۆتایی بەم دەسەڵاتە دەهێنین. رێپێوان دەکەین. ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی ژنان دەبێت.
بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە هەدەپە سەرەڕای هەموو هێرشەکانی فاشیزم هێشتا زیندووە و لەسەر پێی خۆیەتی و هەرچەندە هێرشەکان زۆر بوون، بەڵام هەدەپە لەسەر پێی خۆی وەستا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا. بوڵدان ڕایگەیاند کە لە ٨ی ئازار، نەورۆز و ١ی ئایاردا پێکەوە دژی فاشیزم وەستاینەوە و بە ڕۆحی نەورۆزەوە خۆیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئامادە دەکەن. بوڵدان باسی لەوەشکرد، ئەو هاوڕێ سیاسیانەی کە لە دۆسیەی کۆبانێدا دادگایی دەکرێن، بە بەرگرییەکانیان دۆسیەکەیان پووچەڵ کردەوە و نەیانهێشت راستییەکان دادگایی بکرێن و بە سەربەرزی بەرخۆدانیان کرد.
بوڵدان سەرنجی بۆ دووەم کۆمەڵکوژی پاریس ڕاکێشا و وتی: ئەم دەسەڵاتە لە هەموو شوێنێک دوژمنایەتی کورد دەکات. دەیانەوێت لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا درێژە بە شەڕانگێزی و دوژمنایەتی خۆیان بدەن. بۆ ئەوەی کورد لە هیچ شوێنێکی جیهان ئیرادەی نەبێت، ئەم دەسەڵاتە هەموو شتێک دەکات. ماوەیەک پێش ئێستا هێرشیان کردە سەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا. لەم هێرشەدا دەستی دەسەڵات هەیە. هاوشێوەی کۆمەڵکوژی پاریس لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣. جارێکی تر بە ڕێزەوە یادی شەهیدان دەکەمەوە. لە کوێی جیهان بیت، کورد ملکەچ نابێت. ئێوە ناتوانن ئیرادەی کورد لەناوببەن و هەرگیز ناتوانن لەناویان بەرن. ئیرادە و یەکگرتوویی کورد لە پاریس، ئەنقەرە، ئەستەنبوڵ، ئامەد و ڕۆژاڤا وەک یەکە. ئێدی ئێوە لەمە تێدەگەن و پیویستە باوەڕیشی پێبکەن. جارێکی تر جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت ئەم کۆمەڵکوژییە بە هەموو لایەنەکانیەوە ڕوون بکرێتەوە و هەموو پەیوەندییە شاراوەکانی ئاشکرا بکرێن. ئەمەش لە ئەستۆی دەوڵەتی فەرەنسادایە. تا کۆتایی بەدواداچوون دەکەین”.
لە درێژەی قسەکانیدا بوڵدان وتی: ناتوانن بە دوژمنایەتی کورد، بە ئۆپەراسیۆنی سیاسی، بە دادگاییکردنی پیلانگێڕی، بە سیاسەتی کودەتا سیاسەت و داهاتوو بنیات بنێن. هێزی سەرەکی کە ئەمڕۆ و سبەی لە قاڵب دەدات، خەبات بۆ سیاسەتی دیموکراسییە، خەبات بۆ ئاشتییە کە ماندوونەناسانە بەردەوامین. ئەوانەی بەرخۆدان دەکەن، ئەوانەی تێدەکۆشن، ئەوانەی باج دەدەن، پێناسەی مێژوو دەکەن. ئایندە دیاری دەکەن. کورد نەتەوەیەکی شەرەفمەندە کە مێژوو دیاری دەکات و ئایندەش دیاری دەکات. بەرەی دەسەڵات کە پێی وایە بە داخستنی هەدەپە، بە پیلان و رێگریکردن و ئۆپەراسیۆنی سیاسی، سەرکەوتنێکی سیاسی بەدەست دەهێنێت، دەبێت زۆر باش بزانێت کە هەدەپە رێگە نادات ئێوە سەربکەون.
مەرج نییە کۆمەڵگا کڕنۆش بۆ ئەم نادادپەروەرییە ببات. پارتەکەمان کە نوێنەرایەتی ڕێگای سێیەم دەکات، جێگرەوە و هیوایە. بە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، بە هاوپەیمانی کورد هیواکان فراوانتر بوون. ئێمە هەمیشە دەنگی ئەو گەل، ژن، گەنج و ئایین، کرێکار، رەنجدەر و کەسانێک دەبین کە ناویان ناهێنرێت. لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ؛ داهاتوو و ئەمڕۆ وتمان لێرە دەبین و لە داهاتووش هەر لێرەین. ئێمە ئەمڕۆ بە هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان دەڵێین 'بەیەکەوە سەردەکەوین'. دژی ئەو کەسانەی کە هەوڵی لەناوبردنی ئێمە دەدەن بەوپەڕی دەنگی خۆمانەوە هاوار دەکەین و دەڵێین؛ ئێمە هەبووین، ئێمە هەین، ئێمە دەبین و ئێمە زۆر بەهێزتر دەبین.
ئێەم ئەمڕۆ دەست پێدەکەین و دەڵێین، ساڵی ٢٠٢٣ دەکەینە ساڵی دیموکراسی. دەکەینە ساڵی ئازادی و ئاشتی. دەکەینە ساڵی تێکۆشان و بەرخۆدانی گەورەتر و بەهێزتر. ئەم ساڵ ساڵی ئێمەیە. دەبێتە ساڵی گەلان، ژنان و گەنجان. هەروەها ئەمساڵ دەبێتە ساڵی کورد و هەدەپە."
ف.ق